بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری پسپۆڕیی CyberScoop لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاشکرای کردووە کە لانی کەم دوو ژێرخانی ئینتەرنێتیی سوپای ئەمریکا کراونەتە ئامانجی هێرشێک کە بە «ڕفاندنی لاپەڕەکانی ۴۰۴» (۴۰۴ Hijacking) دەناسرێت، و لاپەڕەکانی هەڵەی ئەو ماڵپەڕانە بە پەیامگەلێک لە پشتگیریی «کوردستان» و بابەتگەلی سووکایەتیپێکەر لە دژی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا، گۆڕدراون.
گۆڤاری پسپۆڕیی CyberScoop لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی کە دوو ژێرخانی ئینتەرنێتیی سوپای ئەمریکا بە ناونیشانەکانی oil.army.mil و ai۲c.army.mil، کراونەتە ئامانجی هێرشێکی سایبەری لە جۆری «ڕفاندنی لاپەڕەکانی ۴۰۴».
بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، بەکارهێنەران لە کاتی سەردانیکردنی لاپەڕەکانی هەڵەی ئەم ماڵپەڕانەدا، لەگەڵ پەیامگەلێکدا ڕووبەڕوو دەبوونەوە کە دروشمی «FREE KURDISTAN» (کوردستان ئازاد بکەن)، بابەتگەلی سووکایەتیپێکەر لە دژی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک (باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا) و هەروەها دەستەواژەی «Kurdish sr was here»ی تێدابووە.
یەکێک لەم ماڵپەڕانە سەر بە تاقیگەی داهێنانی کراوەی سوپای ئەمریکایە و ئەوی تریان پەیوەندی بە ناوەندی یەکخستنی ژیریی دەستکردی سوپاوە هەیە.
ئەم هێرشە بۆ یەکەمجار لەلایەن ڕۆناڵد لاڤلیس، توێژەری سەربەخۆی ئاسایشی سایبەرییەوە دەستنیشانکرا و ناوبراو بابەتەکەی بە بەرپرسانی سوپای ئەمریکا و گۆڤاری CyberScoop ڕاگەیاند.
بە گوتەی شارەزایان، لەو هێرشانەی کە بە ۴۰۴ Hijacking دەناسرێن، هاکەرەکان بەبێ دزەکردنی ڕاستەوخۆ بۆ ناو لاپەڕە سەرەکەییەکانی ماڵپەڕەکە، سیستەمی بەڕێوەبردنی لاپەڕەکانی هەڵە دەستکاری دەکەن، بۆ ئەوەی لە کاتی پیشاندانی هەڵەی ۴۰۴دا، ئەو ناوەڕۆکەی کە خۆیان دەیانەوێت بە بەکارهێنەرانی پیشان بدەن. ئەم شێوازە بەزۆری لە ڕێگەی بوونی کەلێن و لاوازیی ئاسایشی لە زیادکراوەکان (ئەدمینەکان)، سیستەمی بەڕێوەبردنی ناوەڕۆک یان ڕێکخستنەکانی سێرڤەرەوە ئەنجام دەدرێت و دۆزینەوەی قورسترە، چونکە بەشەکانی تری ماڵپەڕەکە بەبێ گۆڕانکاری دەمێننەوە.
لاڤلیس ڕایگەیاند کە هەردوو ماڵپەڕەکە وێردپرێس (WordPress) و ژێرخانی هەوریی مایکرۆسۆفت بەکاردەهێنن، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەم دزەکردنە تا چەند بەردەوام بووە، چەند ژێرخانی تری گرتووەتەوە و هێرشبەران چۆن توانیویانە لاپەڕەکانی هەڵە بگۆڕن.
دوای پەیوەندیکردنی CyberScoop بە سوپای ئەمریکاوە، ئەم دوو ماڵپەڕە لە دەستڕەسەر هێڵ لادران و داخران.
مەیجەر (سەرپەل) شۆن مینتۆن، وتەبێژی سوپای ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە لاپەڕە زیانپێکەوتووەکان لەسەر پلاتفۆرمێکی کۆن سەر بە لایەنێکی سێیەم میوانداری کرابوون و بە تۆڕی سەرەکەیی سوپاوە بەستراوە نەبوون. بە گوتەی ئەو، تیمە تەکنیکییەکان دەستبەجێ بۆ کۆنترۆڵکردنی ڕووداوەکە چوونەتە ناو کارەوە و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەم ڕووداوە هێشتا بەردەوامن.
سوپای ئەمریکا جەختی کردووەتەوە کە هێشتا زووە بۆ لێدوان و دەربڕینی ڕا لەسەر سەرچاوەی هێرشەکە یان ڕادەی ڕاستەقینەی دزەکردنەکە، و ڕوون نییە ئایا ئەم ڕووداوە تەنها لە گۆڕینی لاپەڕەکانی هەڵەدا کورت بووەتەوە یان ڕەهەندی بەربڵاوتری هەبووە.
گۆڤاری CyberScoop دەنووسێت هێشتا ناسنامەی ئەنجامدەرانی ئەم هێرشە دیار نییە، بەڵام ئاماژە بەردەوامەکان بۆ کوردستان بووەتە هۆی زیادبوونی پێشبینییەکان لەسەر ڕۆڵی هاکتیڤیستە (هاکەرە چالاکوانەکان) پشتگیریکەرانی کورد. ئەم گۆڤارە ئەوەش وەبیردەهێنێتەوە کە گۆڕینی ڕوکاری ماڵپەڕە حکومییەکان لە ڕابردووشدا یەکێک بووە لە شێوازە باوەکانی هەندێک لە گرووپە هاکتیڤیستە کوردییەکان.
ئەم ڕاپۆرتە هەروەها ئاماژە بە ناڕەزایەتیی هەندێک لە ڕەوتە پشتگیریکەرانی کورد دەکات لە هەڵوێستەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ و تۆم باراک سەبارەت بە پێشهاتەکانی سووریا و ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە ئەوان بەهۆی پشتگیریکردنیان لە هەوڵەکانی حکومەتی سووریا بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچە کوردییەکان، لەلایەن چالاکوانانی کوردەوە ڕەخنەیان لێگیرابوو.
ئەم گۆڤارە لە کۆتاییدا ئەوە وەبیردەهێنێتەوە کە ئەمە یەکەمجار نییە ماڵپەڕەکانی سوپای ئەمریکا دەکرێنە ئامانج؛ لە ساڵی ٢٠١٥شدا گرووپێک کە بە «سوپای ئەلیکترۆنیی سووریا» دەناسران، بە هێرشکردنە سەر چەند ماڵپەڕێکی سوپا و فەرماندەیی ستراتیژیی ئەمریکا، بۆ ماوەیەک لە کارخستنیان و لە دەستڕەسەر لایان بردن.
Your Comment