بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەیمس جێفری، دیپلۆماتی دێرینی ئەمریکی و نوێنەری پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، جەختی لە گرنگیی یەکڕیزیی سیاسیی کورد وەک هۆکاری سەرەکی بۆ بەهێزکردنی پێگەی ئەوان لە واشنتۆن کردەوە و ڕایگەیاند؛ هەر پاڵپشتییەکی کاریگەری ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی بۆ هەرێمی کوردستان، بەندە بە ئاستی هەماهەنگی و «یەکدەنگی» هێزە سیاسییە کوردییەکانەوە.
جێفری کە لە پەراوێزی کۆڕبەندی «گفتوگۆی عێراق»ی پەیمانگای ئەتڵەنتیک لە واشنتۆن قسەی دەکرد: ئاماژەی بە ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر پرسی نەوت، گاز و شایستە داراییەکانی فەرمانبەران کرد و ڕایگەیاند: «یەکەمین پرس، پاراستنی یەکڕیزییە لەناو سیستمی سیاسی و لەنێوان پارتەکانی هەرێمی کوردستاندا. پێویستە جەخت لەسەر گرنگیی ئەم بابەتە بکەمەوە بۆ دیاریکردنی ئاست و کاریگەریی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، تورکیا و دۆستەکانی تری هەرێم.»
ناوبراو زیادی کرد: «کورد دۆستی زۆری هەیە، بەڵام یەکەم شت کە ئەم دۆستانە چاوەڕوانی دەکەن، یەکڕیزیی نێوان ئەکتەرە سیاسییەکانی کورد و یەکدەنگبوونیانە.»
جێفری لە بەشێکی تری قسەکانیدا، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و هەرێمی کوردستانی بە «زۆر باش» وەسف کرد، بەڵام ئەوەی وەبیر هێنایەوە کە سیاسەتی نەریتیی ئەمریکا لە سەردەمی سەرۆکایەتیی جۆرج دەبلیو بۆشەوە تا ئێستا، پاراستنی هاوسەنگی بووە لەنێوان بەغدا و هەولێردا. بە گوتەی ئەو، ئەمریکا هەمیشە هەوڵی داوە لەکاتێکدا ڕێز لە پێگەی تایبەتی هەرێمی کوردستان دەگرێت، پەیوەندییەکانی زیاتر لە ڕێگەی حکوومەتی ناوەندیی عێراقەوە بەڕێوە ببات.
ئەم دیپلۆماتە ئەمریکییە ڕوونی کردەوە: «ویلایەتە یەکگرتووەکان هەرگیز لە نێوان بەغدا و هەولێردا یەکێکیان هەڵنابژێرێت، بەڵکوو دەخوازێت لەگەڵ هەردوو لایەندا کار بکات و تەنانەت لە زۆر حاڵەتیشدا لێکیان نزیک بکاتەوە؛ وەک چۆن چەندین جار لە دۆسیەکانی پەیوەست بە کەرکووک و هێڵی بۆریی کەرکووک ــ جیهاندا ئەم ڕۆڵەی بینیوە.»
جێفری هەروەها ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە کەمکردنەوەی بوودجەی هێزەکانی پێشمەرگە لەلایەن پنتاگۆنەوە دەکەن بە خۆپارێزیەوە ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند: بوودجەی ساڵی ٢٠٢٧ی ئەمریکا هێشتا هاوکاریی دارایی بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەخۆدەگرێت. ناوبراو گوتیشی: «هێشتا ناتوانرێت بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەو ژمارانە بدرێت کە بڵاوکراونەتەوە. دەبێت ببینین بوودجەی کۆتایی چۆن لە کۆنگرێس پەسەند دەکرێت، چوونکە کۆنگرێسی ئەمریکا هێشتا بایەخێکی تایبەت بە پێشمەرگە دەدات.»
ناوبراو قەیرانی درێژخایەنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیشی ڕاستەوخۆ بە پرسی ناکۆکییە ناوخۆییەکانەوە گرێدا و هۆشداریدا کە بەردەوامیی درز و قڵشتە سیاسییەکان، توانای هەرێم بۆ مامەڵەکردنی کاریگەر لەگەڵ ئەمریکا، ئەورووپا و وڵاتانی ناوچەکە لاواز دەکات.
هاوکات، جێفری لێدوانەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترامپی سەبارەت بە گواستنەوەی چەکی ئەمریکی لەلایەن گرووپە کوردییەکانەوە بە بێبایەخ وەسف کرد و گوتی: «هیچ کەسێک، تەنیا خودی ترامپ نەبێت، بڕوای بەوە نییە کە هاوپەیمان و هاوبەشە کوردییەکانی ئەمریکا کارێکی هەڵەیان کردبێت.» گوتیشی: «ترامپ چەندین جار بەبێ لێکۆڵینەوەی ورد لێدوانگەلێک دەدات کە لۆژیکیەن بنەمایەکی ڕاستەقینەیان نییە و تا ئەو کاتەی بەدواداچوونی فەرمی لەو بارەیەوە نەبێت، نابێت بە هەند وەربگیرێت.»
لە بەشی کۆتایی ئەم گفتوگۆیەدا، جێفری ئاوڕی لە پێشهاتەکانی سووریا و پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکە دایەوە و پێشوازیی لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی حکوومەتی ڕاگوزەری سووریا لە مامەڵەکردنی لەگەڵ کورداندا کرد. ئەو، گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارە کوردەکان بۆ عەفرین و تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و هێزەکانی ئاسایشی لەناو پێکهاتە ئەمنی و سەربازییە نوێیەکانی سووریادا بە «نیشانەیەکی ئەرێنی» ناوبرد.
جەختیشی کردەوە: «ئەم پرۆسەیە تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، بەڵام بەردەوامبوونی پێویستی بە هاوکاری و چاودێریی نێودەوڵەتی هەیە.»
جێفری هەروەها پرۆسەی ئاشتیی نێوان تورکیا و پەکەکەی بە «ڕاستەقینە و گرنگ» وەسف کرد و گوتی: «ئێستا زۆربەی پارتە سیاسییەکانی تورکیا، لە پاڵ دەم پارتی کە نوێنەرایەتی بەشێکی بەرچاو لە کوردانی ئەو وڵاتە دەکات، پاڵپشتی لەم پرۆسەیە دەکەن و لەبەر ئەم هۆکارەش دەبێت پێشوازیی لێ بکرێت.»
Your Comment