بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئێوارەی ڕۆژی ۲۵ی ۱ی ۲۰۲۴، به مووشهک هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قهزای چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان. بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کورت کارکردن لە کێڵگەکە ڕاگیرا و بووە مایەی بڕانی وزەی کارەبا لەناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان.
پێشتر و بەپاساوی بوونی بنکەی دهزگای ههواڵگریی ئیسرائیل -موساد- لە هەولێر، ڕۆژی ۱۵ی ۱ی ۲۰۲۴، سوپای پاسدارانی ئێران بەچەند مووشەکێکی بالیستی ماڵی سهرمایهدارێکی ههولێری کرده ئامانج بهناوی پێشڕە و دزەیی، بههۆی هێرشکهوه پێنج هاوڵاتی گیانیان لهدهستدا و شەش هاوڵاتی دیکەش برینداربوون.
کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) ئەمریکی دەڵێت، "ئێمە لە ساڵی ۲۰۰۶وە چاودێری بۆردوومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران دەکەین لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە ئەو دوو وڵاتە بەپلان دەیانەوێت ئەو شوێنانە بەئامانج بگرن کە کۆڵەکەی ئابوورین و تەنانەت کەسانی بازرگان و سەرمایەدارانیش بە ئامانج دەگرن".
ناوبراو دهشڵێت، "هێرشەکردنە سەر کۆرمۆر شتێکی نوێ نەبوو، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا ۱۱ جار هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر، تەنانەت ئەو دوو وڵاتە بزنسی بچووکی هاوڵاتیانیشیان بەئامانج گرتووە، بۆ نموونە لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی تورکیا لە ساڵی ۲۰۲۱ پڕۆژەی ئاوی (بازف) کە ئاوی بۆ ۱۰ گوندی بەرواری باڵا دابین دەکرد ئەو پڕۆژەیە بەئامانج گیرا، هەر لەهەمان ساڵدا پڕۆژە گەشتیارییەکان بەئامانج گیرا".
ئاماژه بۆ ئهوهش دهکات، "هەر بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە ۲۲ هەزار زەوی کشتوکاڵی لەو ناوچانەدا سووتان، لە ساڵی ۲۰۰۷وە تا ئەم ساڵ یەک ملیۆن و ۸۰۰ هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بۆردوومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە سووتاون، ۱۸۰ گوند بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە چۆڵ کراون، لەئێستاشدا ۶۰۰ گوند لەژێر مەترسی چۆڵکردندان، بۆیە تورکیا و ئێران بەئەنقەست ئەو شوێنانە بۆردوومان دەکەن کە بڕبڕەی پشتی ئابوورین و دەبێتە هۆی ئیستقرارییەتی سیاسی."
له لێدوانهکهیدا بۆ دهنگی ئهمریکا، ئەندامهکهی تیمی عێراقی ڕێکخراوی (CPT) وتوویهتی: "ئێمە هیچ زانیاریمان نییە کە ئەو هێرشەی کۆرمۆر کێ ئەنجامیداوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەگەر گرووپەکانی سەربە ئێران یان سەربە تورکیاش ئەنجامیان دابێت دەستێکی هەرێمی تێدایە بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا، لە ساڵی ۲۰۲۲شدا ۷۰۰ کورەی هەنگەوانی بەخێوکردنی هەنگ کە بزنسی بچووکی هاوڵاتیانە لە قەزای ئامێدی لەلایەن تورکیاوە بەئامانج گیراون."
بهوتهی ئهو، "ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت دەکرێت لە داهاتوودا پڕۆژەی گەورەی ئابووری و وێستگەی گەورەی بەکارهێنانی کارەباش بەئامانج بگیرێت هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناغە."
کامەران عوسمان ئاماری هێرش و بۆردوومانهکانی تورکیا و ئێران بۆ سهر ههرێمی کوردستان بهمشێوهیه دهخاتهڕوو، "لە ساڵی ۲۰۲۳دا، ئێران ۱۰۱ جار بۆردوومانی کردووە، تورکیا ۱۵۴۸ جار بۆردوومانی کردووە".
ناوبراو بهپێویستی دهزانێت که، "چۆن شکایەت لە ئێران دەکرێت لەسەر هێرشەکەی هەولێر ئاواش پێویستە شکایەت لە تورکیا بکرێت، دەبێت حکوومەتی هەرێم بەهەماهەنگی لەگەڵ بەغداد لەڕێگای دیپلۆماسیەوە ئەم سکاڵایانە تۆمار بکات کە لەو بۆردوومانانەدا تاوانی جەنگیش ئەنجامدراوە، بۆ نموونە له ساڵی ۲۰۲۱ لە دەڤەری بەرواری باڵا ئێمە خۆمان چووینە نەخۆشخانە و شاهێدحاڵ بووین کە بریندارەکانی بۆردوومانەکەی تورکیا لەو ناوچەیە بە غازی قەدەغەکراو بریندار ببوون".
Your Comment