هوشداری ئەورووپا لەبارەی سەرکوتی دیموکراسی و لادانی نوێنەرانی کورد لە تورکیا

ناوەندە ئەوروپییەکان لە نامەیەکی کراوەدا بۆ حکوومەتی تورکیا، نیگەرانیی قووڵی خۆیان لە دۆخی دیموکراسی لە وڵاتە دەربڕی و هۆشدارییان دا کە دەستگیرکردن و لەکارلادانی شارەوانییە هەڵبژێردراوەکان، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، کە دیموکراسیی خۆجێیی لاواز کردووە و دەنگی هاوڵاتییانی کپ کردووە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم نامەیە کە لەلایەن ڕاپۆرتنووسانی ئەنجومەنی پەرلەمانی ئەنجومەنی ئەورووپا، پەرلەمانی ئەورووپا و کۆمیتەی ناوچەکانی ئەورووپاوە بڵاوکراوەتەوە و ئاڕاستەی وەزیری ناوخۆی تورکیا کراوە، جەخت دەکاتەوە کە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو، دژ بە بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و سەروەریی یاسایە. واژۆکەرانی نامەکە وەبیری تورکیایان هێناوەتەوە کە وەک ئەندامێکی دێرینی ئەنجومەنی ئەورووپا و کاندیدی ئەندامێتی یەکێتیی ئەورووپا، دەبێت پابەندی بەڵێنە سیاسییەکانی بێت.

هەرچەندە لە دەقی نامەکەدا ئاماژە بە دەستگیرکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، شارەوانی ئیستەنبووڵ کراوە، بەڵام لە ڕەهەندێکی سیاسیی فراوانتردا، ئەم هۆشدارییانە ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە پرسی کوردەوە هەیە. لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا، دەیان شارەوانی هەڵبژێردراو لە شارە کوردنشینەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا، کە زۆربەیان سەر بە پارتە نزیکەکان لە بزووتنەوەی سیاسیی کوردن، دەستگیر یان لەکارلادراون و حکوومەت لە جیاتی ئەوان "قەیوم" (سەرپەرشتیار)ی داناوە. ڕەخنەگران دەڵێن ئەم سیاسەتە بە کردەوە دەنگی ملیۆنان هاوڵاتی کوردی بێکاریگەر کردووە.

ڕاپۆرتنووسانی ئەورووپی بە پشتبەستن بە بۆچوونی "کۆمیسیۆنی ڤێنیز" لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕایانگەیاندووە ئەگەر دەستگیرکردنی پێش دادگاییکردنی شارەوانییەکان لەگەڵ پێوەرەکانی ماددەی ٥ـی پەیماننامەی ئەوروپیی مافی مرۆڤ نەگونجێت، دەرەنجامەکەی لاوازبوونی دیموکراسیی خۆجێیی دەبێت. ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ شارەوانییە کوردنشینەکان هەستیارترە، چونکە لەو ناوچانەدا پرسی نوێنەرایەتیی سیاسی لەگەڵ داخوازییە ناسنامەیی و مافە کولتوورییەکان تێکەڵ بووە.

لە ساڵانی ڕابردوودا، حکوومەتی تورکیا دەستێوەردان لە شارەوانییە کوردنشینەکانیدا بۆ پاساوە ئەمنییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر گەڕاندووەتەوە، بەڵام دامەزراوە ئەورووپییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە مامەڵەی ئەمنییانە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێییدا، چارەسەری سیاسی ئەستەمتر دەکات و کەلێنی نێوان حکوومەتی ناوەندی و کۆمەڵگەی کورد فراوانتر دەکات.

لە کۆتایی نامەکەدا، بەرپرسانی ئەورووپا ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن بۆ بەردەوامیدان بە گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە بۆ بەهێزکردنی دیموکراسیی خۆجێیی و مافی مرۆڤ. لەگەڵ ئەوەشدا، پەیامی سەرەکیی نامەکە ڕوونە: بەبێ ڕێزگرتن لە دەنگی هاوڵاتییان، بەتایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان، بنیاتنانەوەی متمانەی سیاسی و سەقامگیریی دیموکراسی لە تورکیا کارێکی ئەستەم دەبێت.

News ID 227064

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha