چڕبوونەوە دەسەڵات لەدەستی ئەحمەد شەرع‌دا

لە دەستنیشانکردنی وەزیرەکان و دادوەرانەوە بگرە تا بەڕێوەبردنی دامەزراوە ئابووری و ئەمنییەکان؛ بەشێکی هەرە زۆری دەسەڵاتەکان لە سووریای نوێدا خراونەتە دەستی سەرۆک کۆمار، ئەم بابەتەش نیگەرانیی لایەنگرانی دیموکراسی لێکەوتووەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەگەڵ دەستبەکاربوونی یەکەم خولی ئەنجومەنی گەلی سووریا و پێکهێنانی دادگای باڵای دەستووری، حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا ئەم گۆڕانکارییانە وەک سەرەتای قۆناغێکی نوێ لە دەوڵەتسازی و دامەزراوەییبوون دەبینێت. بەڵام، لێکۆڵینەوە لە پێکهاتەی سیاسی و یاسایی وڵات دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد نیشانی دەدات کە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی، زیاتر لەوەی ببێتە هۆی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان دامەزراوە جیاوازەکاندا، بووەتە هۆی چڕبوونەوەی زیاتری دەسەڵاتەکان لە دەستی سەرۆکایەتیی کۆماردا؛ بابەتێک کە هەندێک لە چاودێران وەک «جێگیرکردنی دەسەڵات بە شێوازی تاکڕەوانە» وەسفی دەکەن.

بەپێی بەیاننامەی دەستووریی کاتی کە لە ئاداری ٢٠٢٥دا دەرچووە، سەرۆک کۆمار خاوەنی دەسەڵاتێکی بەربڵاوە. ئەو مافی دەستنیشانکردن و دوورخستنەوەی وەزیرەکانی هەیە، ئەندامانی دادگای باڵای دەستووری خۆی دیارییان دەکات، دەتوانێت پڕۆژەیاسا پێشکەشی پەرلەمان بکات، ڤیتۆی یاسا پەسندکراوەکان بکات، بە دەرکردنی مەرسووم یاسا دابڕێژێت و پێشنیاری هەموارکردنەوەی دەستوور بکات. لە بەرامبەردا، ئەنجومەنی گەل هەرچەندە مافی لێپرسینەوەی لە وەزیرەکان هەیە، بەڵام بێبەشە لە ئامرازی کاریگەر بۆ چاودێریکردنی حکوومەت یان سەندنەوەی متمانە لە کابینەکە. لە لایەکی دیکەوە، بە سەرنجدان بە میکانیزمی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە، سەرۆک کۆمار کاریگەریی زۆری لەسەر پێکهاتەی ئەم دامەزراوەیەش هەیە؛ ئەمەش بە گوتەی ڕەخنەگران، هاوسەنگیی هێزەکانی بە قازانجی دەسەڵاتی جێبەجێکردن (حکوومەت) تێکداوە.

ئەحمەد ئەلشەرع لە یەکەم گوتاریدا لەبەردەم ئەنجومەنی گەل، ئەم دامەزراوەیەی وەک هەنگاوێک لەسەر ڕێگای «شوورا»، بەرپرسیارێتی و سەروەریی یاسا وەسف کرد. بەڵام جەختکردنەوە لەسەر چەمکی «شوورا» لە جیاتی «دیموکراسی» لە ڕوانگەی زۆرێک لە شیکەرەوەکانەوە، نیشاندەری مۆدێلێکە کە تێیدا ڕاوێژ هەیە، بەڵام بڕیاری کۆتایی هەر لە دەستی سەرۆک کۆماردا دەمێنێتەوە. ئەم تێڕوانینە کاتێک قووڵتر بووەوە کە سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی ئەنجومەنەکەش باسی لە هاوکاریی تەواو لەگەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردن کرد؛ لێدوانێک کە بە سەرنجدان بە دەسەڵاتە سنووردارەکانی پەرلەمان، پرسیاری جدی لەسەر سەربەخۆیی ڕاستەقینەی ئەم دامەزراوەیە دروست دەکات. لە دەسەڵاتی دادوەریشدا دۆخەکە زۆر جیاواز نییە، چونکە سەرجەم دادوەرانی دادگای باڵای دەستووری ڕاستەوخۆ لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە دادەمەزرێن؛ ئەمەش لەلایەن هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە وەک پاشکۆیەتیی باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی وڵات بۆ دەسەڵاتی جێبەجێکردن لێکدراوەتەوە.

چڕبوونەوەی دەسەڵات تەنیا لە کایەی سیاسەتدا قەتیس نەمایەوە. پارێزگارەکان لەلایەن خەڵکەوە هەڵنابژێردرێن، بەڵکو لەلایەن حکوومەتی ناوەندییەوە دەستنیشان دەکرێن. جگە لەوەش، حکوومەتی ڕاگوزەر لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا کۆمەڵێک دامەزراوەی ئابووری، دارایی و جێبەجێکردنی لە ڕێگەی مەرسوومی سەرۆکایەتییەوە دامەزراندووە؛ دامەزراوەیەک کە هەرچەندە سەربەخۆیی کارگێڕی و داراییان هەیە، بەڵام ڕاستەوخۆ لەژێر چاودێریی سەرۆک کۆماردا کار دەکەن. لە هەمان کاتدا، بەشێک لەو ئەرکانەی کە بەپێی بەیاننامەی دەستووری دەبوو لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی پەرلەمان یان دەزگای دادوەریدا بن، بە شێوەیەکی پراکتیکی لە ڕێگەی بڕیار و مەرسوومەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردنەوە جێبەجێ کراون؛ ڕەوتێک کە ڕەخنەگران وەک نیشانەیەک بۆ فراوانبوونی هەژموونی سەرۆکایەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا دەیبینن.

ئەم مۆدێلە لە کەرتی ئەمنیشدا بەدی دەکرێت. هەرچەندە لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٥دا گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن بە شێوەیەکی فەرمی لە ناو سوپای نوێی سووریادا تێکەڵ کران، بەڵام زۆرێک لە پێکهاتەکانی فەرماندەیی پێشوو پارێزگارییان لێکرا و بەشێکی بەرچاوی فەرماندە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری لە ئەندامانی پێشووی «دەستەی تەحریری شام» (HTS) و «حکوومەتی رزگاری» پێکدێن. هەروەها کۆمیسیۆنی دادپەروەریی ڕاگوزەر کە بە مەرسوومی سەرۆکایەتی پێکهێنرا، تەنیا ئەرکی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ڕژێمی پێشووی پێسپێردراوە و دەسەڵاتی پێڕاگەیشتنی بەسەر پێشێلکارییەکانی ئەکتەرەکانی دیکەدا نییە لە ماوەی شەڕ یان قۆناغی گواستنەوەدا؛ ئەمەش نیگەرانیی لەسەر سەربەخۆیی و گشتگیریی پرۆسەی دادپەروەریی ڕاگوزەر دروست کردووە.

سەبارەت بە کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکانیش، حکوومەتی ڕاگوزەر هەندێک هەنگاوی ناوە، لەوانە بەفەرمی ناسینی بەشێک لە مافە کولتووری و زمانەوانییەکانی کورد و دامەزراندنی یەکێک لە فەرماندەکانی پێشووی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە وەزارەتی بەرگریدا. بەڵام زۆرێک لە شیکەرەوەکان پێیان وایە ئەم هەنگاوانە، زیاتر لەوەی ببێتە هۆی بەشداریی ڕاستەقینەی کەمینەکان لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، لایەنێکی ڕەمزی هەیە. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە نێوان ٤٦ بەرپرسی باڵای حکوومەتیدا، تەنیا ٤ کەسیان لە کەمینە نەتەوەیی یان ئایینییەکانن، لە کاتێکدا ٢٣ کەسیان پاشخانی کارکردنیان لە ناو «دەستەی تەحریری شام» یان «حکوومەتی رزگاری»دا هەیە؛ ئامارێک کە لە ڕوانگەی ڕەخنەگرانەوە، بەردەوامیی چڕبوونەوەی دەسەڵات لە ناو ناوۆکێکی سیاسیی سنوورداردا نیشان دەدات.

حکوومەتی ڕاگوزەر جەخت دەکاتەوە کە ئەم پێکهاتەیە، قۆناغێکی کاتییە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی وڵات و ڕەخساندنی زەمینە بۆ سازدانی هەڵبژاردنی ئازاد لە داهاتوودا. سەرەڕای ئەمەش، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە توێژەران هۆشداری دەدەن کە ئەگەر دامەزراوە یاسادانان و دادوەرییەکان نەگەنە سەربەخۆیی ڕاستەقینە و میکانیزمەکانی چاودێری و لێپرسینەوە بەهێز نەکرێن، پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی لەوانەیە لە جیاتی دوورکەوتنەوە لە میراتی تاکڕەوی، ببێتە هۆی سەرلەنوێ بەرهەمهێنانەوەی ئەو سیستەمە لە قاڵبێکی نوێدا. لە دۆخێکی وەهادا، گرنگترین پرسیار لەبەردەم سووریادا ئەوەیە: ئایا ئەم چڕبوونەوەیەی ئێستای دەسەڵات تەنیا ڕێگەچارەیەکی کاتییە بۆ تێپەڕاندنی قۆناغی ڕاگوزەر، یان دەبێتە تایبەتمەندییەکی جێگیر لە سیستەمی سیاسیی داهاتووی ئەم وڵاتەدا؟

 

گۆڤاری ئامارجی

News ID 227589

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha