بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەنووس قەنتە ئەحمەد پزیشک لێکۆڵەری باڵای «Independent Women’s Forum» و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا؛ ڕایگەیاند: لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا ۱۰۰ هەزار هێزی پشتیوانیمان هەیە، ۷۰ هەزار کەسیان جەنگاوەر و ۳۰ هەزاری تریان پۆلیس و ئاسایشن و بەرپرسن لە پاراستنی ناوچەکانیان. یارمەتی ئەمریکا زۆر پێویستە بۆ لامەرکەزی دەسەڵات لە سووریا.
مەزڵووم عەبدی باسی لەوەشکرد، لەوکاتەوە ئەحمەد شەرع دەناسین کە فەرماندەی دەستەی تەحریر شامە، ئەزموونی پێشوومان پێکەوە هەیە، زۆر باش سروشتی هێزەکانی دەزانین. بەڵام ئاڵنگاری گەورە هەیە لە تێکەڵکردنی هێزەکان، چۆن دەکرێت کەتیبەیەکی ژنان تێکەڵ بکەن لەکاتێکدا ئەوان (مەبەستی حکومەتی سووریایە) کەتیبەی ژنانیان نییە.
مەزڵووم عەبدی لەبارەی ڕژێمی پێشوی سووریاشەوە دەڵیت، "ئێمە دەزانین هەندێک لە ئەفسەرانی پێشوی ڕژێم لە دەرەوەی وڵاتن و، پێشتر پەیوەندییان پێوەکراوە پێدەچێت لە هەوڵی دروستکردنی گروپی بە وەکالەتدا بن".
دەشڵێت، "نازانم ئەحمەد شەرع بەهێزتر دەبێت یان لاواز، ئەمە لەسەر خۆی وەستاوە، ئایا عەقڵانی دەبێت. ئەگەر پێداویستییەکانی گەلی سووریا دابین بکات سەردەکەوێت. ساڵی ۲۰۲۶ یەکلاکەرەوە دەبێت".
فهرماندهى گشتیى ههسهده باسى لهوهش كردوه: "ئهحمهد شەرع کاردەکات بۆ قایلکردنی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی پێدانی هەلێکی نوێ بە سووریا، بەڵام نیگەرانی گەورە هەیە لەڕاستیدا، لەلازقییە دوو هەزار عەلەوی کوژران،لە سوەیدا ههزار دروزی کوژران، تۆمارە ڤیدیۆییەکانی کۆمەڵکوژی دروزەکانیش، پەیامێک بوو كه کورد ئامانجی دواترە".
ئاماژەی بەوەشکرد، چاومان بە تۆم باراک، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ سووریا و سوپای ئەمریکا کەوت، گفتوگۆمان کرد لەبارەی تێکەڵبوونمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی سووریا و سوپای نیشتمانی و وەزارەتی ناوخۆی سووریا. رێککەوتوین لەسەر هێشتنەوەی سێ فیرقەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و دو کەتیبەی تایبەت، یەکێکیان بۆ پاراستنی ئاسایشی سنوور و ئەوی تریان کەتیبەیەکی ژنانەو، هەمومان بەشێک دەبین لە وەزارەتی بەرگریی.
عەبدی ئهوهشى وت: "عەلەوییەکان و دروزەکان پاڵپشتی هەسەدە دەکەن، وەک چۆن عەرەبە سووریە عەلمانییەکان پاڵپشتیمان دەکەن، سوریا ئێستاو پێش شەڕی ناوخۆش توندڕەو نەبوە، بەڵام شەڕی ناوخۆ لەهەموو جیهانەوە توندڕەوەکانی هێناوەتە سوریا بۆ شەڕکردن".
وتەکانی مەزڵووم عەبدی لەکاتێکدایە کە پێشتر ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) ڕایگەیاند، سەرۆکی کاتی سووریا نەرمی نواندوە لە پرسی لامەرکەزیدا، بە مەرجێک بەو ناوە ئاماژەی پێنەکرێت، ئەوەش یاریکردنە بە زاراوەکان بەبێ هیچ پابەندبونێکی راستەقینە. دەشڵێت، "دوای سەردانەکەی شەرع بۆ ئەمریکا گفتوگۆکان راگیراون و لەو کاتەوە وەڵامیان نەداوینەتەوە، هەروەها پەیامەکە ڕونە و دەڵێن؛ سووریا بەجێبهێڵن، جیاببنەوە، بە ڕێگای خۆتان بڕۆن".
Your Comment