گەڕەکی «کەڵکەجار»ی سنە، شاهیدی یەکێک لە تاڵترین ڕووداوەکانی ساڵانی دوایی بوو؛ ڕووداوێک کە بەپێی زانیارییەکانی «کوردپرێس»، بووە هۆی گیانلەدەستدانی منداڵێکی تەمەن سێ ساڵان بەهۆی پەلاماری سەگە بەرەڵاکانەوە. منداڵێک کە هێشتا دەرفەتی ژیانی پێنەبڕابوو، بووە قوربانیی قەیرانێک کە ساڵانێکە هەمووان ئاگادارییان لەبارەیەوە دەدا، بەڵام بەڕێوەبەریی شاروانەیی سنە پێی خۆش بوو فەرامۆشی بکات.
ساڵانێکە هێرشی سەگە بەرەڵاکان بۆ سەر هاووڵاتییان، بەتایبەت منداڵان، بووەتە یەکێک لە ناخۆشترین هەواڵە دووبارەکانی پارێزگای کوردستان. هەر جارێک کە ڕووداوێک دەقەومێت، خێزانێک دەکەوێتە ناو دڵەڕاوکێ و ترسەوە، منداڵێک ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت و بەرپرسانیش بۆ چەند ڕۆژێک بەڵێن دەدەن.