گومانم هەیە لە پابەندبوونی دیمەشق بە مافەکانی کوردەوە

ئەفسەرێکی پێشووی سوپای ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا، گومانی خۆی لە نیەتی ڕاستەقینەی حکوومەتی نوێی سووریا نیشاندا سەبارەت بە دانپێدانان بە داواکارییەکانی کوردەکانی سووریا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مایڵز بی. کاگینز، ئەفسەری خانەنشینکراوی سوپای ئەمریکا، لە واشنتۆن هۆشداریی دا کە حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرامبەر بە هاوڵاتیانی کوردی ئەو وڵاتەدا سستە، و تەنها ڕاگەیاندنی مافەکان بەس نییە.

کاگینز، کە وەک گوتەبێژی پێشووی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئەزموونێکی زۆری هاوکاری لەگەڵ هێزە کوردییەکانی سووریادا هەیە، ئاماژەی بە پرۆسەی تێکەڵکردنی هێز و دامەزراوە کوردییەکان لەناو پێکهاتەی نوێی سووریادا کرد و ڕایگەیاند: "پێویستە هەموو لایەنەکان بچنە ناو گفتوگۆیەکی قۆناغ بە قۆناغەوە بۆ ئەوەی هەر بەشێک لە کێشەکان بە شێوازێکی دیاریکراو چارەسەر بکرێت، تاوەکو هەموو گەلی سووریا هەست بکەن کە بەشێکن لە وڵاتەکە و مافەکانیان دانیان پێدانراوە."

ناوبراو دەشڵێت کە ئەحمەد ئەلشەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا، بە دەرکردنی مەرسومی سەرۆکایەتی ژمارە ۱۳ی ساڵی ۲۰۲۶ بە فەرمی مافەکانی کوردی مسۆگەر کردووە، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە «ئێستا دەبێت ئەم بەڵێنانە لە کرداردا جێبەجێ بکرێن».

به گوتەی ناوبراو، ئەو تەحەددییانەی لەپێشن، کێشەی پراکتیکی دەگرێتەوە؛ وەک بەکارهێنانی زمانی کوردی لە تابلۆ فەرمییەکانی دامەزراوەکانی وەک وەزارەتی داد لە حەسەکە، هەروەها بابەتە پێکهاتەییە گەورەکانی وەک دابەشکردنی داهاتی ناوچە نەوتییەکان و یەکخستنی هێزە چەکدارەکان لەژێر یەک فەرماندەیی یەکگرتوودا.

کاگینز هاوکات گومانی خۆی لە دۆخی مافە زمانەوانی و پەروەردەییەکانی کورد لە سووریا نیشاندا و گوتی، ئاماژەکان نیشانی دەدەن کە ئامادەییەکی سنووردار و لە هەمان کاتدا سستییەک هەیە لە دانپێدانان بەو بڕوانامە خوێندنانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن بەڕێوبەرایەتی خۆسەرەوە دەرکراون.

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە چارەسەرکردنی پرسی پەروەردە و ڕەخساندنی دەرفەتی خوێندن بە زمانە جیاوازەکان، دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە بەهێزکردنی تەبایی کۆمەڵایەتی و زیادکردنی دەرفەتە ئابوورییەکان لە سەرانسەری سووریادا، بە پێچەوانەشەوە، ئەم بابەتە لێکەوتەی ئابووری ڕاستەوخۆی بۆ سەر وڵاتەکە دەبێت.

News ID 227199

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha