بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «محەمەد باقر قالیباف»، سەرۆکی شاندی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کاتی گەڕانەوەیدا لە دانوستانە چوارقۆڵییەکانی سویسرا، لە چاوپێکەوتنێکدا کە شەوی دووشەممە (۱ی تەممووز) لە میدیای فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە، ڕایگەیاند: «هەندێک لە هاوڕێیان وا هەست دەکەن مەیدانی دیپلۆماسی لە دژایەتیدایە لەگەڵ مەیدانی سەربازیدا، لە کاتێکدا ئەم تێگەیشتنە لە بنەڕەتدا هەڵەیە. چونکە لە مەیدانی سەربازیدا، هەر سەرکەوتنێک بەدەست بێت، کاتێک دەتوانین دەستکەوتەکانی ببینین کە ئەو سەرکەوتنە لە ڕووی سیاسی و یاساییەوە تۆمار بکرێت و بمێنێتەوە. بەبێ دیپلۆماسی، ڕەنجی مەیدانی جەنگ بەرهەمی نابێت.»
دانوستان ڕێگایەکی خەبات و بەردەوامیی خەباتە
ناوبراو زیادی کرد: «جاری وا هەیە لە بواری سەربازیدا مەرجگەلێک دەڕەخسێت کە بواری دیپلۆماسی، هەمان ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنێت کە مەیدانی جەنگ دەیویست پێش بکەوێت و ئێستا گونجاو نییە. بە دەستەواژەیەکی تر، دانوستان ڕێگایەکی خەبات و بەردەوامیی خەباتە؛ بۆیە، دروستکردنی دووفاقیی لە نێوان ئەم دوو مەیدانەدا، باسێکی لاڕێکارە.»
سەفەر بۆ سویسرا درێژکراوەی مەیدانی سەربازی بوو
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران جەختی کردەوە: «سەفەرەکەمان بۆ سویسرا بۆ دانوستانە چوارقۆڵییەکان، دەقیقەن لە درێژەی مەیدانی سەربازیدا بوو. هێزە چەکدارەکانی ئێمە بە شانازی، هێز و ئازایەتییەوە، ئەم سەرکەوتنە گەورەیەیان بەدەست هێنا. لە قۆناغی ئاگربەست و کۆتایی جەنگدا، ئەم بەشەمان بە دانوستان پێش خست. ئەگەر لە جێبەجێکردنیدا کێشە بێتە پێش، لە وەڵامدا دەتوانین هەم بە مووشەک وەڵام بدەینەوە و هەم بە دانوستان چارەسەری بکەین.»
قالیباف جەختی کردەوە: «سروشتییە کە هەموومان، چ هێزە چەکدارەکان و چ دەزگای دیپلۆماسی، بەردەوام لە پەیوەندیداین لەگەڵ یەکتردا. منیش دیپلۆماتکار نیم؛ پێشمەرگە و جەنگاوەرم.» ئەو لە درێژەدا گوتی: «دیپلۆماسیمان پەیڕەو کرد و بینیتان کە کۆتایی جەنگ و لادانی گەمارۆدانەکەمان بە گفتوگۆ، بە شێوازی خەبات و بە پشتبەستن بە هێزی مەیدان کۆتایی پێهێنا. کایەی دیپلۆماسی و مەیدانی جەنگ تەواوکەری یەکترن.»
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە درێژەدا گوتی: «سەبارەت بە پرسی لوبنان، لەو کاتەوەی چووینە ناو دانوستانەکانی سویسرا، بینیمان کە ئاگری دوژمن لەسەر لوبنان بڕاوە و بەشێکی زۆری خەڵک گەڕاونەتەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان. ئینشەڵا بەو بڕیارەی لە سویسرا درا، سەروەریی خاکی و حاکمیەتی نەتەوەیی لوبنان لەم گفتوگۆیانەدا دەگەیەنینە ئەنجام و تا گەیشتن بە ئەنجام وازی لێ ناهێنین.»
متمانەمان بە ئەمریکا نییە
قالیباف بە ئاماژەدان بەوەی کە متمانەمان بە ئەمریکییەکان نەبووە و نییە و مەرجی عەقڵیشە لە داهاتووشدا بێ متمانە بین، گوتی: «لە گفتوگۆکانماندا لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، بە نەخشەڕێگا و مۆدێلێکی دیاریکراوەوە جووڵاینەوە و بەندی ۱۳ لە تێگەیشتنەکەدا جێگیر کرا کە بەپێی ئەو، بەهۆی بێ متمانەیی بە لایەنی ئەمریکی، دەبوو هەنگاوەکانی ئەمریکا لە بەندەکانی ۱، ٤، ٥، ۱۰ و ۱۱دا دەستبەجێ دوای واژۆکردنی تێگەیشتنەکە جێبەجێ بکرێن یان لانی کەم کارە جێبەجێکارییەکانیان دەست پێبکات تا دڵنیا بین کارەکە دەستی پێکردووە؛ پاشان بچینە سەر بابەتەکانی تر.»
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختی کردەوە: «یەکێک لە کارە باشەکانی هاوکارانمان لە شاندی دانوستانکار ئەوە بوو کە دوو ڕووداوی گەورە ڕوویاندا و هاوکات لەگەڵ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکە، گەمارۆکە لادرا. ئەگەر بمانویستایە بە ڕێگای سەربازی ئەم کارە بکەین، سروشتییە کە جەنگە و زیانی بەدوای خۆیدا دەهێنا؛ بەڵام بینیتان کە گەمارۆکە یەکشەوە چارەسەر بوو.»
ئەو لە درێژەدا گوتی: «ترەمپ دوای واژۆکردنی تێگەیشتنەکە ڕایگەیاند کە گەرووی هورمز لە ئەمشەوەوە ئازادە؛ لە کاتێکدا بەپێی بەندی ٤ی تێگەیشتنەکە، دەبوو لە ماوەی ۳۰ ڕۆژدا و بە ضوابط و پێوەرەکانی ئێران ئازاد بکرێت. ئەمە هێزی کۆماری ئیسلامییە کە توانیمان ترەمپ ناچار بکەین ئەو تویتەی بڵاوی کردبووەوە ڕاستی بکاتەوە و ئەمەش ئەنجامی تێکەڵکردنی هێزی نەرم و ڕەقی ئێمەیە.»
ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و لادانی گەمارۆ نەوتییەکان یەکلایی بوویەوە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە درێژەدا بە ئاماژەدان بە ئازادکردنی سەرمایە بلۆککراوەکانی وڵاتەکەی ڕوونی کردەوە: «بەپێی بەندی ۱۱ دەبوو دوو بڕی ٦ ملیار دۆلاری ئازاد بکرێت کە پێشتر کارەکانی لە سەفەری قەتەردا ئەنجام درابوون، بەڵام واژۆی کۆتاییەکەی دەبوو لە سەفەری سویسرادا بکرێت کە کرا.»
جەختیشی کردەوە: «سەبارەت بە بەندی ۱۰، بابەتی فرۆشتنی نەوتی خاو، پێترۆکیمیایی و بەرهەمەکانی، هەروەها بابەتە بانکییەکان، بیمە و گواستنەوە لە ئارادایە. لەبەر ئەوەی هێشتا ڕێککەوتنی کۆتایی نەکراوە، گەمارۆکان هەرماون؛ بۆیە لەسەر بنەمای ڕێککەوتننامە واژۆکراوەکە، تا گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی، گەمارۆ نەوتییەکان لادران.»
قالیباف یەکێکی تر لە باسە گرنگەکانی بە چوارچێوەی چۆنیەتیی بەدواداچوونی جێبەجێکردنی بەندەکانی تێگەیشتنەکە تا کۆتایی ٦۰ ڕۆژەکە زانی و گوتی: «ئەم بابەتەش گەیشتە ئەنجام و هەماهەنگی کرا تا شاندەکانی ئێران و ئەمریکا کۆبوونەوەیان هەبێت و بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتانە و جێبەجێکردنیان بکەن.»
ڕژێمی زایۆنی بە توندی دژی پرۆسەی دانوستانەکانە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران بە ئاماژەدان بەوەی کە لە ڕێککەوتننامەکەدا جەخت لەسەر کۆتاییهێنان بە جەنگ لە ئێران و بەرەی مقاوەمە کراوەتەوە، ڕایگەیاند: «کۆتایی جەنگ لە سنووری خاکی ئێمەدا جێگیر بوو، ئەگەرچی تەحەددایەکمان لە گەرووی هورمزدا هەبوو. بێگومان گەمارۆدانی دەریاییش لە سەردەمی ئاگربەستدا ڕووی دا کە خۆی جۆرێکە لە جەنگ.»
زیادی کرد: «ئەم ڕووداوانە لە لوبنان بە شێوازێکی تر ڕوویاندا؛ هێرشە سەربازییەکان بەردەوام بوون و کارەساتەکانی زاحییە ڕوویاندا کە ئێمە بە مووشەک وەڵامی ئیسرائیلمان دایەوە؛ چونکە هێڵی سوور ئەوە بوو کە هیچ هێرشێک نەکرێتە سەر بەیرووت و لە باشووری لوبنانیش ئاگربەست ڕابگەیەنرێت.»
قالیباف جەختی کردەوە: «ڕژێمی زایۆنیستی بە توندی دژی پرۆسەی دانوستانەکانە؛ چونکە لەناوچوونی خۆی لەم ڕێگایەدا دەبینێت و دەیەوێت لە پرۆسەی دانوستانەکاندا کارشکێنی بکات. بێگومان بە چوونە ناوەوەی ئێمە بۆ دانوستانەکانی سویسرا و بەدواداچوونە ئەنجامدراوەکان، هەم قەبارەی ئاگرەکە کەم بووەوە و هەم لە ماوەی دوو ڕۆژدا ڕاگیرا. لە دانوستانەکانیشدا گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە ئێران و ئەمریکا دەبێت هەردوولا سەروەریی خاکی لوبنان گەرەنتی بکەن.»
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران زیادی کرد: «گەرەنتیی سەروەریی خاک لە ڕێککەوتننامەکەشدا هاتبوو و دەبوو بەدواداچوونی بۆ بکرێت تا جێبەجێ بکرێت. بۆ ئەم مەبەستەش بڕیار درا ناوەندێک بۆ هەماهەنگییەکان دروست بکرێت تا کێشەکان چارەسەر بکرێن، خەڵکی لوبنان بتوانن بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان و هێزەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە خاکی لوبنان بکشێنەوە.»
ئەگەر نەچووباینە سویسرا، هەر ساتێک خوێنی زیاتری موسڵمانانی لوبنان دەڕژا
ئەو بە ئاماژەدان بە یەکێک لە بەرنامە تەلەفزیۆنییەکان کە هێرشی کردبووە سەر تیمی دانوستانکار، گوتی: «لەو بەرنامەیەدا ڕاگەیەندرا کە خۆزگە فڕۆکەخانەی مێهرئابادیان دابخستایە تا تیمی دانوستانکار نەچنە سویسرا. بەو ئازیزانە دەڵێم ئەگەر نەچووباینە سویسرا، هەر ساتێک خوێنی زیاتری موسڵمانان و شیعەکانی لوبنان دەڕژا.»
قالیباف لە درێژەدا ڕایگەیاند: «من لە یەکەمین کەسەکان بووم کە لە سەرەتای جەنگدا بە ڕوونی گوتم با هەمووان بزانن هەرگیز بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ. بێگومان یاسا نێودەوڵەتییەکان ڕێزیان لێ دەگیرێت و گەرووی هورمز بە ڕەچاوکردنی ئەم یاسایانە و بە ڕێوشوێنی ئێرانی، لەلایەن ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت.»
دروستکردنی هێڵی پەیوەندیی تەلەفۆنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گەرووی هورمز
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران زیادی کرد: «بێگومان لەوانەیە کێشە لە گەرووی هورمزدا بێتە پێش؛ بۆیە ڕێککەوتین ناوەندێک دروست بکرێت و هێڵێکی تەلەفۆنی دابمەزرێت تا لە ماوەی ۳۰ ڕۆژەکەدا، ئەگەر کێشەیەک هاتە پێش، بتوانین بە خێراییەکی زیاتر کێشەکان چارەسەر بکەین. ئینشەڵا ئابووریی ناوچەکەش بووژانەوە بەخۆوە دەبینێت.»
ئەو زیادی کرد: «ئەم هێڵی پەیوەندییە بۆ مۆڵەت نییە؛ مۆڵەت ڕێڕەوی خۆی هەیە. ئەم هێڵە تەنیا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەشتییەکان یان ڕووداوە ئەگەراییەکانە تا ڕوونکردنەوەی لەسەر بدرێت. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە بەڕێوەبردنی گەرووەکە لە دەستی ئێراندایە و کێشەکان ئێمە چارەسەریان دەکەین.»
قالیباف دەربارەی هۆکاری چوونەدەرەوەی شاندی ئێرانی لە دانوستانەکان دوای هەڕەشەکانی ترەمپ ڕوونی کردەوە: «ئێمە بنەمایەکمان هەیە و هەرگیز، تا ئەم ساتە، نەمانویستووە لە یەک چوارچێوەدا (کادردا) لەگەڵ ئەمریکییەکاندا بین. هاوڕێیانی نێوەندگیر لەم باسەدا پێداگربوون کە ئەمە سەرەتای گفتوگۆکانە، بەڵام ئێمە بە ڕوونی ڕامانگەیاند کە لەم چوارچێوەیەدا ئامادە نابین و تەنیا بۆ دانوستان دێین، بەبێ ئەوەی لە یەک چوارچێوەدا بین.»
ناوبراو بەردەوام بوو: «لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا تێگەیشتم کە ترەمپ بە شێوازی هەڕەشەئامێز دەربارەی سەرۆک کۆمار، تیمی دانوستانکار و هێرشکردنە سەر خاکی ئێمە قسەی کردووە. بە 'ڤانس'م گوت ئێمە لێرە لە حاڵی گفتوگۆداین و لەسەر بنەمای تێگەیشتنە واژۆکراوەکە، لە بەندی یەکەمدا هاتووە کە نابێت هەڕەشە و زۆرداری هەبێت؛ بەڵام ئەمڕۆ سەرۆک کۆماری ئێوە هەڕەشەی کردووە. بزانن ئێمە هیچ کاتێک لە کاتی هەڕەشە و زۆرداریدا دانوستان ناکەین. کۆتاییمان بە دانوستانەکە هێنا، لە کۆبوونەوەکە هاتینە دەرەوە و چیتر نەگەڕاینەوە بۆ کۆبوونەوەکە.»
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران گوتیشی: «لایەنی ئەمریکی بەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی تردا بوو بە ئامادەبوونی نێوەندگیرەکان، بەڵام قبوڵمان نەکرد. نێوەندگیرە قەتەری و پاکستانییەکان هاتنە لای ئێمە و پێمان گوتن لەگەڵ ئێوەدا قسە دەکەین، بەڵام لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا قسە ناکەین. کۆبەندی ئەم گفتوگۆیانە و دانوستانە ٨۰ خولەکییە، بەیاننامەیەک بوو کە لایەنی پاکستانی و قەتەری بڵاویان کردەوە.»
جەختیشی کردەوە: «ڕاگرتنی جەنگ لە لوبنان، بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز، ئازادکردنی پارە بلۆککراوەکان و لادانی گەمارۆ نەوتییەکان، لە دەستکەوتەکانی سەفەری سویسرا بوون.»
قالیباف بە ئاماژەدان بەوەی کە هێزە چەکدارەکانمان پێویستیان بە نوێکردنەوە هەیە، گوتی: «من بەپێی بەشی خۆم لەم بوارەدا هەوڵ دەدەم تا لە باسی کەرەستە و کارمەنداندا، سەرنجی پێویست بدرێتە هێزە سەربازییە ئازاکانمان. مەیدانی داهاتووش مەیدانی شەقامە کە هەم بواری سەربازی و هەم دیپلۆماسی پێویستیان پێیەتی و ئەم مەیدانە، بەڕاستی جووڵەیەکی گەورەیە کە ڕووی داوە.»
بزانین قسەی کۆتایی، کەلام و فەرمانی ڕێبەرە
سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئێران لە درێژەدا گوتی: «ڕەخنە و زانیاری، مافی هەموو خەڵکە. بێگومان لەبەر ئەوەی لە جەنگداین، ئەگەر بمانەوێت هەموو شتێک بڵێین تا خەڵک ئاگادار بن، بەو ڕادەیەش دوژمن لە نهێنییەکانی ئێمە ئاگادار دەبێت. بۆیە ناچارین، نەک لەبەر بێ متمانەیی بە خەڵک، بەڵکو لەبەر ئەوەی دوژمن سوود لەوە وەرنەگرێت، زۆرێک لە بابەتەکان ڕوون نەکەینەوە.»
قالیباف لە کۆتاییدا گوتی: «هەمووان لەژێر فەرمانی ڕێبەردایین و دەبێت ڕێگری لە هەر جۆرە حاشیەسازییەک بکەین. ئێمە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە و دەبێت لە دەوری تەوەرەی وەلایەت یەکگرتوو بین؛ نەک یەکگرتوویی لەسەر ئەو بابەتانەی کە خۆمان پێمان باشە. یەکگرتوویی، فەرمانی ڕێبەرە؛ چ لە جەنگدا، چ لە ئاشتیدا، چ لە دانوستاندا و چ لە بواری کولتووریدا. دەبێت بزانین فەرمانی کۆتایی (فصلالخطاب)، کەلام و دەستووری ڕێبەرە.»
Your Comment