پێویستە ئێزدییەکان بە کەرامەت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ئاسایشی شەنگال دابین بکرێت

لە ساڵیادی دوازدەهەمین جینۆسایدی شەنگال، مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوو پەیامی جیاوازدا جەختیان لە پێویستی گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ زێدی خۆیان کردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسعوود بارزانی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان برینێکی هەمیشەیی لە بیرەوەریی گەلی کوردستاندا جێهێشتووە، و ئێزدییەکان تەنها بەهۆی کوردبوونیان، ڕەسەنایەتی و باوەڕی ئایینییانەوە بوونەتە ئامانجی جینۆساید و ڕەفتاری نامرۆڤانەی داعش.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو تاوانانە درێژکراوەی زنجیرەی کارەسات و کۆمەڵکوژییە مێژووییەکانن کە دژی گەلی کوردستان ئەنجام دراون، و دووپاتی کردەوە کە پشتیوانی تەواوی لە خواست و مافەکانی ئێزدییەکان دەکات. هەروەها بانگەوازی یەکڕیزی و یەکگرتوویی لە نێوان کۆمەڵگەی ئێزدی کرد بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی باشتر.

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان هەروەها جەختی کردەوە کە دۆخی ئێستای شەنگال بەم شێوەیە زۆر ناخایەنێت، و پێویستە ئێزدییەکان بە سەربەرزی و کەرامەتەوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی باب و باپیرانیان و قەرەبووی زیان و ئازارەکانیان بۆ بکرێتەوە.

لایخۆیەوە نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا یادی قوربانییەکانی جینۆسایدی ئێزدییانی کردەوە و ڕایگەیاند کە تاوانی کۆمەڵکوژی، بەسەبیکردنی ژنان و کچان و تێکدانی پەرستگاکان، برینێکی کراوەی دڵ و دەروونی گەلی کوردستانە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد کە، لەگەڵ تێپەڕبوونی دوازدە ساڵ، ئێزدییەکان هێشتا باجی ناکۆکییە سیاسییەکان و بوونی هێزە چەکدارە نایاسایییەکان دەدەن. بۆیە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی فیدراڵی عێراق پێویستە ئاسایش و ئاوەدانی بۆ شەنگال بگێڕێتەوە، ڕێککەوتننامەی شەنگال لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، ناوچەکە لە هێزە نایاسایییەکان پاک بکرێتەوە و ڕێگە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان خۆش بکرێت.

نێچیرڤان بارزانی هەروەها دڵنیایی دایە ئێزدییەکان کە هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و ئاشکراکردنی چارەنووسیان بەردەوام دەبێت، هەروەها کار بۆ ناساندنی تەواوی تاوانەکانی داعش وەک جینۆساید لە ئاستی نێودەوڵەتی درێژەی دەبێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی خەڵکی میوانپەروەری دهۆک و بادینانی کرد کە لە کاتی کارەساتەکەدا پەنایان بە هەزاران ئاوارەی ئێزدی دا، هەروەها پێزانینی خۆی بۆ هەموو ئەو وڵاتانە دەربڕی کە تاوانەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە و یارمەتییان بە قوربانییەکان داوە.

ناوبراو هەروەها سڵاوی ئاراستەی خۆڕاگریی کۆمەڵگەی ئێزدی و گیانی شەهیدان و هەموو پێشمەرگەکانی کرد کە بە فەرماندەیی مەسعوود بارزانی بەشداری ئازادکردنی شەنگال و تێکشکاندنی داعشیان کرد.

News ID 227659

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha