ئەگەر کورد لە ناوچەکێشە لەسەرەکان یەکدەنگ نەبێت ژمارەیەکی زۆر دەنگ و کورسی لەدەست‌دەدات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی رایگەیاند، ئەگەر کورد یەک دەنگ نەبێت لە ناوچە کێشە لەسەرەکان، ژمارەیەکی زۆر لە دەنگ و کورسی لەدەست‌دەدات و مەترسیش لەسەر کوردستانی بوونی کەرکووک دروست‌دەبێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: یەکێتی لە هەوڵدایە بۆ دروست‌کردنی کۆدەنگی کورد لەسەر هەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، و وتی، کۆمەڵ و یەکگرتوو جەختیان لە برایەتی و تەبایی کردۆتەوە بەڵام پارتی "ئیستیجابەی" نەبووە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: "پێمان وایە بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەموو هێز و لایەنە سیاسیە کوردەکان بێ جیاوازی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیەک یان یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین، ئەگەر کورد یەک لیست نەبێت ژمارەیەکی زۆر لە دەنگ و کورسی کورد لەو ناوچانە لەدەست دەدەین و ئەوەش زەرەرێکی گەورە دەبێت بۆ کورد و زیانێکی گەورەش لە کوردستانی بوونی کەرکووک دەدات".

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت: "کۆمەڵ و یەکگرتوو هەڵوێسیان زۆر باش بوو، جەختیان لە برایەتی و یەکڕیزی و تەبایی کردەوە، هەرچەندە دوو جار دەستپێشخەریمان کردووە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پارتیش، بەڵام هەڵوێستیان ئیجابی نەبوو".

پێشتر کەمال کەرکووکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە کەرکووک ڕایگەیاندبوو، "وەک ڕێکخستنی کەرکووک گەرمیانی پارتی لەگەڵ ئەوەداین لەگەڵ هەموو کەس و لایەنێک بەشدار بین جگە لە خیانەتکارانی 16 ی ئۆکتۆبەر"، بەڵام ڕزگار حەمە دەڵێت: "هەڵبژاردن چارەنووسی پارێزگاری کەرکووک دیاری دەکات، نەک لایەنەکان".

لایەنەکان لە کەرکووک ئامادەکاریان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردووە و دەوترێت عەرەبەکان دەیانەوێت بە یەک لیست بەشداری بکەن و تورکمانیش ئەگەری هەیە لیستی تایبەت بە خۆی هەبێت، ئەوەی ماوەتەوە کوردە کە تا ئێستا لەسەر یەک لیستی ڕێکنەکەوتوون.

لەو بارەیەوە ڕزگار حەمە دەڵێت: "ڕاستە، لایەنەکانی تر لە پێکهاتەکانی تر ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ ئەوەی لەو ناوچانە بە یەک لیست دابەزن و کورسی زیاتر بەدەست‌بهێنن، حەقە کوردیش وا بیر بکاتەوە با کورسی لە دەست نەدەین".

ناوبراو وتیشی: "ئەم هەڵبژاردنە چارەنووسسازە چارەنووسی پارێزگار و بابەتە گرنگەکانی ئەو ناوچانە دیاری دەکات، ناسنامەی کوردستانی بوونی ئەو ناوجانەش دیاری دەکات".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی داواش دەکات کێشەکان لەو ناوچانە بەلاوە بنرێن و دەڵێت: "ئومێدەوارین هەموو لایەنەکان ئەگەر لە کوردستان کێشەشیان هەبێت، با لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەبەر بەرژەوەندی میلەتەکەمان بەلاوەی بنیین، وەک یەکێتی لە کۆبوونەوەکانمان بەردەوامین لەو پێناوەدا، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا لەگەڵ گۆڕان و هەموو لایەنەکانی تردا بۆ ئەو مەبەستە کۆبوونەوە دەکەین".

News Code 221834

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha