شرۆڤەیێک بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا

ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانیی سووریا لە پارێزگای حەسەکە و دەڤەری کۆبانی نیشانی دەدەن کە بەربژێرە عەرەبەکان %٦٠ی کورسییەکانی حەسەکەیان بەدەست هێناوە. ئەم پێشهاتە کە لە دوای بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکە لەلایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و هاوپەیمانەکانییەوە هاتە ئاراوە، هاوسەنگیی سیاسی و نەتەوەیی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریادا زیاتر لە جاران دەرخست و جارێکی دیکە پرسی قورساییی دیمۆگرافی و پێگەی سیاسیی کوردی لە پێکهاتەی داهاتووی سووریادا گەڕاندەوە ناوەندی سەرنجەکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم ئەنجامانە وێنایەکی مانادار لە هاوسەنگیی دانیشتووان و بارودۆخی سیاسی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە پێشکەش دەکەن؛ پرۆسەیەک کە تێیدا بایکۆتی دەنگدان لەلایەن دیمۆکراتەکان و هاوپەیمانەکانیانەوە، نەخشەی دابەشبوونی کورسییەکانی کوردی بە شێوازێکی بەرچاو گۆڕی.

لە پارێزگای حەسەکەدا، لە کۆی ٩ کورسیی کێبڕکێ لەسەرکراو، پێنج کورسی بۆ بەربژێرە عەرەبەکان و چوار کورسی بۆ کوردەکان بوو. کورسییەکی دیکەی ناوچەی سەرێکانی (ڕەئسولعەین) پێشتر لەلایەن بەربژێرێکی عەرەبەوە یەکلایی کرابووەوە. بڕیاریشە پێنج کورسییەکەی دیکەی ئەم پارێزگایە لەلایەن سەرۆک کۆماری سووریاوە دیاری بکرێن.

ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد کە چوار کورسییەکەی کوردی حەسەکە لە نێوان پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا (ENKS) دابەش دەبن، بەڵام لە ڕۆژانی کۆتاییی پێش دەستپێکردنی دەنگدان، PYD و پارتە هاوپەیمانەکانی پڕۆسەکەیان ڕەتکردەوە و چوونە بەرەی بایکۆتەوە. ئەم لایەنانە دیمەشقیان تۆمەتبار کرد بەوەی کە پشکێکی سنوورداری بۆ کورد تەرخان کردووە و قورساییی ڕاستەقینەی دانیشتووانی کوردی لە پێکهاتەی نوێنەرایەتیی سیاسیدا ڕەچاو نەکردووە.

لە دەرئەنجامی ئەم بایکۆتەدا، کورسییە کوردییەکان زیاتر کەوتنە دەست کەسایەتییەکانی نزیک لە ئەنجومەنی نیشتمانی (ENKS) یان کەسایەتییە سەربەخۆکانی دەرەوەی بازنەی PYD.

گرنگیی ئەم ئەنجامانە تەنیا لە چوارچێوەی کێبڕکێی حزبی کورت نابێتەوە، بەڵکو ڕەهەندێکی دیمۆگرافی و جیۆپۆلەتیکیشی هەیە. تەنانەت لە حەسەکەش ــ کە چڕترین پارێزگای کوردنشینە لە سووریا ــ کورد تەنیا <%٤٠>ی کورسییەکانی بەدەست هێنا، لە کاتێکدا عەرەبەکان <%٦٠>ی کورسییەکانیان بردەوە. ئەگەر دابەشبوونی کورسییەکان ڕەنگدانەوەی کێشی دانیشتووان بێت، ئەمە دەیسەلمێنێت کە کورد لە هیچ کام لە پارێزگاکانی سووریادا زۆرینەی ڕەها پێکناهێنێت.

ئەم دۆخە، کوردی سووریا لە پارچەکانی دیکەی کوردستان جیا دەکاتەوە. لە تورکیا، عێراق و ئێران، کورد لە چەندین پارێزگادا زۆرینەی ڕەهای دانیشتووان پێکدەهێنێت، بەڵام لە سووریا، هەرچەندە کورد کەمینەیەکی گرنگ و کاریگەرە لەسەر ئاستی نیشتمانی، بەڵام خاوەنی «پارێزگایەکی خاوەن زۆرینەی ڕەهای کوردی» نییە کە بتوانێت ببێتە بنەمای داواکارییە جوگرافی-سیاسییەکانی.

پێکهاتەی بەربژێرە سەرکەوتووەکان بەپێی بازنەکان:

١. بازنەی حەسەکە (٣ کورسی):

ئیبراهیم ئەلحەبەش: عەرەب، لە هۆزی بەقەرە.

عومەر ئەلهەیس: عەرەب، سەر بە هۆزی جبوور.

فەسڵە یووسف: کورد، کەسایەتیی نزیک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS).

٢. بازنەی قامیشلۆ (٤ کورسی):

ڕەزوان سەیدۆ: کورد، نزیک لە ENKS.

عەبدولحەلیم ئەلعەلی: عەرەب، کەسایەتیی عەشایەری لە هۆزی سەبعاوی.

کیم ئیبراهیم: کورد، لە کەسایەتییە عەشایەرییەکانی ناوچەکە.

مەحموود ئەلمادی: عەرەب، مامۆستای زانکۆ و ئەکادیمیست.

٣. بازنەی دێرک / مالیکییە (٢ کورسی):

ئەحمەد مراد: کوردی سەربەخۆ، نزیک لە بازنەکانی ENKS.

عەلوان ئەلعەلی: عەرەب، لە کەسایەتییەکانی هۆزی زوبێد.

٤. بازنەی کۆبانی (٢ کورسی):

شەواخ ئەلعەساف: عەرەب، لە ناوچەی شیوخ.

فەرهاد شاهین: کورد، نزیک لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ENKS).

دەرئەنجام

ئەنجامەکانی ئەم هەڵبژاردنە دەکرێت لە داهاتوودا کاریگەریی قورسی هەبێت لەسەر ململانێ سیاسییەکانی نێوان دیمەشق، پارتە کوردییەکان و ئەکتەرە ناوخۆییەکانی ڕۆژهەڵاتی فوڕات؛ بەتایبەت لە کاتێکدا کە دۆسیەی پێگەی کورد لە پێکهاتەی سیاسیی داهاتووی سووریادا، وەک یەکێک لە ئاڵۆزترین و هەستیارترین دۆسیەکانی ئەو وڵاتە هێشتا بە کراوەیی ماوەتەوە.

 

گۆڤاری ئامارگی

News ID 227214

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha