یەپەژە لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆی سووریادا جێگیر دەکرێت

وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەپەژە ڕایگەیاند، بۆچوونێک هەیە بۆ ئەوەی یەپەژە وەک هێزێکی سەربەخۆی دژەتیرۆر لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆدا جێگیر بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕوکەن جەمال، وتەبێژی ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی یەپەژە، سەبارەت بە داهاتووی ناوەندەکە وتی: "لە مانگی نیسان لەگەڵ مورهاف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی حکوومەتی کاتیی کۆبوونەوەمان کردووە، ئێمە ڕەشنووسێکمان سەبارەت بە بۆچوون و پێشنیازەکانمان بەشێوەی نووسراو پێشکەش کردبوو، بەڵام تائێستا هیچ پێشنیاز یان بڕیارێکی فەرمی لەلایەن بەرپرسانی دیمەشقەوە بە ئێمە نەگەیشتووە".

ڕوکەن وتیشی: "چەند بۆچوونێک هەن بۆ ئەوەی یەپەژە وەک هێزێکی تایبەت و سەربەخۆی دژەتیرۆر لەناو وەزارەتی ناوخۆدا جێگیر بێت، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە بڕیارێکی ڕوون و کۆتایی".

وتەبێژی ناوەندیی یەپەژە وتیشی: "لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ تاوتوێکردنی ئەم پرسە، لەگەڵ بەرپرسانی دیمەشق کۆ دەبنەوە، تا ئەو کاتەی میراتی یەپەژە دەخەینە ژێر گرەنتی و پارێزبەندییەکی یاساییەوە، تێکۆشان و خەباتمان بەردەوام دەبێت".

News ID 227665

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha