بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم دوو هەڵسەنگاندنە جیاواز بەڵام لە هەندێک خاڵدا هاوبەشە، لە وتووێژێکی نێوان "مێگان بۆدت" و "سێس فرانتسمەن" لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (X) لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سووریا لە ناوچە کوردییەکان هاتووەتە ئاراوە؛ وتووێژێک کە وێنەیەکی ئاڵۆز لە کەلێنە سیاسی و نەوەییەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشان دەدات. ئەم کەلێنانە تەنیا لە ململانێی نێوان پارتەکاندا کورت نابنەوە، بەڵکوو ڕەگەکەیان بۆ جیاوازیی ئەزموونی مێژوویی نەوەکان، چەمکی خۆبەڕێوەبەری و تەنانەت پێناسەی "بەشداریی سیاسی" دەگەڕێتەوە.
مێگان بۆدت لە شیکردنەوەکەیدا، سەرەتا جەخت لەسەر درزی نێوان نەوەکان لە کۆمەڵگەی کوردیی سووریادا دەکاتەوە. بە بڕوای ئەو، ئەو کوردانەی پێش ساڵی ٢٠١١ ئەزموونی سیاسییان هەبووە، دۆخی ئێستا لە بەراورد لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی بەعسدا وەک پێشکەوتنێک دەبینن. ئەم نەوەیە تەنانەت توانای "داواکردنی مافەکان" بە دەستکەوتێکی سیاسی دەزانێت؛ چونکە لە ڕابردوودا بە بنەڕەت کەشێکی لەو شێوەیە بوونی نەبوو. بەڵام نەوەی گەنجتر کە دوای پێکهاتنی خۆبەڕێوەبەریی کوردان هاتووەتە ناو کایەی سیاسییەوە، دیدگایەکی جیاوازی هەیە. لە ڕوانگەی ئەم نەوەیەوە، تێکەڵبوونی پێکهاتەکانی خۆبەڕێوەبەری لەناو حکوومەتی ناوەندیی سووریادا، جۆرێکە لە پاشەکشە و ڕادەستکردنی دەستکەوتە چەسپاوەکان، نەک سەرکەوتنێکی سیاسی.
بۆدت ڕوونی دەکاتەوە کە نەوەی کۆن لە سەردەمێکدا لە ڕووی سیاسییەوە گەشەی کرد کە وێنای گشتی وابوو کوردانی سووریا ناتوانن ئەکتەری سەرەکیی بزووتنەوەی کوردی بن لە ناوچەکەدا و دەبێت گۆڕانکارییە سەرەکییەکان سەرەتا لە تورکیا یان عێراق ڕووبدەن. تەنانەت ناوچە کوردییەکانی سووریایان بە "باشووری بچووک" ناو دەبرد؛ وەک ئاماژەیەک بۆ ئەو تێڕوانینەی کە هەرێمی کوردستان چەقی کێشەی کوردە. بەڵام نەوەی گەنجتر لە کەشێکدا پێگەیشتووە کە تێیدا کوردانی سووریا خۆیان لە چەقی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا دەبینی؛ نەوەیەک کە شایەتی ئامادەبوونی خۆبەخشانی ئامەد، هەولێر، مەهاباد و ئەورووپا بوو لە شەڕی دژی داعشدا بۆ بەرگریکردن لە ڕۆژاوای کوردستان.
بۆدت هەروەها شەرعیەتی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە و پێی وایە ئەوەی بەڕێوەچوو "هەڵبژاردنێکی ئازاد و فرەپارتی" نەبوو. بە گوتەی بۆدت، پێکهاتەی دەنگدەران، بەربژێرەکان و دامەزراوە بڕیاردەرەکان لە بنەڕەتەوە سنووردار و کۆنترۆڵکراو بوون و لە کردەوەدا، ئەنجامەکە زیاتر ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی گرووپێکی بچووک لە پیاوانی تەمەن سەروو ٤٠ ساڵە کە لەلایەن حکوومەتەوە هەڵبژێردراون، نەک نوێنەری ڕاستەقینەی کۆمەڵگە یان پارتە کوردییەکان.
لە هەمان کاتدا، بۆدت ڕەفتاری پارتی یەکێتیی دیموکرات (PYD) بە دژبەیەک (پارادۆکسیکاڵ) وەسف دەکات. ئەو وەبیر دەهێنێتەوە کە ئەم پارتە و دامەزراوەکانی سەر بەو؛ لە چوونی هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) بۆ ناو سوپا گرتە تا تێکەڵبوونی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە پێکهاتەی کارگێڕیی حکوومەتدا، بە کردەوە لەناو پێکهاتەی دەوڵەتی سووریادا دەتوێنەوە. بۆیە، لە ڕوانگەی ئەوەوە، بایکۆتکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتێکدا بەشەکانی تری پێکهاتەی سیاسی و سەربازی لە حاڵی تێکەڵبووندان، بۆ زۆر کەس جێگەی تێگەیشتن نییە.
بۆدت وێڕای ڕەخنەگرتن لە دۆخی هەموار، دەرفەتێکی سیاسی بۆ ئەو نوێنەرانەش قایلە کە لە ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ئەنەکەسە - ENKS) نزیکن. ئەو پێی وایە ئەم نوێنەرانە؛ هاوشێوەی نوێنەرانی پارتی HEP لە تورکیای دەیەی ١٩٩٠ کە بە قسەکردن بە زمانی کوردی و ڕاوەستان لە پاڵ قوربانیانی توندوتیژیی دەوڵەت، کایە سیاسییەکەیان تەحەدا دەکرد، دەتوانن ببنە کەسایەتی چالاک لە داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی کورد. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو گومانی هەیە لەوەی ئایا ئەم نوێنەرانە ڕۆڵێکی لەو شێوەیە دەگێڕن یان نا.
لە بەشێکی تری ئەم بحسەدا، بۆدت ئەو دەنگۆیە باوەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە گوایە تورکیا ڕێگر بووە لە سازدانی هەڵبژاردنی فرەپارتی لە ناوچە کوردییەکانی سووریا. ئەو دەڵێت تورکیا پێشتر عفرین و پاشان سەرێکانیی داگیر کردووە و هێرشەکانی بەردەوام بوون؛ بۆیە ئەم پاساوە کە "تورکیا ناچاری کردین سیستمی تاکپارتی دروست بکەین" بۆ ئەو قایلکەر نییە. ئەو هەروەها ئاماژە بە دەستبەسەرکردنی ئەندامانی ئەنەکەسە و تەنانەت ئەو کەسانە دەکات کە ئاڵای کوردستانیان هەڵگرتووە و ئەم پرۆسەیە بە "تراژیدی" ناو دەبات؛ ڕێڕەوێک کە بە گوتەی ئەو لە دەسەڵاتی تاکپارتییەوە دەستی پێکرد و ئێستا گەیشتووەتە قۆناغی بەشدارینەکردن لە پرۆسەی سیاسیدا.
لە بەرامبەردا، سێس فرانتسمەن بەشێک لە نیگەرانییەکانی بۆدت پەسەند دەکات، بەڵام سەبارەت بە ڕۆڵی هەڕەشە دەرەکییەکان، بەتایبەت تورکیا، دیدگایەکی جیاوازی هەیە. ئەو جەخت دەکاتەوە کە هەڕەشەی هێرشی سەرلەنوێی تورکیا ڕاستەقینە بووە و نەک تەنیا PYD بەڵکوو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشیش چەندین جار هۆشدارییان لەسەر دابوو. فرانتسمەن دەڵێت خۆی لە ناوچەکەدا ئامادە بووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکی، PYD، ئەنەکەسە، پارتی یەکێتی، هێزەکانی پێشمەرگەی ڕۆژ و هاووڵاتیانی ئاسایی قسەی کردووە.
ئەو جۆری مەمەڵەکردن لەگەڵ ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردی سووریا (ENKS) بە "هەڵەیەکی خراپ" وەسف دەکات و پێی وایە دەبوو ڕێککەوتنی یەکڕیزیی کوردی زۆر زووتر بەدەست بهاتبایە. لەگەڵ ئەوەشدا، بە پێچەوانەی بۆدت، ئەوە وەبیر دەهێنێتەوە کە لە ساڵی ٢٠١٧دا هەڵبژاردنی ناوخۆیی بەڕێوەچوو و بڕیار بوو هەڵبژاردنی پەرلەمانیش بکرێت، بەڵام هێرشی تورکیا بۆ سەر عفرین پرۆسەکەی ڕاگرت. ئەو هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پارتە جیاوازە کوردییەکان، چ لە ناوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و چ لە دەرەوەی، هەمیشە چالاک بوون؛ تەنانەت ئەگەر هەندێک لەوانیش هەڵبژاردنیان بایکۆت کردبێت.
فرانتسمەنیش وەک بۆدت هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییە بە "ئازاد و دادپەروەرانە" نازانێت، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە دەبێت جیاوازی بکرێت لە نێوان بەشداریی کورد لە پێکهاتەی حکوومەتی سووریا و سروشتی سنوورداری پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەم دواییە. لە ڕوانگەی ئەوەوە، کێشەی سەرەکی چڕبوونەوەی لەڕادەبەدەری دەسەڵاتە لە پێکهاتەی سیاسیی سووریادا؛ بەتایبەت کە سەرۆککۆمار دەسەڵاتی دەستنیشانکردنی نوێنەرانی پەرلەمانی هەبێت. ئەو ئەم ئاستە لە چڕبوونەوەی دەسەڵات تەنانەت لە دۆخی دوای شەڕیشدا بە قبووڵنەکراو دەزانێت.
لە کۆتاییدا، گفتوگۆی ئەم دوو شرۆڤەکارە نیشانی دەدات کە پرسی هەڵبژاردن لە ناوچە کوردییەکانی سووریادا تەنیا لە ململانێی نێوان PYD و ENKS کورت نابێتەوە، بەڵکوو بە پرسیارە قووڵترەکانی وەک داهاتووی خۆبەڕێوەبەری، پەیوەندیی کورد لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، شەرعیەتی پێکهاتەی سیاسیی نوێی سووریا و درزی نێوان نەوە جیاوازەکانی کوردەوە گرێ دراوە.
Your Comment