لێکەوتەکانی کشانەوە گەورەکەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان

دوای کشانەوەی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی تورکیا، لە ئێستادا ڕاپۆرتەکان باس لە چۆڵکردنی "گارە" دەکەن کە یەکێکە لە گرنگترین ناوەندە ستراتیژییەکانی پەکەکە؛ هەنگاوێک کە زۆر کەس بە نیشانەی چوونە ناو قۆناغی بێگەڕانەوەی پرۆسەی ئاشتی دەزانن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان دەربارەی چۆڵکردنی پێگەی سەرەکییەکانی پەکەکە لە چیای گارە، ئەگەر پشتڕاست بکرێنەوە، دەکرێت ببنە گرنگترین گۆڕانکاریی مەیدانی لە کاتی دەستپێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی نێوان تورکیا و ئەم گرووپە. بەپێچەوانەی پاشەکشەکانی پێشوو لە ناوچە سنوورییەکانی وەک زاپ، مەتینا و بەشێک لە حەفتانین کە لە ژێر گوشاری ڕاستەوخۆی سوپای تورکیادا ئەنجامدران، گارە بە یەکێک لە ئارامترین و ستراتیژیترین بنکەکانی پەکەکە لە قووڵایی هەرێمی کوردستاندا ئەژمار دەکرێت و بەجێهێشتنی تەنیا وەک گۆڕینێکی تاکتیکیی شوێن سەیر ناکرێت.

گارە لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا ئەڵقەی پەیوەندیی قەندیل، ناوچە سنوورییەکانی تورکیا، شەنگال و سووریا بووە و جگە لە ڕۆڵی لۆجستی، ناوەندەکانی ڕاهێنان، فەرماندەیی، کۆگاکانی چەک و ژێرخانە ئەمنییەکانی پەکەکەی لەخۆ گرتبوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان، تەنانەت کەمپی ژێرزەمینیی "سیان"یش چۆڵ کراوە؛ شوێنێک کە بە یەکێک لە قایمترین دامەزراوەکانی ئەم گرووپە دادەنرا.

گرنگیی ئەم گۆڕانکارییە لەوەدایە کە بۆ یەکەمجار، پرۆسەی ئاشتی لە پاشەکشەکردن لە هێڵەکانی شەڕ تێپەڕیوە و گەیشتووەتە ژێرخانی سەرەکیی سەربازیی پەکەکە. ئەگەر گارە بەڕاستی چۆڵ کرابێت، ئەم کارە دەکرێت نیشانەی دەستپێکردنی هەڵوەشاندنەوەی قۆناغ بە قۆناغی پێکهاتەی سەربازیی ئەم گرووپە بێت لە هەرێمی کوردستان؛ هەنگاوێک کە گەڕانەوە بۆ دۆخی ڕابردوو زۆر قورستر دەکات.

ئەم گۆڕانکارییە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییانە. سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا (میت) بۆ بەغدا و هەولێر و دیدارەکانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی، مەسعوود بارزانی و بەتایبەت بافڵ تاڵەبانی، ئەوە پیشان دەدات کە دانوستانەکان دەربارەی قۆناغی دوای داماڵینی چەک چوونەتە فازی کردارییەوە. زۆر کەس پێیان وایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەتوانێت لە ڕێکخستنی دۆخی داهاتووی بەشێک لە فەرماندە و هێزەکانی پەکەکەدا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت؛ بابەتێک کە پێدەچێت یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی ئەم دواییانە بووبێت.

لەم بەرانبەرەدا، قەندیل هێشتا لەم پرۆسەیە بەدەر کراوە. پێدەچێت تورکیا و پەکەکە لەسەر ئەم بابەتە گەیشتبێتنە چارەسەرێکی ناوەندی؛ بەو مانایەی تا کاتی دیاریکردنی چارەنووسی یاسایی و سیاسیی فەرماندە و هێزەکانی ئەم گرووپە، قەندیل بپارێزرێت، بەڵام چۆڵکردنی گارە وەک نیشانەیەک بۆ بێگەڕانەوەبوونی پرۆسەی داماڵینی چەک ئەنجام بدرێت.

سەرباری ئەمەش، تەمومژێکی گرنگی دیکەش بوونی هەیە؛ ئەویش ئەوەیە کە دوای چوونە دەرەوەی پەکەکە، ئایا سوپای تورکیا لە گارە بنکەی هەمیشەیی دروست دەکات یان دوای پشتڕاستکردنەوەی پاشەکشەکە، ناوچەکە بەجێدەهێڵێت. ئەم بابەتە دەتوانێت کاریگەریی بەرچاوی هەبێت لەسەر داهاتووی سەروەریی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر، بەغدا و ئەنقەرە.

بەگشتی، پاشەکشەی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان ئیتر تەنیا بە واتای بەجێهێشتنی چەند پێگەیەکی سنووری نییە، بەڵکو ئەگەر ڕاپۆرتەکانی دەربارەی گارە ڕاست بن، پرۆسەی ئاشتی چووەتە قۆناغێکەوە کە ڕاستەوخۆ پێکهاتەی سەربازی و لۆجستیی ئەم گرووپەی کردووەتە ئامانج؛ قۆناغێک کە دەکرێت ببێتە خاڵی وەرچەرخان لە کۆتاییهێنان بە چەند دەیە لە ئامادەیی چەکداریی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان.

 

نەشناڵ کۆنتێکست

News ID 227502

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha