داعش بە هاوکاریی گرووپەکانی سەربە دیمەشق خاڵەکانی هەسەدە دەکەنە ئامانج

 هەسەدە ڕایگەیاند، ئەو شوێنانەیان کردووەتە ئامانج کە چەکدارانی داعش بۆ هەڵدانی درۆن لە ڕۆژهەڵاتی ڕەققە بەکاریان هێناوە، هاوکات گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە هەماهەنگی لەگەڵ داعش تۆمەتبار دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ پێنجشەممە ۲۰ـی تشرینی دووەمی ۲۰۲۵، ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە هێزەکانیان ڕووبەڕووی ژمارەیەک خاڵ بوونەتەوە لە بادیەی "غانم العلی" لە ڕۆژهەڵاتی ڕەققە، کە چەکدارانی داعش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ هێرشی درۆنی بۆ سەر خاڵەکانی هەسەدە بەکاریان هێناون.

بەگوێرەی بەیاننامەکە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا ناوچەکە زنجیرەیەک هێرشی لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشقەوە بەخۆیەوە بینیوە، کە ئەمەش هاوکات بووە لەگەڵ جموجۆڵی چەکدارانی داعش و ئەنجامدانی هێرش لە هەمان ناوچەدا.

هەسەدە گرتە ڤیدیۆییەکی بڵاو کردووەتەوە و دەڵێت: "بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە" کە داعش ئەو خاڵانەی وەک بنکەی هەڵدانی درۆن بەکارهێناوە. هەسەدە ئەمە بە نیشانەی "هەماهەنگی ڕاستەوخۆ" لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی دیمەشق و داعش لەقەڵەم داوە بە ئامانجی لێدانی خاڵە سەربازییەکان و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هێزەکانی سووریای دیموکرات جەختیان کردووەتەوە کە بەردەوام دەبن لە ئۆپەراسیۆنە مەیدانییەکانیان بۆ لەکارخستنی سەرچاوەکانی هێرش و پاراستنی ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە هەر هەڕەشەیەکی تیرۆریستی.

News ID 226485

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha