بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەمیل بایک هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی پەكەكە لە ناو خاكی توركیا دەڵێت ئامانجی ئەم هەنگاوە بۆ خێراکردنی پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە تێکۆشانی چەکداری و کشانەوەیە و ئێمە بەگوێرەی ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو دەنێن.
ناوبراو دەشڵێت ئەم هەنگاوە بۆ ئەوە بوو کە پرۆسەی ئاشتی لەناو نەچێت و ڕێگری لە هەرجۆرە ئاژاوەگێڕیەک بکرێت، بەرپرسیارێتیمان لەئەستۆ گرتووە.
جەمیل بایک هۆشداریشی داوە لەوەی کە بەهۆی ئەوەی دەوڵەت تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی نەناوە، چاوەڕوانییەکان بۆ دیموکراتیکبوون لاوازن.
ناوبراو ئاشکراشی کرد: ئەو پرۆسەیەی کە لە ٢٧ـی شوبات بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک" دەستیپێکردووە، چووەتە قۆناغی دووەمینی خۆیەوە و دەوڵەت دەبێت دەستبەجێ ‘یاسای ئینتێگراسیۆنی دیموکراتیک و ئازادی’ دابمەزرێنێت.
جەمیل بایک دەشڵێت ئەنتێگراسیۆنی دیموکراتیک لەسەر بنەمای داننان بە مافەکانی کورد و جێگیرکردنیان لە سیستەمدا ڕوودەدات. ئەگەر نا نابێتە ئەنتێگراسیۆن. ئەنتێگراسیۆن تواندنەوە نییە، لەناوبردن نییە و بەتورککردنیش نییە. کورد بە ناسنامە، زمان، کلتوور و خۆبەڕێوەبەریی خۆیان هەبن. بەم شێوەیە، دابڕانی ١٠٠ ساڵە کۆتایی دێت و ئاشتی دێتەدی.
ناوبراو وتیشی: پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و کۆتایی بە تێكۆشانی چەکداری هێنا، ئێمە لەوبارەیەوە بەرپرسیارێتی خۆمان جێبەجێ کرد، ئێستا دەبێت دەوڵەت هەنگاوی خێرا بنێت، دەبێت دان بە مافی هیوای ڕێبەر ئاپۆدا بنێت و بنەمای سیاسەتی دیموکراتیک بە شێوەیەکی یاسایی بپارێزرێت.
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری KCK ڕاشیگەیاندوەە: لە کۆبوونەوە سنوردارەکانی ئیمراڵیدا، ڕێبەر ئاپۆ رایگەیاندووە پێویستە قۆناغی دووەمی پرۆسەکە دەستپێبکات و پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک بچێتە قۆناغێکی نوێ و درەنگ کەوتنی پرۆسەکە بۆ گەلەکەمان ئەنجامێکی نەرێنی دەبێت، بەتایبەتی دوای کۆتایی هێنان بە پەکەکە و تێکۆشانی چەکداری، پێویستیەکی مێژوویی بە دامەزراندنی یاسا هەیە، هەڵمەتێکی ئاشتی بە بەرپرسیارێتیەوە گیراوەتەبەر، بەڵام لایەنی بەرانبەر هێشتا ماوە هەنگاو بنێت.
Your Comment