ئایا «مزگەوتی گەورەی بارزانی» ڕازی بنبەستی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاشکرا دەکات؟

مزگەوتێک بە قەبارەیەکی کەم وێنە لە هەرێمی کوردستاندا، زیاتر لەوەی پەیوەندی بە ئایینەوە هەبێت، پەیوەندی بە جۆرە تێڕوانینێکەوە هەیە بۆ دەسەڵاتداری و لێکچوونی لەگەڵ مۆدێلی دەوڵەتانی کەنداودا.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لەکاتێکدا هەرێمی کوردستانی عێراق دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە ٦٠٠ ڕۆژ هێشتا نەیتوانیوە حکوومەتی نوێ پێکبهێنێت، دەستپێکردنی پڕۆژەی دروستکردنی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" لە هەولێر، مشتومڕێکی بەرفراوانی دەربارەی ئەولەویەتەکانی حکوومەت و تەنانەت جۆری ڕوانینی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەسەڵات هێناوەتە ئاراوە. گۆڤاری «نەشناڵ کانتێکست» (National Context) لەمبارەیەوە نووسیویەتی: ئەم پڕۆژەیە تەنیا تەلارسازییەکی ئایینی نییە، بەڵکوو هێمایە بۆ جۆرە تێگەیشتنێک لە فەرمانڕوایی کە خۆی بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی قەیرانی سیاسی لە هەرێمدا.

مەسعوود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی هەمیشە پێگەیەکی تایبەتیان لە مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورددا هەبووە، بەڵام ئەم پڕۆژە نوێیە کە بە دەستپێشخەریی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، مەسروور بارزانی دەستی پێکردووە، لە ڕوانگەی ئەم گۆڤارەوە هەوڵێکە بۆ گۆڕینی ناوی "بارزانی" بۆ هێمایەکی هەمیشەیی دەسەڵاتی سیاسی؛ مۆدێلێک کە زیاتر لەوەی ئیلهامی لە مێژووی کوردستان وەرگرتبێت، لە ئەزموونی وڵاتانی عەرەبیی دەوری کەنداو، بەتایبەت میرنشینە یەکگرتووە عەرەبییەکان (ئیمارات) دەچێت.

پڕۆژەیەک بە ڕیکۆردە جیهانییەکانەوە

بەپێی ئەو نەخشەیەی ڕاگەیەندراوە، بڕیارە مزگەوتی گەورەی بارزانی ڕووبەرەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن مەتر چوارگۆشە بێت و بەهۆی هەبوونی گەورەترین گومەز، بەرزترین دەروازەی چوونەژوورەوە، گەورەترین فەرشی دەستچن و گەورەترین کاتژمێری خۆری لە جیهاندا، لە ڕیزی گەورەترین کۆمەڵگە ئایینییەکانی دنیادا بێت. توانای حەوشە و هۆڵی سەرەکیی نوێژکردنەکەی نزیکەی ٩ هەزار نوێژخوێنە و دەوروبەریشی بۆ پێشوازیکردن لە سەدان هەزار کەس نەخشێنراوە.

مەسروور بارزانی لە کاتی دەستپێکردنی کارەکانی ئەم پڕۆژەیەدا ڕایگەیاند کە هەولێر بۆ بەرزکردنەوەی پێگەی جیهانیی خۆی پێویستی بە هێمایەکی لەو شێوەیە هەیە؛ گوتەیەک کە لە ڕوانگەی نووسەرەوە، زیاتر لەوەی دەربارەی گەشەپێدانی شار بێت، ڕەنگدانەوەی جۆرە تەماحێکی سیاسییە.

کۆپیکردنی مۆدێلی پایتەختە عەرەبییەکان

ئەم شیکارییە پێی وایە ئەم پڕۆژەیە پەیڕەوی لە هەمان ئەو مۆدێلە دەکات کە لە ماوەی دەیەکانی ڕابردوودا لە وڵاتانی عەرەبیی کەنداودا پەیڕەو کراوە؛ مۆدێلێک کە تێیدا تەلارە ئایینییە مەزنەکان بە ناوی دامەزرێنەرانی دەسەڵاتەوە دروست دەکرێن تا بەستەرێکی هەمیشەیی لە نێوان بنەماڵەی فەرمانڕەوا، دەوڵەت و ناسنامەی نەتەوەییدا دروست بکەن.

لە ئیمارات، مزگەوتی شێخ زاید، لە عومان مزگەوتی سوڵتان قابووس و لە بەحرەین مزگەوتی ئەحمەد ئەلفاتیح، هەر یەکەیان خاوەنی کارکردێکی لەو شێوەیەن. بەڵام نووسەر پێی وایە پڕۆژەکەی هەولێر هەنگاوێک زیاتر دەچێتە پێشەوە، چونکە ناوی "بارزانی" تەنیا ئاماژە نییە بۆ یەک کەسایەتی، بەڵکو نوێنەرایەتیی تەواوی بنەماڵەیەکی سیاسی دەکات و هەر ئەمەش پڕۆژەکە دەکاتە هێمایەک بۆ بەردەوامیی بنەماڵەیەکی سیاسی (شوورەیی).

لێکچوون لەگەڵ مۆدێلەکەی محەمەد بن زاید

بەشێکی گرنگی وتارەکە تەرخانکراوە بۆ بەراوردکاری نێوان مەسروور بارزانی و محەمەد بن زاید، سەرۆکی ئیمارات.

بە بڕوای نووسەر، مەسروور بارزانی دوای گەشتەکانی بۆ ئیمارات، هەوڵی داوە پەیڕەوی لە هەمان ئەو مۆدێلە بکات کە تێیدا محەمەد بن زاید ناوی شێخ زایدی کردە کۆڵەکەی سەرەکیی ناسنامەی نەتەوەیی ئیمارات؛ مۆدێلێک کە لەسەر تەلارسازیی مەزن، دروشمەکانی لێبوردەیی و تۆمارکردنی ڕیکۆردە جیهانییەکان دامەزراوە. لەم ڕوانگەیەوە، مزگەوتی گەورەی بارزانی تەنیا تەلارێکی ئایینی نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ چەسپاندنی ناوی بنەماڵەی بارزانی وەک ناسنامەی هەمیشەیی دەسەڵاتی هەرێم.

دژایەتی لەگەڵ واقیعی سیاسیی هەرێمدا

بەڵام نووسەر پێی وایە کێشە سەرەکییەکە ڕێک لەم خاڵەوە دەست پێدەکات. بە پێچەوانەی ئیمارات کە خاوەنی سیستمێکی مەرکەزی و میراتییە، هەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای بەشداریی دوو پارتی سەرەکی، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەڕێوە دەچێت؛ دوو ڕەوت کە هەر لایەکیان خاوەنی پێکهاتەی ئەمنی، ئابووری و سیاسیی سەربەخۆی خۆیانن و پێکهێنانی هەر کابینەیەک پێویستی بە ڕێککەوتن و دابەشکردنی دەسەڵات هەیە لە نێوانیاندا.

بە بڕوای نووسەر، ئەو ڕێبەرەی کە دەسەڵات وەک مافێکی میراتی سەیر بکات، سروشتییە کە قورستر دەتوانێت لەگەڵ بنەمای بەشداریکردن، دابەشکردنی وەزارەتەکان یان قبوڵکردنی ڕۆڵی یەکسانی ڕکابەرەکەیدا ڕێکبکەوێت و هەر ئەم عەقڵیەتەش پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت ئاڵۆزتر دەکات. بەم هۆیەشەوە، وتارەکە دەڵێت بنبەستی پێکهێنانی کابینە تەنیا لەبەر ناکۆکی لەسەر وەزارەتەکان یان داهاتی نەوت نییە، بەڵکو ڕەگێکی قووڵتری لە تێگەیشتنی ڕێبەران بۆ چەمکی دەسەڵات هەیە.

ڕەخنە لە تێچووی پڕۆژەکە

وتارەکە لە ڕوانگەی ئابووریشەوە پرسیار دەخاتە سەر ئەم پڕۆژەیە. بە نووسینی گۆڤاری «نەشناڵ کانتێکست»، هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لە پێدانی بەکاتی مووچەی فەرمانبەراندا ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە و هێشتا هیچ زانیارییەکی ڕوون دەربارەی تێچووی کۆتایی ئەم پڕۆژەیە بڵاو نەکراوەتەوە. لە ڕوانگەی ئەو کاتەوە، پڕۆژەیەک کە بڕیارە ڕیکۆردی جیهانی تۆمار بکات، بەبێ ئەوەی دیار بێت چ سوودێکی ئابووری یان کۆمەڵایەتی دەبێت، زیاتر لە نمایشکردنی دەسەڵات دەچێت نەک وەبەرهێنانێکی گەشەپێدان.

ئایا هەولێر پێویستی بە هێمایەکی نوێ هەیە؟

یەکێکی تر لە تەوەرە ڕەخنەیییەکانی وتارەکە، تیشکخستنە سەر بەڵگەکەی مەسروور بارزانییە دەربارەی پێویستیی هەولێر بۆ هێمایەکی جیهانی. نووسەر ئەوە وەبیر دێنێتەوە کە هەولێر یەکێکە لە کۆنترین شارەکانی جیهان کە مێژوویەکی چەند هەزار ساڵەی هەیە، و قەڵای مێژوویی هەولێر، منارەی چۆلی و شوێنەوارە مێژووییەکانی تری، خۆیان لە گرنگترین هێماکانی ناسنامەی شارەکە ئەژمار دەکرێن. لێرەوە، ئەو پێی وایە دروستکردنی تەلارێکی نوێی ئاوا گەورە، نەک تەنیا پێویست نییە، بەڵکو ڕەنگە ببێتە هۆی خستنەپەراوێزی میراتی مێژوویی شارەکەش.

لێکەوتە ناوچەیییەکان

لە بەشی کۆتاییدا، وتارەکە دەپەرژێتە سەر ڕەهەندە جیۆپۆلەتیکییەکانی بابەتەکە. بە بڕوای نووسەر، نزیکبوونەوەی هێمایی هەرێمی کوردستان لە مۆدێلی ئیمارات، لە دۆخێکدا کە پەیوەندییەکانی ئەبوو زەبی لەگەڵ هەندێک لە ئەکتەرە ناوچەیییەکان لەوانە ئێران و تا ڕادەیەک تورکیا خاوەنی هەستیارییە، دەتوانێت تێچووی سیاسیی نوێ بۆ هەولێر دروست بکات. نووسەر جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان نە لە ڕووی پێگەی جوگرافی، نە پێکهاتی یاسایی و نە سەرچاوەی داراییەوە، شیاوی بەراوردکردن نییە لەگەڵ ئیماراتدا و هەوڵدان بۆ کۆپیکردنی ئەو، زیاتر لەوەی دەستکەوتێکی هەبێت، دەتوانێت ئاڵۆزییە سیاسییەکانی هەرێم زیاتر بکات.

بە گشتی، نووسەر، مزگەوتی گەورەی بارزانی تەنیا وەک پڕۆژەیەکی تەلارسازی نابینێت، بەڵکو ئەوە وەک هێمایەک لە جۆری ڕوانینی مەسروور بارزانی بۆ دەسەڵات و فەرمانڕوایی هەڵدەسەنگێنێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، هەر ئەم تێگەیشتنە لە دەسەڵات، کە زیاتر لە سیستمی میراتی دەچێت وەک لە مۆدێلی حکومەتی هاوپەیمانی، یەکێکە لە هۆکارەکانی بەردەوامیی بنبەستی پێکهێنانی حکومەت لە هەرێمی کوردستاندا؛ ئەگەرچی ئەم شیکارییە، تێڕوانینێکی ڕەخنەیی و جێی مشتومڕە و مەرج نییە ڕەنگدانەوەی ڕوانگەی هەموو شیکەرەوان یان ڕەوتە سیاسییەکانی هەرێم بێت.

News ID 227407

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha