بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەزڵووم عەبدی لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی «ئێکس» نووسی: «لە یادی دوازدە ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا، بە ڕێزەوە یادی هەموو شەهیدان دەکەینەوە.»
فەرماندەی هەسەدە هەروەها ڕایگەیاند: «بە شانازییەوە یادی هەموو شەڕڤانان دەکەینەوە کە گیانیان لە پێناو پاراستنی گەلی ئێزدی بەخت کرد و بەشدارییان لە تێکشکاندنی داعش و ڕزگارکردنی هەزاران هاوڵاتیی سیڤیل لە جینۆسایددا کرد.»
عەبدی جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئاشکراکردنی چارەنووسی هەموو ئەو کەسانەی ڕفێندراون، هەروەها دابینکردنی سەلامەتی و ئاسایشی شەنگال و گەلی ئێزدی، ئەركێکە کە پێویستە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بە جدی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت.
ئەم پەیامە لە کاتێکدا بڵاو کراوەتەوە کە ڕۆژی ٣ی ئاب، هاوتەریبە لەگەڵ ساڵیادی هێرشی ڕێکخراوی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال و ناوچە ئێزدینشینەکانی دەشتی نەینەوا لە ساڵی ٢٠١٤؛ هێرشێک کە بووە هۆکاری یەکێک لە گەورەترین کارەساتە مرۆییەکانی سەدەی ٢١ دژی کەمایەتییەکی ئایینی و نەتەوەیی.
بەپێی ئامارەکان، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی کۆمەڵکوژ کران و لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژران. هەروەها زیاتر لە ٦ هەزار و ٤٠٠ ژن و کچی ئێزدی لەلایەن داعشەوە ڕفێندران کە هێشتا چارەنووسی ژمارەیەکیان نادیارە.
هێرشەکانی داعش هەروەها بوونە هۆی کۆچی زۆرەملێی نزیکەی ٤٠٠ هەزار ئێزدی، کە ناچار بوون ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیان جێبهێڵن و بەرەو چیای شەنگال پەنابەر بن.
ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، چەندین دەوڵەت و پەرلەمانی جیهانی، تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکانیان بە فەرمی وەک «جینۆساید» و «تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی» ناساندووە. هەمان هەڵوێست لەلایەن پەرلەمانی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش وەرگیراوە و هەوڵەکان بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و ناساندنی نێودەوڵەتیی ئەم کارەساتە هێشتا بەردەوامن.
Your Comment