وینسرۆپ ڕاجرز، ڕۆژنامەنووسی لێکۆڵەری ئەمریکی، لە نوێترین ڕاپۆرتیدا پەردەی لەسەر گرێبەستێکی دارایی گەورە لە نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و مهجید گوڵی، نوێنەری پێشووی تۆڕی میدیایی ڕووداو لە نەتەوە یەکگرتووەکان لادا.
بەپێی ئەو بەڵگەنامانەی کە ڕاجرز بڵاوی کردوونەتەوە، گرێبەستەکە لەلایەن «شەعبان شەعبان چالی»، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسی نووسینگەی مەسرور بارزانی ئیمزا کراوە.
لە دەقی گرێبەستەکەدا هاتووە کە مهجید گوڵی مانگانە ۱۶ هەزار و ۵۰۰ دۆلار وەک مووچەی بنەڕەتی، و ۱۰ هەزار دۆلاری دیکەش لەژێر ناوی خەرجییەکان (Expenses) وەردەگرێت، کە کۆی گشتییەکەی دەگاتە ۲۶ هەزار و ۵۰۰ دۆلار لە مانگێکدا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە دەقی گرێبەستەکەدا هاتوون، خەرجیی ساڵانەی خزمەتگوزارییەکانی مهجید گوڵی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگاتە ۳۱۸ هەزار دۆلار، و ئەگەر ئەم گرێبەستە بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوام بێت، کۆی گشتیی ئەو پارەیەی وەریدەگرێت دەگاتە یەک ملیۆن و ۲۷۲ هەزار دۆلار.
مەجید گوڵی کە لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە ناوی «عەبدولمەجید عەبدولمەجید» تۆمار کراوە، وەک «ڕاوێژکاری تایبەتی کاروباری نێودەوڵەتی و دامەزراوە جیهانییەکان» لە چوارچێوەی ڕێکخراوێکدا بە ناوی «کۆمیتەی کوردیی ئەمریکی» (AKC) کار دەکات.
ڕاجرز ئاماژەی بەوەش کردووە کە «کۆمیتەی کوردیی ئەمریکی» لە ساڵی ۲۰۲۴دا بە فەرمی لە وەزارەتی دادوەرانی ئەمریکا وەک «بریکاری دەرەکی» (FARA) بۆ نوێنەرایەتیکردنی بەرژەوەندییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە. ئامانجی ڕاگەیەندراوی ئەم کۆمیتەیە بریتییە لە: «بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری دەربارەی هەرێمی کوردستان، مێژوو، کولتوور و گەلەکەی» لەلایەن حکومەتی ئەمریکا، کۆنگرێس و ڕای گشتیی ئەو وڵاتەوە.
ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمریکییە کانیش نووسیویەتی کە چالاکییەکانی ئەم کۆمیتەیە تا ئێستا ڕوون و شەفاف نەبوون، بەڵام مەجید گوڵی پێشتر لەو میدیایانەی کە لە ڕەوتی ڕاستڕەوی ئەمریکاوە نزیکن (وەک فۆکس نیوز - Fox News)، بابەت و وتاری بڵاوکردووەتەوە و تێیدا پشتگیری لە سیاستەکانی حکوومەتی پێشووی ئەمریکا کردووە بۆ زیادکردنی گوشارەکان لەسەر ئێران و ڕووبەڕووبوونەوەی گرووپە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا.
Your Comment