دوای چەند مانگێکی کەم حکوومەت دروستبوو، دوای ئەوە مالیکی بوودجەی هەرێمی بڕی، یەک دوو مانگ دوای ئەوە داعش دەرکەوت…
دوو قەیرانی گەورە بەدوای یەکا بەرۆکی کوردیان گرت، لەلایەک پارە نەما، لاکەیتر شەڕ هات..!
لەوکاتەدا یەکێ لەوانەی بەهۆی گۆڕانەوە پۆستی باڵای وەرگرت یووسف محەمەد سادق بوو، کەسێ بوو، باکگراوندی لە یەکگرتووی ئیسلامییەوە هاتبوو. کرا بە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان..
ئەوەبوو قەیران لەدوای قەیران دروستەبوو، خەڵک مەعاشی نەما، ئینجا هەر ڕۆژە و تەرمی شەهیدێ لە کووچە و کۆڵانی شار و لادێکانی کوردستاندا پرسەی بۆ دائەنرا..
پۆپۆلیستەکان وازیانەهێنا، قەیرانی بەرۆکگرتوی خەڵکیان وەک کەرەستەی بانگەشە درۆینەکانی خۆیان بەکارهێناو پێیان وابوو نە بوودجە بڕاوەو نە داعشێک لەئارایە. بۆیە دۆخەکەیان والێکرد بیکەنە دژایەتی پارتی و بەحسابی خۆیان کۆتایی مەسعوود بارزانی..
لەو دوو قەیرانەدا هەر لەخۆوە مەسەلەی سەرۆکایەتی هەرێمیان کردە بابەتی ڕۆژ، ئەوەبوو هەموو حزبەکان جگە لە پارتی بەرەیەکیان هەڵبژارد و پارتییان بەگیرهێنا..
پارتی کەوتە سەرخەت تا ئەوەی لە بەرنامەدایە سەرنەگرێ، بەدەرەجەی یەکەم لەگەڵ گۆڕان بەهۆی حوکمی هێزە پەرلەمانییەکەی و سەرۆکی پەرلەمانیشی لابوو..
شەوی پێش کۆبوونەوەکە تا درەنگانی شەو بەردەوام کۆبوونەوە هەبوو لەنێوان حزبەکان لەلایەک و ئەمریکی و ئەورووپییەکان لەولاوە.
پارتی بەهۆی بڕینی بوودجە و شەڕی داعشەوە بەزۆر تەنازولەوە هاتە پێشەوە کە مەسەلەی سەرۆکایەتی لەم کاتی قەیرانە بوەستێنن، بۆ بابەتەکانی تر ئامادەی زۆر دەستلێهەڵگرتن بوو…
جگەلەوەی بەو شەوە درەنگە محەمەد تۆفیق رەحیم وەک نوێنەرایەتی دبلۆماسی گۆڕان لەگەڵ ئەمریکی و ئەورووپییەکان لە هەولێر بوو. دوای گفتوگۆیەکی زۆر، یووسف لەترسی کۆمێنتی فەیسبووک هەر ڕازی نەبوو لەدواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان. بۆیە بەو درەنگانی شەوە تەکلیف لە م.عەلی باپیر ئەکەن پەیوەندی بە کاک نەوشیروانەوە بکا..
کاک نەوشیروان وەڵام ئەداتەوە و دوای تێگەیاندنی هەموو کۆبوونەوە و قسەکان، ئەڵێ؛ یوسف لەوێ خۆی خاوەنی بڕیارە. بۆیە ئەوم ناردۆتە ئەوێ بتوانێ بڕیار بدا..
کە ئەم قسەیە ئەگەیەنن بە یووسف وەک موراهیقێکی سیاسی توانای هەڵسەنگاندنی قسەکەی نابێ و پێی وایە دەبێ بەپێی دۆخی فەیسبووک بڕیار بدا.. ئەوەبوو سووربوو لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بۆ بەیانییەکەی یەکێتی بەتەواوی و یەکگرتوو بە نیوە لە بەشداری کۆبوونەوەکە کشانەوە.
کۆبوونەوە نیسابی یاسایی تەواو نەکرد و یووسف گەڕایەوە سلێمانی، دوای چەند ڕۆژێ جەنابیان ویستیان بگەڕێنەوە هەولێر، لە بازگەیەکی پارتی ڕێی لێگیرا و بەئیهانەوە گەڕاندیانەوە سلێمانی..!!
لەوکاتەدا لە گردەکە لەناو خاوەن باوڕەکان ئەو قسە بوو بەباو دەبوو بە سەیارەکانییەوە بە سەیتەرەکا بڕۆشتیایە با تەقەشیان لێکردایە، چونکە پیاوی خاوەن باوەڕ دەبێ وا بکا..
نەیوێرابو وا بکا، گەڕایەوە و لەسنووری سلێمانی وەک سەرۆک پەرلەمان نمایشی بێ پێگەی خۆی ئەکرد..دۆخە خەیاڵ دیموکراسییەکەی یوسفەکان بەردەوام بو بەخەیاڵی ئەوەی ئەمریکا و ئەورووپا ئەوە قبووڵ ناکەن، قبووڵکراو هێشتا هەر سەرۆکی پەرلەمانی لای سلێمانی بو هەڵبژاردنی عێراق هاتەپێشەوەو خۆی کاندیدکرد و بوو بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق..
چاوەڕوانییەکان وابوو کە دەرچوو بکشێتەوە، چوونکە ئەم سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانە ناکرێ ببێ بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق. چوونکە پێشتر لە بچووکییەوە شوێنی گەورەی دەسکەوتبوو. لەبەرئەوەی نەیەتوانی خۆی بخوینێتەوە، ئەندامی پەرلەمانی قبووڵکرد، دوای ماوەیەک بەهۆی دۆخی گۆڕان و هەستکردن بەوەی قابیلی ئەوەیە ببێ بەرێکخەر، سێ و دوی خۆی کردبوو بۆئەوەی لەپەرلەمان وازبێنێ، کە سەیری کردبوو لە رووی دەنگەوە ئەوەی دێتە شوێنی مەلا کامەرانی سەرای ئازادییە و دوای ئەو عەدنان عوسمانە.. حەزی بە دوەمیان هەبوو بێتە شوێنی بەرێکەوتنی یاسایی لەگەڵ یەکەم. وەک قادرە داماوەکەی رانیە بەهەزار وەعد بێ ئاگاداری کاک نەوشیروان رازی بو مەحموود رەزا بچیتە شوێنی.
ئیتر نازانم مەلا کامەران رازی نەبوو، یان دۆخی ئایندەی حزبی بەدڵ نەبوو. بەردەوام بوو تا کۆتایی خولەکە و جگە لە مقابەلەکانی دژی پارتی، دەسکەوتێکی لە عێراق نەبوو..!
دوای ئەو هەموو کات و دەسەڵاتە، ئیستا جەنابیان شەرحی ئەوە ئەکەن قانوونی تەقاعودی عێراق سەدا ئەوەندەت ئەداتێ و سەدا ئەوەندەیترت لێ ئەبڕێ..
ڕەنگە کاتی خۆی بەهۆی ئەوە وازی لە یەکگرتوو هێنابێ کە م.سەلاحەدین هیچی پێ ناکرێ، لەکاتێکا یەکگرتوو بەتەمەنی سەرۆکی پەرلەمانیان بەخۆیانەوە نەدیوە، کە دەسەڵاتی یەکەمی گۆڕانکارییە لەڕووی یاساییەوە..ئەم چوە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان و بەهیچەوە لێی دەرچوو..
* ڕەزا جەبار
Your Comment