شکستی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد، هەرەسی سیاسیی ئەردۆغانی بەدواوەیە

چەنگیز چاندار، نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتیی ئێستا لە تورکیا گەیشتووەتە قۆناغێک کە گەڕانەوە لێی زۆر دژوار بووە و لە ئەگەری هەرەسهێنانی ئەم پڕۆسەیەدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغانیش ڕووبەڕووی پێگەی سیاسیی خۆی دەبێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، چەنگیز چاندار لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری "ئامارگی" لە پەراوێزی "کۆبوونەوەی ئاشتی و ئازادیی کۆمەڵایەتی"دا وتی: تا نزیکەی مانگێک لەمەوبەر بە خۆپارێزییەوە بە پڕۆسەکە گەشبین بووە، چوونکە نیشانەی کۆنکرێتیی پێویست بۆ بەرەوپێشچوونی ڕاستەقینەی پڕۆسەی ئاشتی لەئارادا نەبوو. بەڵام پەرەسەندنەکانی هەفتەکانی ڕابردوو هەڵسەنگاندنەکانی ئەوی گۆڕیوە.

ناوبراو جەختی کردەوە کە پڕۆسەی ئێستا ناتوانرێت تەنیا لە چوارچێوەی سیاسەتی ناوخۆی تورکیادا شیکاریی بۆ بکرێت و پەرەسەندنە هەرێمییەکانیش ڕۆڵیان لە داڕشتنیدا هەیە. بە گوتەی چاندار، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و دەوڵەت باخچەلی سێ کاراکتەری تەوەرەییی ئەم پڕۆسەیەن. ئۆجەلان لە چەقی پڕۆسەکەدایە، ئەردۆغان بە ئاگا و ڕەزامەندیی خۆی ڕێڕەوە سیاسییەکەی کردووەتەوە و باخچەلیش بە گێڕانی ڕۆڵی "زمانەی دڵنیایی" هاوسەنگیی ناو هاوپەیمانیی دەسەڵاتدار دەپارێزێت و ڕێگری لە بەرگریی دامەزراوە دەوڵەتییەکان لە دژی پڕۆسەکە دەکات.

چاندار هەروەها ناوی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا (میت)ی وەک یەکێک لە کاراکتەرە سەرەکییەکانی ئەم پڕۆسەیە هێنا و گوتی، گواستنەوەی ئەو لە گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بۆ سەرۆکایەتیی میت، لەگەڵ ئەو بانگەشەیەدا بوو کە پڕۆسەی نوێی ئاشتی "پڕۆژەی فیکریی" ئەو بووە؛ بابەتێک کە لە ڕوانگەی چاندارەوە بە واتای پشتگیریی ڕاستەوخۆی ئەردۆغانە لەو پڕۆژەیە.

ئەو بەیاننامەکەی ٢٧ی شوباتی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و وەلاوێنانی خەباتی چەکداری وەک بەشێک لەم ڕێڕەوە سیاسییە وەسف کرد و گوتی بڕیاری داهاتووی پەکەکەش بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆی، لە درێژەی هەمان پڕۆسەدایە.

باڵام چاندار جەختی کردەوە کە کۆتاییهاتنی ململانێی چەکداری جیاوازە لە چارەسەرکردنی پرسی کورد. ئەو گوتی: «ئایا مافی خوێندن بە زمانی کوردی بە فەرمی ناسراوە؟ ئایا پێناسەی هاوڵاتیبوون گۆڕدراوە؟ ئایا جۆرێک لە پێگەی یاسایی بۆ کوردان قبووڵ کراوە؟ نەخێر. پرسی کورد بەبێ دیموکراتیزەبوونی تورکیا چارەسەر نابێت، بەڵام کۆتاییهێنان بە ململانێی چەکداری تەنانەت لە وڵاتێکی نادیموکراتیشدا ئەگەری هەیە.»

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بە ناڕوونیی چوارچێوەی یاسایی بۆ گەڕانەوەی هێزە چەکدارەکانی پەکەکە بۆ ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کرد و گوتی هێشتا ڕوون نییە هەزاران ئەندامی ئەم پێکهاتە هەڵوەشاوەیە چۆن دەبێت تێکەڵی کۆمەڵگە ببنەوە. نوێنەری پارتی کوردگرای دەم پارتی تورکیا بە ئاماژەدان بەو وێنانەی کە پەیوەستن بە زەویودانی چەکەکان گوتی: ئەوان چەکەکانیان ڕادەست نەکرد یان ژێرخاک نەکرد، بەڵکوو سووتاندیان؛ چونکە چەکی ژێرخاککراو هەمیشە دەکرێت دووبارە دەربهێنرێتەوە.

چاندار گوتەکانی ئەم دواییەی بەرپرسانی تورکیا و کەشوهەوای زاڵ بەسەر پەرلەماندا بە نیشانەیەک بۆ بەردەوامیی پڕۆسەکە زانی و ئاماژەی بە بەرزڕاگرتنی ١١٠ەمین ساڵیادی جەنگی "کووت لئەمارە" لە پەرلەماندا کرد؛ جەنگێک کە تێیدا تورک، کورد و عەرەب لە چوارچێوەی سوپای عوسمانیدا لە دژی بەریتانیا جەنگابوون. ئەو جەختی کردەوە کە زەقکردنەوەی دووبارەی ئەم ئاماژە مێژووییانە ڕێکەوت نییە.

ئەو لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، بەکارهێنانی نازناوی "ڕێبەری دامەزرێنەر" لەلایەن دەوڵەت باخچەلییەوە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ئەدەبیاتی سیاسیی ڕەوتی نەتەوەپەرستی تورکیادا وەسف کرد و گوتی هەر ئەم بابەتە گەڕانەوە لە پڕۆسەی ئێستای دژوارتر کردووە. چاندار زیادی کرد: «ئایا ئەردۆغان دەتوانێت پڕۆسەکە ڕابگرێت؟ بەڵێ. بەڵام ئەگەر کارێکی لەو شێوەیە بکات، بە واتای سڕینەوەی سیاسیی خۆی دەبێت.»

بە گوتەی ئەو، باخچەلی بە کردەوە ئەم پەیامەی بە ئەردۆغان داوە کە ئەگەر پرسی پێگە و مافەکانی کوردان چارەسەر نەبێت، پڕۆسەکە بەردەوام نابێت و لە ئەگەری هەرەسهێنانی پڕۆسەکەدا، ئەردۆغانیش ناتوانێت درێژە بە ڕێڕەوە سیاسییەکەی خۆی بدات.

ئەم سیاسییە کوردە هەروەها جەختی کردەوە کە کوردان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا بوونەتە ئەکتەری یەکلاکەرەوە لە پێکهاتە سیاسییەکانی ناوچەکەدا. ئەو بە ئاماژەدان بە سووریا و عێراق گوتی ئیتر ناتوانرێت کورد لە هیچ هاوکێشەیەکی سیاسیی داهاتوو وەلابنرێت.

چاندار ڕایگەیاند: «کورد ئەمڕۆ بووەتە هێزێکی داینامیکی و یەکلاکەرەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئەوان ئیلزامەن دەوڵەتی سەربەخۆ دانامەزرێنن، بەڵام مانەوەی دەوڵەتەکانی ئێستا زیاتر لە ڕابردوو بەستراوەتەوە بە ڕۆڵی کوردەوە.» ناوبراو لە کۆتاییدا وتی: کورد نابێت متمانەبەخۆبوونی خۆی لەدەست بدات. متمانەبەخۆبوونی کورد نەک تەنیا بۆ خودی کورد، بەڵکوو بۆ تورکیا و تەواوی ناوچەکەش دەستکەوتی دەبێت.

News ID 227188

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha