بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کاروان گەزنەیی، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕاگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە: "سوپاسی هەوڵەکانی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم دەکەین و خۆشحاڵین بە هەواڵی کۆتایهێنان بە ئابڵوقەی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی".
ئەمەش لە کاتێکدایە، لەسەر داوای نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، بڕیاری داوە ئابڵوقە سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی هەڵبگیرێت و دووبارە گەشتە ئاسمانییەکانی ئەورووپا و تورکیا بۆ سلێمانی دەست پێبکاتەوە.
لای خۆیەوە دانا محەممەد، بەرپرسی ڕاگەیاندنی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەمبارەوە دەڵێت: دوای ئەوەی سەرۆکی هەرێم قسەی لەگەڵ سەرۆکی تورکیا کردووە لەسەر هەڵگرتنی ئابڵوقەکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی، سەرۆکی تورکیا بەڵێنی داوە کە ئەو کێشەیە چارەسەر بکات، دەشڵێت: ئەمە ئاماژەیەکی دڵ خۆشکەرە و چاوەڕێی هەواڵی خۆشین.
سەرەتاکانی ساڵی ۲۰۲۳ تورکیا بڕیاری ڕاگرتنی گەشتی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی دا، بە تۆمەتی بوونی مەترسییەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ناوچەکە.
Your Comment