PKK هەڵمەتێکی ئاشتی گرتۆتەبەر، لایەنی بەرانبەر هێشتا هەنگاوی نەناوە

جەمیل بایک ڕایدەگەیەنێت: كشانەوەی هێزەكانمان لەناو توركیا بۆ خێراكــردنی پـرۆسەی كۆتایهێنانـە بـە تێكۆشانی چەكداری و هەڵمەتێکی ئاشتی بە بەرپرسیارێتیەوە گیراوەتەبەر، بەڵام لایەنی بەرانبەر هێشتا ماوە هەنگاو بنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە ناو خاكی توركیا دەڵێت ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە تێکۆشانی چەکداری و کشانەوەیە و ئێمە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێن.

ناوبراو دەشڵێت ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە بوو کە پرۆسەی ئاشتی لەناو نەچێت و ڕێگری لە هەرجۆرە ئاژاوەگێڕیەک بکرێت، بەرپرسیارێتیمان لەئەستۆ گرتووە.

جەمیل بایک هۆشداریشی داوە لەوەی کە بەهۆی ئەوەی دەوڵەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی نەناوە، چاوەڕوانییەکان بۆ دیموکراتیکبوون لاوازن.

ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەو پرۆسەیەی کە لە ٢٧ـی شوبات بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەستیپێکردووە، چووەتە قۆناغی دووەمینی خۆیەوە و دەوڵەت دەبێت دەستبەجێ ‘یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئازادی’ دابمەزرێنێت.

جەمیل بایک دەشڵێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی کورد و جێگیرکردنیان لە سیستەمدا ڕوودەدات. ئەگەر نا نابێتە ئەنتێگراسیۆن. ئەنتێگراسیۆن تواندنەوە نییە، لەناوبردن نییە و بەتورککردنیش نییە. کورد بە ناسنامە، زمان، کلتوور و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەبن. بەم شێوەیە، دابڕانی ١٠٠ ساڵە کۆتایی دێت و ئاشتی دێتەدی.

ناوبراو وتیشی: پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تێكۆشانی چەکداری هێنا، ئێمە لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد، ئێستا دەبێت دەوڵەت هەنگاوی خێرا بنێت، دەبێت دان بە مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆدا بنێت و بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی یاسایی بپارێزرێت.

هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری KCK ڕاشیگەیاندوەە: لە کۆبوونەوە سنوردارەکانی ئیمراڵیدا، ڕێبەر ئاپۆ رایگەیاندووە پێویستە قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەستپێبکات و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بچێتە قۆناغێکی نوێ و درەنگ کەوتنی پرۆسەکە بۆ گەلەکەمان ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت، بەتایبەتی دوای کۆتایی هێنان بە پەکەکە و تێکۆشانی چەکداری، پێویستیەکی مێژوویی بە دامەزراندنی یاسا هەیە، هەڵمەتێکی ئاشتی بە بەرپرسیارێتیەوە گیراوەتەبەر، بەڵام لایەنی بەرانبەر هێشتا ماوە هەنگاو بنێت.

News ID 226335

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha