بەپێی هەواڵی کوردپرێس، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، لە هەنگاوێکی نوێدا، پەکەکە چەکدارەکانی لە ۸۱ بنکەی سەر "خاڵی سفر"ی سنوورەکان کێشایەوە. هێزەکانی تورکیا پرۆسەی پشکنینی تەواویان بۆ ناوچەکە ئەنجامدا و چۆڵکردنەکە لە ڕێگەی وێنەی مانگە دەستکردەکانەوە پشتڕاستکرایەوە.
ئاماژەیان بەوەشكرد، یەکەکانی ئاسایش و هەواڵگری لە ڕێگەی ئەو ڕاپۆرتانەی ڕاستەوخۆ لە مەیدانەکەوە پێیان گەیشتوە، دڵنیابوونەتەوە لە چۆڵکردنی ئەم کەمپانە، ڕاپۆرتەکان ڕوونیان کردوەتەوە کە چەکدارانی پەکەکە حەشارگەکانیان چۆڵکردوە و لە چیای قەندیل لە ناوچەیەکی نزیک سنووری ئێران جێگیر بوونەتەوە.
لە نێو ئەو کەمپانەی چۆڵکراون، کەمپێکی ستراتیژی هەیە کە بە هێمایەکی پەکەکە دادەنرێت لە مەتینا بەرامبەر ناوچەی "هودا تەپە" لە شارۆچکەی چوکورجای سەر بە پارێزگای هەکاری لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، کە بەرزییەکەی لە نێوان ۱۷۴۰ بۆ ۱۷۵۴ مەتردایە، و لە ساڵی ۲۰۰۷دا لە هێرشێکی پەکەکەدا ۱۲ سەربازی تورکیای تێدا کوژرا، جگە لە دوو ئەشکەوتی جیاواز لە ناوچەی ئاڤاشین کە پارتەکە وەک بارەگای هەرێمی بەکاری دەهێنان.
لەلایەكی دیكەوە ڕۆژنامەی "نەفس" لە زاری سەرچاوە ئەمنییەکانەوە بڵاویکردەوە، پارتەکە دوو کۆگای لۆجستی لە ناوچەی "ئەریس فارس" لە ئاڤاشین چۆڵکردوە کە پێداویستییان بۆ هێرشەکان دابیندەکرد، لەگەڵ ئەشکەوتێک کە وەک بارەگای سەرکردایەتی و ناوەندی پەیوەندی بێتەل بەکاردەهات، و ئەشکەوتەکانی دیکە کە وەک خاڵی پشکنین لەلایەن "یەکەکانی پاراستن"ی سەر بە پارتەکە بەکاردەهاتن، هەروەها ئەشکەوتێک کە تایبەت بو بە حەواندنەوەی ئەندامانی ژنی چەکدار.
پەکەکە سێ حەشارگەی ژێر زەوی لە دۆڵی زاپ چۆڵکردوە کە تایبەت بون بە حەواندنەوەی ئەو ژنە چەکدارانەی هێرشیان دەکردە سەر سەربازانی تورکیا لەسەر سنور، لەگەڵ خاڵەکانی پەیوەندی نێوان کەمپەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان، و کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی ژێر زەوی لە نزیک شارۆچکەی "جنید چیشمیسی" سەر سنوری تورکیا، و دو حەشارگە کە بۆ دروستکردنی بۆمب و تەقەمەنی بەکاردەهاتن.
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەشکەوتی "تالابورا" لە دۆڵی هەفتانین بەرامبەر ناوچەی ئۆلۆدێرە لە پارێزگای شرناخ لە باشوری ڕۆژهەڵاتی تورکیا چۆڵکراوە، لەگەڵ ۱۱ ئەشکەوتی دیکە کە دوانیان لەسەر گردی کارتار لە زاپ هەڵکەوتوون. هەموو ئەو کەمپ و ئەشکەوت و حەشارگانەی پەکەکە چۆڵیکردوون، دەکەونە ناو چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی وشکانی "چنگ-کڵۆم" کە هێزەکانی تورکیا بە پاڵپشتی ئاسمانی لە ساڵی ۲۰۲۲ـەوە ئەنجامی دەدەن.
Your Comment