دیمانەیەکی ئۆجەلان پاش ۲۸ ساڵ بڵاو کرایەوە: «ئامادەین چەک دابنێین»

چاوپێکەوتنێکی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، کە ۲۸ ساڵ پێش ئێستا تۆمارکراوە و بەهۆی قەدەغەکردنەوە بڵاو نەکرابوەوە، بڵاوكرایه‌وه‌، كه‌ تیایدا ده‌ڵێت، گرنگ ئەوەیە دەست بە گفتوگۆی چارەسەری بکرێت، ئه‌گه‌ر كارێكی له‌و جۆره‌ بكرێت "ئامادەین چەکەکانمان بێدەنگ بکەین".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، به‌شی یەکەمی چاوپێکەوتنێکی ۳۰ خولەکی عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، ڕێبه‌ری پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK) بڵاو کرایەوە کە پێشتر قەدەغە کرابوو، چاوپێکەوتنەکە لە ساڵی ۱۹۹۷ لە شاری بار ئەلیاسی لوبنان لەگەڵ ڕۆژنامەنووس فاتیح ئالتایلی ئەنجامی داوە، به‌ڵام بە بیانووی مادەی ۸ و ۳۰ی یاسای 'دژی تیرۆر'، لەوکاتەدا ڕێگری لە بڵاوکردنەوەی کرا، به‌ڵام ئه‌مڕۆ لە ماڵپەڕی بیرۆکە ئازادەکان (ئۆزگور دوشونجەلەر) بە زمانی تورکی بڵاو کرایەوە.

لە چاوپێکەوتنەکەدا ئۆجه‌لان ڕووداوی سوسورلوکی ساڵی ۱۹۹۶ی وەک وەرچەرخانێکی گرنگ لە مێژوی تورکیادا هەڵدەسەنگێنێت، ئاماژەی بە پێکهێنانی چەتە لەناو دەوڵەت و پەیوەندییەکانی ماددە هۆشبەرەکان کردوه‌، هەروەها ڕەخنەی بەرفراوانی لە هەوڵی تیرۆرکردن، تۆڕەکانی ناو دەوڵەت، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانی ئەم پێکهاتانە لە ناوچەکەدا کرد و ئاماژەی بە 'دەوڵەتی هاوتەریب لەناو دەوڵەت'دا کردوه‌.

سەبارەت بە چۆڵکردنی گوندەکان، کوشتنە نادیارەکان و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی لە ساڵانی ۱۹۹۰دا، ئۆجه‌لان باسی لەو وێرانکارییە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی کرد کە خەڵکی زیانلێکەوتو بەسەریاندا هاتوە، هەروەها باسی لە ڕۆڵی دەوڵەت و لایەنە سیاسییە جیاوازەکان، ئەکتەری پرۆسەکان دەکات و ئاماژەی بەوەدا "چەتە تاوانبارەکان پەیوەندیەکی زۆر گڵاویان لەگەڵ سیاسەتدا هەیە".

یەکێک لە بەشە سەرنجڕاکێشەکانی چاوپێکەوتنەکە بانگەوازی ئۆجه‌لانه‌ بۆ چارەسەری پرسی کورد و دەڵێت، "پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بەربەست نییە، سەرۆک وەزیرانی بریتانیا دەڵێت 'ئەگەر سوپای کۆماریخوازی ئێرلاند چەکەکانیان بێدەنگ بکەن، ئێمە ئامادەین بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک، من ئێستا ڕایدەگەیەنم ئێمە بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەک ئامادەین، لە ئێستاوە ڕایدەگەیەنم سبەی هەمو چەکەکان بێدەنگ دەکەین"، به‌ڵام له‌ هه‌مانكاتدا گومانی خۆی لە توانای بڕیاردانی لایەنە سیاسییەکان نیشانداوه‌ وتویه‌تی، "هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان لە تورکیادا نییە".

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕوو: "من بکوژن، بەڵام هێزی بڕیاردانیان هەبێت، ئێستا هەموان هەر یەکە و ئەرکەکە دەخاتە ئەستۆی ئەوی ترەوە، لەبەر ئەوەیە هیچ هێزێکی بڕیاردان نییە، یەکێک دەڵێ ئەوە کێشەی ئاسایشی ناوخۆییە، یەکێک دەڵێ پەرلەمان، یەکێک دەڵێ دەوڵەت، سەرەڕای ئەوەش چەتەکان سەریان هەڵداوە، هیچ ئیرادەیەکی بڕیاردان بونی نییە، من دەڵێم با پێکەوە تورکیا وڵاتەکەمان خۆش بوێت، با بەڕاستی وڵاتەکەمان تورکیا ئازاد بکەین، هەروەها کوردیش ئازاد بکەین".

News ID 226309

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha