لە دۆسیەی بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراقدا دەستبەسەر ۲۵ ملیار دیناری دیکەدا گیرا

لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، دەسەڵاتی دادوەری عێراق دەستبەسەرداگرتنی ۲۵ ملیار دینار لەگەڵ یەک ملیۆن دۆلاری دیکەی لە ماڵی بریکاری وەزارەتی نەوت (عەدنان جومەیلی) ڕاگەیاند، کە لە ناو بوتڵی ئاودا شاردرابونەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپێس، دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی گەندەڵی لە بەغدا ڕایگەیاند، لە بەردەوامی لێکۆڵینەوەکان لە دۆسیەی (عەدنان جومەیلی) بریکاری وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، توانرا دەستبەسەر بڕی ۲۵ ملیار دیناری دیکە و یەک ملیۆن دۆلار و پێنج کیلۆگرام زێڕدا بگیرێت. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەم بڕە پارە زۆرە لە ناو بوتڵی ئاوی پلاستیکیدا و لە شوێنی نهێنیدا لە ناو ماڵی تۆمەتبارەکە لە شاری تکریت شاردرابونەوە.

ئەم هەڵمەتە دوای بەدواداچونی ورد دێت بۆ کۆکردنەوەی ئەو سامانانەی کە لە ئەنجامی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە پڕۆژەکانی ژێر دەسەڵاتی تۆمەتباردا بەدەستهاتون. بەمەش کۆی گشتی ئەو پارانەی تاكو ئێستا لەم دۆسیەیەدا دەستیان بەسەردا گیراوە، بەرزبوەوە بۆ ۱۲۷ ملیار دینار لەگەڵ ۲۴ ملیۆن دۆلاری دیكە، جگە لە دەستبەسەرداگرتنی چەندین خانو، زەوی، ئۆتۆمبێل و بڕێکی زۆر لە زێڕ و خشڵ.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكەی دەسەڵاتی دادوەری عێراق،  لێکۆڵینەوەکان لەم کەیسەدا هێشتا کۆتاییان نەهاتوە و هەوڵەکان بۆ ڕاوەدونانی هەمو ئەو کەس و لایەنانەی دیکە کە تێوەگلاون بەردەوامە. ئامانج لەم ڕێکارانە تەواوکردنی هەمو قۆناغە یاساییەکان و گێڕانەوەی ئەو سامانە گشتیانەیە کە لە ڕێگەی گەندەڵییەوە بەفیڕۆ دراون، تاوەکو هەمو تۆمەتباران ڕوبەڕوی سزای دادپەروەرانە ببنەوە.

عەدنان جومەلی،  بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوتن بو كە هاوكات سەرۆکی کۆمپانیای نەوتی باکوری بوە. ناوبراو لە کاتەکانی کۆتایی مانگی (ئایار/۵)ـی ساڵی ۲۰۲۶ بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی گەورە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکرا و دۆسیەكەی جگە لە دەنگدانەوە گەورەكەی بوە هۆی هەڵمەتێكی فراونتر لەلایەن حکوومەتی عێراق كە دەستگیركردنی دەیان سیاسی، ئەندام پەرلەمانی و بازرگانی گرتەوە.

News ID 227517

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha