داهاتووی لێڵی کەرکووک؛ ئایا کورد بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ دەبێت «چاوەڕێی موعجیزە» بێت؟

سڕینەوەی ماددەی ١٤٠ لە کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراق، جارێکی دیکە داهاتووی کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێری خستووەتە ناو تەمومژی نادیارییەوە؛ دۆخێک کە بە بڕوای چاودێران، بێ ڕێککەوتنی سیاسی نێوان کورد و حکوومەتی ناوەندی، هیچ چارەسەرێکی بۆ بەدی ناکرێت.

پاش بەدەستهێنانی متمانەی پەرلەمانی عێراق بۆ زۆربەی ئەندامانی پێشنیار کراوی کابینە نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی ئەلزەیدی، دۆسیەی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر ــ بەتایبەت کەرکووک ــ گەڕایەوە ناوەندی مشتومڕە سیاسییەکان؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە کارنامەی حکوومەتی نوێدا هیچ ئاماژەیەک بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور و چارەنووسی ئەم ناوچانە نەکراوە.

ماددەی ١٤٠ کە وەک یەکێک لە یەکلانەکراوەترین بڕگەکانی دەستووری عێراقی پاش ٢٠٠٣ ئەژمار دەکرێت، میکانیزمێکی بۆ دیاریکردنی دۆخی کەرکووک و بەشێک لە پارێزگاکانی نەینەوا و دیالە پێشبینی کردبوو. بەپێی ئەم ماددەیە، حکوومەتی عێراق پابەند کرابوو کە لە ڕێگەی ئاساییکردنەوەی دۆخی دیمۆگرافی، ئەنجامدانی سەرژمێری و پاشان ڕاپرسی، چارەنووسی لکاندن یان نەلکاندنی ئەم ناوچانە بە هەرێمی کوردستانەوە یەکلایی بکاتەوە؛ پرۆسەیەک کە بڕیار بوو تا کۆتایی ساڵی ٢٠٠٧ تەواو بکرێت، بەڵام هەرگیز جێبەجێ نەکرا.

سەرەڕای ئەوەی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق چەندین جار جەختی کردووەتەوە کە ماددەی ١٤٠ هێشتا بڕوادار و جێبەجێکردنی ناچارییە، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق تەنانەت قۆناغە سەرەتاییەکانی جێبەجێکردنەکەشیان تەواو نەکردووە. لەم نێوەندەدا، سیاسەتەکانی تەعریبی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس ــ کە تێیدا هەزاران خێزانی کورد و تورکمان لە کەرکووک و ناوچەکانی دیکە دەرکران و خێزانی عەرەب خرانە شوێنیان ــ وەک یەکێک لە سەرەکیترین بەربەستەکانی بەردەم چارەسەری قەیرانەکە ماوەتەوە.

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە لێدوانێکدا بۆ «ئامارجی» جەختی کردەوە کە سڕینەوەی ماددەی ١٤٠ لە کارنامەی کابینەی نوێ، هیچ گۆڕانکارییەک لە پابەندبوونی یاسایی بۆ جێبەجێکردنی دروست ناکات. ئەو وتی: «ماددەی ١٤٠ هێشتا کاری پێدەکرێت و بۆ حکوومەتی عێراق پابەندکەرە، بەڵام لە بەغدا هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ جێبەجێکردنی بەدی ناکرێت.»

بورهان هەروەها جیاوازیی نێوان پارتە کوردییەکانی لە بەغدا بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی فشاری سیاسی لەسەر حکوومەتی ناوەندی دانا و ڕایگەیاند کە نەبوونی هەڵوێستێکی یەکگرتووی کوردی، بووەتە هۆی کەمبوونەوەی هێزی فشاری هەولێر لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ بەغدا.

محەمەد دووشیوانی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، سڕینەوەی ماددەی ١٤٠ی لە کارنامەی حکوومەتدا وەک ڕەنگدانەوەی قڵشتی سیاسیی نێوان پارتە کوردییەکان و دیدگای بەرتەسکی حکوومەتەکانی عێراقی پاش ٢٠٠٣ وەسف کرد. ئەو هۆشداریی دا کە بەردەوامیی خەمساردی لە جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە، دەبێتە هۆی قووڵبوونەوەی کەلێنە نەتەوەییەکان و لاوازبوونی متمانە بە دامەزراوەکانی حکوومەتی عێراق.

لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی سیاسیی عەرەب لە کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، ڕایگەیاند: وەلانانی پرسی ماددەی ١٤٠ تەنیا لەبەر ململانێ ناوخۆییەکانی عێراق نییە، بەڵکو پەیوەندیی بە گۆڕانکارییە ناوچەییەکان و گۆڕانی ڕوانینی ئەمریکاوە هەیە پاش ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە سووریا.

بە وتەی ئەو، واشنتۆن لە ئێستادا پێش هەر شتێک پشتیوانی لە دروستبوونی حکوومەتێکی ناوەندیی بەهێز لە بەغدا دەکات. لە دۆخێکی وەهادا، ئەمریکا لەم کاتەدا هیچ تموحێکی بۆ کردنەوەی دۆسیە هەستیارەکانی وەک ماددەی ١٤٠ یان دروستکردنی هەرێمی نوێ لە عێراقدا نییە. ئەم بەرپرسە عەرەبە هۆکاری بێدەنگیی ئێستای کوردی لەسەر ماددەی ١٤٠ بۆ ڕێگریکردن لە ناسەقامگیریی زیاتری عێراق گەڕاندەوە.

پەرەسێندنەکانی ئەم دواییەی کەرکووکیش هاوکێشەکەی ئاڵۆزتر کردووە. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم دواییانەدا پۆستی پارێزگاری کەرکووکی بە کەسایەتییەکی تورکمان سپارد؛ هەنگاوێک کە هەندێک کەس وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکانی دابەشکردنی دەسەڵات و کەمکردنەوەی گرژییە نەتەوەییەکان دەیبینن. بەڵام دووشیوانی هەر جۆرە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی نێوان ئەم گۆڕانکارییانە و ڕاوەستانی پرۆسەی ماددەی ١٤٠ی ڕەت کردەوە.

یاسین تەها، شرۆڤەکاری سیاسیی کورد، ڕایگەیاند: «ئەگەر بە پێوەرە ئاساییەکان سەیری بکەین، سڕینەوەی ماددەی ١٤٠ لە کارنامەی کابینەی ئەلزەیدی پرسێکی گرنگە. بەڵام ئەم حکوومەتە لە بنەڕەتدا وەک حکوومەتێکی کاتی بۆ تێپەڕاندنی عێراق لە قۆناغی ئێستا سەیر دەکرێت.» ئەو هەروەها جەختی کردەوە کە کێشەی سەرەکی، نەبوونی هەڵوێستێکی هاوبەشە لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا؛ چونکە هەر پارتێک بە جیا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی لە بەغدا لۆبی دەکات.

 تەها لە کۆتاییدا بە تۆنێکی ڕەشبینانەوە وتی: «کورد ڕەنگە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ و دیاریکردنی چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، پێویستی بە (موعجیزە) بێت؛ چونکە زۆربەی بڕگەکانی دەستووری عێراق دەیان ساڵە پەکخران و بەم دۆخەی ئێستاوە، دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ نزیکە لە مەحاڵەوە.»

لە پاڵ کەرکووکدا، قەیرانی بەڕێوەبردن و سەروەری لە شنگالیشدا بەردەوامە. ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠٢٠ی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەم ناوچەیە و چوونەدەرەوەی گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان، تائێستا بەهۆی ناڕوونی و ناکۆکییە سیاسی و ئەمنییەکانەوە جێبەجێ نەکراوە. هاوکات لایەنە ئێزدییەکان دژایەتیی خۆیان بۆ گەڕاندنەوەی ئیدارەی پێشووی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕیوە و داوای پێکهێنانی ئیدارەیەکی سەربەخۆ و خۆجێیی دەکەن.

بە گشتی، هەرچەندە ماددەی ١٤٠ لە ڕووی یاساییەوە هێشتا هەر ماوە، بەڵام لە ڕووی سیاسییەوە بە کرداری لە دۆخی هەڵپەساردندایە؛ دۆخێک کە وەک یەکێک لە قووڵترین کەلێنەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە زیندوویی ماوەتەوە.

News ID 227187

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha