٨ کورسی بۆ ئەنەکەسە و سەربەخۆکان؛ پەیەدە هەڵبژاردنی بایکۆت کرد

پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی گەلی سووریا لە پارێزگای حەسەکە و شاری کۆبانێ بەڕێوەچوو. دوای ڕاگرتنی دەنگدان لە تەواوی ناوچەکان (لە دێرکەوە تاوەکو عەفرین)، ١٤ کاندید سەرکەوتن، کە پێکهاتوون لە ٨ پەرلەمانتاری کورد و ٦ پەرلەمانتاری عەرەب. ئەمەش لە کۆی ٢١٠ کورسیی پەرلەمان کە ٧٠ کورسییان بە بڕیاری سەرۆکایەتی کۆمار (شەرع) دیاری دەکرێن. ئەم پرۆسەیە لە کاتێکدا بوو کە پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) بایکۆتی هەڵبژاردنەکەی کردبوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی گەل لە سووریا، "سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی لە پارێزگای حەسەکە و شاری عەفرین" ڕاگەیاند. نوار نەجمە، وتەبێژی لیژنەکە ئاماژەی بەوە کرد کە دوای تەواوبوونی هەڵبژاردنەکان لە حەسەکە و کۆبانێ، ڕێگا بۆ بەستنی یەکەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی گەل خۆش بووە.

نەجمە ڕوونیشیکردەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکان لە حەسەکە و حەلەب کۆتاییان هاتووە، بەڵام پرۆسەکە لە پارێزگای سوەیدا بە دواخراوی دەمێنێتەوە و پێدەچێت سێ کورسییەکەی ئەو پارێزگایە بە بەتاڵی بمێننەوە. لایەنێکی دیکەوە ڕایگەیاند کە بەمزووانە ناوی ئەو ٧٠ ئەندامەی پەرلەمان کە بە بڕیاری سەرۆک کۆمار دادەنرێن، ئاشکرا دەکرێن.

لەسەر ئاستی لایەنە کوردییەکان، ٥ پەرلەمانتار لەسەر لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) سەرکەوتوون و ٣ پەرلەمانتاری دیکەش بە شێوەی سەربەخۆ کورسییان بەدەستهێناوە.

وردەکاریی دابەشبوونی ١٤ کورسییەکەی ناوچەکانی ڕۆژاڤا بەپێی شارەکان بەمشێوەیەیە:

قامیشلۆ (٢ کورد، ٣ عەرەب): رزوان سیدۆ (پارتی وەکهەڤی - کورد)، کیم ئیبراهیم (سەربەخۆ - کورد)، عەبدولحەلیم عەلی، مەحمود مادی و عومەر هایس (عەرەب).

حەسەکە (١ کورد، ١ عەرەب): فەسڵا یوسف (پارتی یەکێتیی کوردستانیی-وەحدە - کورد) و ئیبراهیم عەلی (عەرەب).

دێرک (١ کورد، ١ عەرەب): ئەحمەد موراد (کورد) و عەلوان عاید (عەرەب).

کۆبانێ (١ کورد، ١ عەرەب): فەرهاد شاهین (پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا - کورد) و شەواخ عەساف (عەرەب).

عەفرین (٣ کورد): د. ڕەنگین عەبدۆ (سەربەخۆ)، شێخ سەعید زادە و محەممەد سەیدۆ (پارتی دیموکراتی کوردستان-سووریا).

بەپێی ئەم ئەنجامانە، نوێنەرانی کورد (٨ کورسی) بەمشێوەیە بەسەر شارەکاندا دابەش بوون: عەفرین ٣ کورسی، قامیشلۆ ٢ کورسی، حەسەکە ١ کورسی، دێرک ١ کورسی، و کۆبانێ ١ کورسی.

ئەم پرۆسە هەڵبژاردنە دوای چەندین مانگ لە دانوستاندن و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی کاتی لەنێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دێت، کە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ و بە نێوەندگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆ کرا. ڕێککەوتنەکە ڕێگەی خۆشکرد کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر بۆ یەکەمجار بەشداری لە پرۆسەی سیاسیی سووریادا بکەن.

پێشتر لە ٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە زۆربەی ناوچەکانی سووریا بەڕێوەچووبوو، بەڵام لە پارێزگاکانی حەسەکە، ڕەققە و سوەیدا بەهۆی دۆخی ئەمنی و نەبوونی کۆنترۆڵی حکوومەتی ناوەندییەوە داخرابوو.

جێی ئاماژەیە، ئەم هەڵبژاردنە پەرلەمانییەی سووریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرجەم هاوڵاتیانەوە ئەنجام نەدراوە، بەڵکو لە ڕێگەی دەستەیەکی دەنگدەرانەوە بووە کە لە ژمارەیەکی کەم لە کەسایەتی و پیاوماقوڵانی ناوچەکان پێکهاتوون، سێیەکی ئەندامانی پەرلەمانیش (٧٠ کورسی) ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە دیاری دەکرێن.

News ID 227213

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha