کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن لە پەراوێزی کارەکانی "کۆڕبەندی دەوحە"، لەگەڵ تۆماس باراک کۆ بووەوە و لە میانەی دیدارەکەدا، باسی لەو قۆناغانە کرد کە عێراق پێیدا تێپەڕیوە تا گەیشتن بە چەسپاندنی ڕێبازی دیموکراسی لە دوای ساڵی ۲۰۰۳، هەروەها ئەو ئاڵنگارییە ئاڵۆزانەی کە هاوڕێی ئەم گۆڕانکارییانە بون.
ناوبراو جەختی کردەوە کە عێراق هێشتا پابەندە بە بژاردەی دیموکراسی و بنیاتنانی دامەزراوەکانی، و ڕەتکردنەوەی هەر جۆرە دیکتاتۆرییەک کە بۆ چەندین دەیە بەدەستیەوە ناڵاندویەتی. هەروەها بەڕێز سەرسوڕمانی حکومەتی عێراقی دەربڕی سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی نوێنەری ئەمریکا لەسەر دۆخی ناوخۆی عێراق.

فوئاد حوسێن ڕوونیکردەوە، گرنگ بو تێڕوانینەکە بە شێوەیەکی دیکە ڕون بکرایەتەوە، بەجۆرێک کە ڕەنگدانەوەی ئەو پێشکەوتنە سیاسی و سەقامگیرییە ڕێژەییە بێت کە لە عێراقدا بەدیهاتوە. ناوبراو جەختیشی کردەوە کە ڕێز لە بژاردەکانی گەلی عێراق دەگیرێت، و دیموکراسی و سیستەمی فیدراڵی لە دەستوردا جێگیر کراون و بونەتە ڕێڕەوێکی چەسپاو کە جێگرەوەیان نییە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان.
لەلایەن خۆیەوە، تۆماس باراک سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی وەزیری دەرەوەی عێراق کرد بۆ ئەو تێڕوانینە مێژویی و سیاسییەی کە سەبارەت بە عێراق و ئەوەی پێش ساڵی ۲۰۰۳ ڕویداوە خستیەڕو، و جەختی کردەوە کە ئیدارەی ئەمریکا بە ڕێزەوە دەڕوانێتە ئەزمونی عێراق و ئەوەی لێدوانی لەسەر داوە پەیوەندی بە لایەنی ئەزمونی ئەمریکاوە هەیە لە عێراق.
پێشتر تۆم باراک له میانی چاوپێکهوتنێکدا لهگهڵ thenationalnews رایگهیاندبوو، عێراق بهرهو نهخشهیهکی دابهشکردنی نوێ دهڕوات لهڕێگهی دروستکردنی قهوارهی فیدراڵیهوه و ئهمریکا له ماوهی ۲۰ ساڵدا نزیکهی سێ ترلیۆن دۆلاری خهرجکردوه، ههزارانی کهسی گیانی لهدهستداوه و هیچ هێزێکی نوێ نانێرێت.
Your Comment