بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گولستان کڵچ کۆچیغیت، رۆژی دووشەممە یەکی کانوونی یەکەمی ۲۰۲۵ لە پارێزگای ئامەد بەشداریی لە بەرنامەیەکی رێکخستنەکانی پارتەکەی کرد کە سەرا بوجاک و دۆغان هاتون، هاوسەرۆکانی گەورەشارەوانیی ئامەدیش ئامادە بوون.
کۆچیغیت، باسی لە سەردانی شاندی کۆمیسیۆنی چارەسەری بۆ دوورگەی ئیمراڵی و کۆبوونەوەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کرد و رایگەیاند، ئیدی ئیمراڵی بووەتە شوێنی چارەسەری و ئاشتی.
بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بە بڕیاری جەهەپە بۆ نەچوون بۆ ئیمراڵی کرد و رایگەیاند، پێویستە دژایەتیکردنی دەسەڵات نەبێتە دژایەتیی پرۆسەی ئاشتی.
رۆژی دووشەممە ۲۴ ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۵ شاندێکی کۆمیسیۆنی یەکڕیزی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی کە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە پەرلەمانی تورکیا پێکهینراوە و پێکهاتبوو لە حوسێن یایمان، یاریدەدەری سەرۆکی ئاکپارتی؛ فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە و گولستان کڵچ کۆچیغیت، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەردانی گرتووخانەی ئیمراڵییان کرد.
دوای سەردانەکە، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "دوای بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لە ۲۷ ـی شوبات، لە چوارچێوەی ئەو پرسیارانەی ئاراستەی کران سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی رێکخستن و دانانی چەک، هەروەها جێبەجێکردنی رێککەوتنی ۱۰ـی ئادار لە سووریا، لێدوانی ورد وەرگیراوە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوەدرا، "لە رووی یەکگرتنی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی برایەتی و پێشخستنی ئەرێنییانەی پرۆسەکە لە روانگەی هەرێمییەوە، ئەنجامی ئەرێنی بەدەستهاتوون".
شاندەکە، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ ئۆجەلان پێشکێشی نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمان و کۆمیسیۆنەکە کرد.
گولستان کڵچ کۆچیغیت، ئەندامی دەم پارتی لە شاندەکەدا رایگەیاند، سەردانەکە زۆر باش، ئەرێنی و لە کەشێکی باشدابوو و گوتی: "سەبارەت بە سەردانەکە، وەکوو شاند زانیاری دەدەینە کۆمیسیۆنەکە و راستەوخۆ ئاگاداری دەکەینەوە".
Your Comment