بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە ٢٢ی کانونی یەکەم شەڕ و پێکدادان لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەربە سوپای سووریا و ئاسایشی حەلەب ڕوویدا و زیاتر لە ۱۷ قوربانیی لێکەوتەوە، ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی PYD لە کاردانەوەیەکدا وتی: ئەو چەکدارانەی هێرش دەکەنە سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب، لەژێر فەرمانی دیمەشقدا نین و ''ئەوان ڕاستەوخۆ فەرمانەکانیان لە تورکیاوە وەردەگرن و دیمەشق ناتوانێت کۆنترۆڵی ئەو چەکدارانە بکات".
ناوبراو سەبارەت بە ئامانجی هێرشەکانی دەڵێت: ''دەخوازن کوردەکان بترسێنن بۆ ئەوەی ڕادەستی داواکارییەکانی تورکیا ببن، بەڵام ئەم هەوڵانە هیچ ئەنجامێکی نابێت".
لەلای خۆشیەوە هەسەدە دوای ئەو ئاگربەستەی لە هەرددو لاوە ڕاگەیێندرا، ئاشکرای کرد: ''ژمارەی برینداران گەیشتە ١٧ کەس و ژنێکی تەمەن ٥٧ ساڵیش شەهید بوو". و هەروەها لە نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجر لە گەڕەکی شێخ مەقسوود، داوای بەخشینی خوێن دەکرێت بەهۆی زۆریی ژمارەی بریندارە مەدەنییەکان.
سەرچاوەی هەواڵ: سپی میدیا
Your Comment