کوردپرێس: لە کەشوهەوای تەمومژاویی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، کە "ریالیزمی مامەڵەیی" دۆناڵد ترەمپ تەحەدای چەمکە تەقلیدییەکانی وەفاداری و هاوپەیمانی دەکات، تۆمەتەکانی ئەم دواییەی ترەمپ لە دژی هێزە کوردییەکان، بە بچووککردنەوەی خەباتی وجودیی کورد بۆ "مامەڵەی دارایی" یان "گرێبەستی بەکرێگیراوی" و ئیدیعای تیۆری سەبارەت بە "چەکی ونبوو"، بە شێوەیەکی کرداری دەستەواژەی هاوپەیمان بۆ «بەڵێندەرانی یەکبار مەسرەف» دەگوڕێت.
بۆ لێکۆڵینەوە لەم ناتەواوییە سیاسییە و وەڵامدانەوە بە پارادۆکسی نێوان "زاڵبوون بایۆمەتریی پنتاگۆن" و "ئیدیعای نەبوونی سیستەمی بەدواداچوون بۆ چەک"، ڕوومان لە جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە کرد. پیاوێک کە ساڵانێکە لە ژووری جەنگ و مێزی دانوستاندا شاهیدی ئەندازیاری پێچەوانەی پابەندبوونەکانی ڕۆژئاوایە لە ناوچەکەدا. ناوبراو لەم چاوپێکەوتنەدا بە ڕاشکاوی باس لە پێویستی کۆتاییهێنان بە "ئاسایشی هاوردەکراو" و گەڕانەوە بۆ "کەرامەتی جوگرافیایی نیشتمانی" دەکات.
دەقی دیمانەکە:
کوردپرێس: جەنابی جەبار یاوەر، بە سەرنجدان بە دووبارەبوونەوەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترامپ دەربارەی تێچووەکانی ئەمریکا بۆ کورد و ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێت کوردەکان تەنها لە بەرامبەر پارەدا جەنگاون، شیکاری ئێوە بۆ ئەم ڕوانگەیە چییە و بۆچی تا ئێستا وەڵامێکی فەرمی گونجاو نهدراوەتەوە؟
جەبار یاوەر: ئەمە یەکەمجار نییە ترامپ بابەتی پارە دەوروژێنێت. پێشتریش چەندین جار وتوویەتی کە ئێمە پارەمان داوە بە کوردەکان. لە بابەتی کوردستانی سووریادا بینیمان، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ چەندین ساڵ -بە دانپێدانانی خودی ئەمریکییەکان- یەکەم هاوپەیمانی ئەوان بوون لە شەڕی دژی داعشدا. بەڵام بینیمان کاتێک لەلایەن هێزەکانی دیمەشقەوە هێرشیان کرایە سەر، ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێمە هیچ پابەندییەکی ئەوتۆمان بەرامبەر کوردانی سووریا نییە و دەمانەوێت لەگەڵ حکومەتی ناوەندی کار بکەین. هەروەها وتیشیان کە ئێمە پارەمان بە کورد داوە؛ بەو مانایەی کە گوایە کوردەکان لە بەرامبەر وەرگرتنی پارەدا بۆ ئەمریکا جەنگاون. لە ڕاستیدا پێویستە دامەزراوەیەکی فەرمیی کوردی هەڵوێست وەربگرێت، یان لانیکەم بەیاننامەیەکی ڕوون بڵاو بکاتەوە، چونکە ئەمە یەکەمجار نییە لە بەرزترین تریبۆنی ئەمریکاوە ڕادەگەیەنرێت کە کورد لە بەرامبەر پارەدا بۆ ئێمە جەنگاوە.
کوردپرێس: سنووری نێوان "پشتیوانی لۆجستی" و "بەکرێگیراوی" کە ترامپ دەیەوێت نیشانی بدات لە کوێدایە؟
جەبار یاوەر: من پێشتریش دەربارەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە لەگەڵ کەناڵێکی بیانی قسەم کردووە و وتوومە: بەڵێ، ئێمە بۆ هاوکارییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی دژی داعش زۆر سوپاسگوزارین. ڕوونە کە ئەو وڵاتانە لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکانماندا دژی داعش پشتیوانی ئاسمانییان کردووین، و لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستانیش دووەم لایەن بوون کە هاوکاری سەربازی، چەک و چۆڵ، پێداویستی پزیشکی، هاوکاری هەواڵگری و ڕاوێژکاری سەربازی و مەشق و ڕاهێنانیان گەیاندە هێزەکانی پێشمەرگە.
کوردپرێس: لە بەرامبەر ئەم هاوکارییە مەشق پێکردن و پڕچەککردنەی کە ترامپ بەردەوام جەختی لێ دەکاتەوە، هێزەکانی پێشمەرگە چییان بەخشی بە ئاسایشی نێودەوڵەتی؟
جەبار یاوەر: بەڵام لە بەرامبەردا، ئێمە شەهیدمان دا. داعش ڕێکخراوێکی تیرۆریستی نێودەوڵەتی بوو کە لە ئەمریکا، فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا چالاکی تیرۆریستی ئەنجام دەدا و بۆ هەموو وڵاتانی ئەورووپا و ئەمریکا هەڕەشەیەکی جیدی بوو. "ئیماراتی داعش" لە عێراق و سووریا بوو، بۆیە ئەوان دەیانویست لەم ناوچەیەدا کۆتایی بە داعش بهێنن تا هەڕەشەی داعش لە وڵاتەکانی خۆیان دوور بخەنەوە. هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە نەبەردی دژی داعشدا ١٨١٠ شەهیدی داوە. جگە لەمە ١٠٧٢٠ بریندار لە ڕیزەکانی هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەکان، زیرەڤانی، پۆلیس و سەرجەم هێزەکانی هەرێمدا هەن. ئێمە پێشمەرگەی خانەنشینمان هەبووە کە گەڕاوەتەوە بۆ هێڵی پێشەوەی شەڕ، کەمئەندامی سەنگەرمان هەبووە کە دووبارە چووەتەوە بۆ شەڕ و بریندار بووەتەوە یان شەهید بووە. ئێمە ئەم خوێنانەمان داوە تا هەڕەشەی جیهانی لەسەر ئەورووپا و ئەمریکا کەم بکەینەوە و ئاسایشی ئەوان دابین بکەین.
کوردپرێس: بە سەرنجدان لە بانگەشە سووکایەتیپێکردنانەی لە تریبۆنەکانی ئەمریکاوە بڵاو دەکرێنەوە، ڕێکارە کردەییەکانی ئێوە بۆ پاراستنی شکۆی گەلی کورد و هێزی پێشمەرگە و وەڵامدانەوەی ئەم عەقڵییەتە "بازرگانانەیە" چییە؟
جەبار یاوەر: چ پێویست دەکات بەردەوام دووبارە بکرێتەوە کە ئێمە پارەمان داوە؟ لەسەر ئەم بنەمایە من پێشنیازم کرد و شایستەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە ئەو بڕە پارە ناچیزەی (٧٦ هەزار دینار) کە وەک هاوکاری سەربازیی هاوپەیمانان دەخرێتە سەر هەژماری ئەم وەزارەتە، بیبڕن و وەرینەگرن، لەبری ئەوە خودی حکومەت ئەو بڕە پارەیە دابین بکات. چ پێویستییەک بەم ٧٦ هەزار دینارە هەیە و چ نرخێکی هەیە کە هەموو ڕۆژێک ترامپ لە تریبۆنی کۆشکی سپییەوە ڕابگەیەنێت کە "ئەوان لە بەرامبەر پارەدا بۆ ئێمە دەجەنگن"؟ پێویستە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە بەیاننامەیەکی ڕوونکردنەوە دەربکرێت، چوونکە ئەمریکییەکان وا ڕایدەگەیەنن کە ئێمەیان لە بەرامبەر پارەدا کڕیوە.
Your Comment