شەرع و عەبدی لە دیمەشق کۆ بوونەوە

ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە کۆشکی گەل لە دیمەشق پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی هەواڵیی فەرمیی سووریا لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی ۴ـی ئابی ۲۰۲۶، لە دیدارەکەدا ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوە و زیاد عایەش، پارێزگاری دێرەزوور ئامادە بوون.

بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵیی سووریا، لە کۆبوونەوەکەدا "تاوتوێی تەواوکردنی جێبەجێکردنی رێککەوتنی ۲۹ی کانوونی دووەم لەگەڵ هەسەدە و بەدواداچوونی رەوتی تێکەڵکردنەوەیان لەنێو دامەزراوەکانی دەوڵەت کرا."

رێککەوتنی ۲۹ لەسەر ۳۰ی کانوونی دووەم، کە دوای پێشڕەوییەکانی حکومەت و پێکدادانەکانی سەرەتای ساڵی ۲۰۲۶ هاتە ئاراوە، چەندین خاڵ لەخۆدەگرێ، لەوانە ئاگربەست، تێکەڵکردنی قۆناخ بە قۆناخی سەربازی و کارگێڕیی هێز و دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا، بڵاوەپێکردنی هێزەکانی وەزارەتی ناوخۆ لە حەسەکە و قامشلۆ، رادەستکردنی دەروازە سنوورییەکان، کێڵگە نەوتییەکان و ئەو زیندانانەی چەکدارانی دەستبەسەرکراوی داعشیان تێدایە بە دیمەشق.

رێککەوتنی کانوونی دووەم دوای زنجیرەیەک ئاگربەست و پێشڕەویی سەربازیی حکومەت هات کە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەی کەمکردەوە و هاوسەنگیی هێزی لە قازانجی دیمەشقدا گۆڕی.

News ID 227663

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha