ناکۆکیی بەرپرسانی ئەمریکی لەسەر درێژەی پاڵپشتیی سەربازی لە هێزی پێشمەرگە

لە کاتێکدا مشتومڕەکان لە کۆنگرێسی ئەمریکا سەبارەت بە کەمکردنەوەی بودجەی بەرەنگاربوونەوەی داعش توندتر بوونەتەوە، بەرپرسێکی باڵای پێنتاگۆن، هێزە کوردییەکانی عێراقی وەک «شیاوترین هاوبەش»ی واشنتۆن لە ناوچەکەدا وەسف کرد و جەختی لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پاڵپشتیی سەربازی و ئەمنیی هێزەکانی پێشمەرگە کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی کۆنگرێسی ئەمریکادا هاتووە: دان زیمەرمان، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاسایشی نێودەوڵەتی، وێڕای بەرگریکردن لە بەردەوامیی هاوکارییە ئەمنییەکانی واشنتۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ دۆزینەوەی «هاوبەشێکی ئامادەتر و شیاوتر» لە هێزە کوردییەکانی عێراق کارێکی دژوارە. ئەم لێدوانانەی ناوبراو وەک وەڵامێک بوو بۆ ئەو نیگەرانییانەی لە کۆنگرێسدا سەبارەت بە کەمکردنەوەی بودجەی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و کاریگەرییەکانی لەسەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا هاتوونەتە ئاراوە.

لەم پێوەندییەدا، مایک تێرنەر، نوێنەری کۆمارییەکان لە کۆنگرێس، لە کۆبوونەوەی لێژنەی خزمەتگوزارییە چەکدارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکادا، نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە کەمکردنەوەی بوودجەی بەرەنگاربوونەوەی داعش دەربڕی و بە تایبەتی پرسیاری لەسەر پاشەڕۆژی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە کرد.

زیمەرمان لە وەڵامدا جەختی کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان «پێشوازی لە پاڵپشتیی کۆنگرێس دەکات بۆ تەرخانکردنی بوودجە بە مەبەستی بەردەوامبوونی ئەم هاوبەشییە.» ناوبراو هەروەها ئەم بابەتەی بە گۆڕانکارییەکانی بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە دوای شەڕی ئەم دواییەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گرێ دا.

مایک تێرنەر، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ڕایگەیاند: «لەو گەواهیدانەی کە لەلایەن دەریاسالار براد کوپەرەوە پێشکەش کراوە، ئاماژە بەوە کراوە کە داعش بەهۆی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگەکانی کوردستانەوە پەراوێز خراوە. بەڵام کاتێک سەیری بوودجەی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش، مەشق و ڕاهێنان و پڕچەککردن دەکەم، و دەبینم ئەم کەمکردنەوەی بودجەیە چ کاریگەرییەکی لەسەر هاوپەیمانە کوردەکانمان لە عێراق دەبێت، نیگەران دەبم. ئایا دەتوانن کەمێک لەسەر پاڵپشتییەکانمان بۆ هاوپەیمانە کوردەکان لە عێراق و پاشەڕۆژی ئەم پاڵپشتییە ڕوونکردنەوە بدەن؟»

دان زیمەرمان، جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: «ئێمە ڕێزێکی بێپایان بۆ هاوبەشە کوردەکانمان لە عێراق دادەنێین. زۆر قورسە گرووپێکی ئامادەتر و شیاوتر لە هێزە کوردییەکان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی بدۆزرێتەوە. ئێمە پێشوازی لەو پاڵپشتی و بوودجەیە دەکەین کە کۆنگرێس بۆ بەردەوامبوونی ئەم هاوبەشییە تەرخانی دەکات.»

News ID 227185

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha