بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە سلێمانی و دەورووبەری ۲۰۰ کۆمپانیا و نووسینگە و بریکاری گەشتیاری بەپێی ئەو سیستەمانەی هەیە بۆ وڵاتی تورکیا کە کاردەکەن، نزیکەی ۷۰ کۆمپانیا کاری تەواویان تەنها لەسەر تورکیا بووە.
عەتا ئەنوەر، سەرۆکی یەکێتی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی و گەشتیاری ڕایگەیاندووە، کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕِووی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕِۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی کاریگەری لەسەر شارەکە دروست دەکات لە ڕِووی گەستیارییەوە و دەشبێتە بوژانەوەی ئابووری.
دەشڵێت، ماوەی سێ هەفتە بۆ چوار هەفتەی پێویستە تابتوانرێت گەشتەکان دەستپێبکرێنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ڕاگرتنی گەشتەکان کۆمپانیاکان زەرەر و زیانێکی زۆریان بەرکەتووە، بەڵام نەبۆتە هۆی داخستنی.
ناوبراو لەبارەی ڤیزا وتی، "وڵاتی تورکیا ڤیزای پێویستە لە تەمەن ۱۵ ساڵ تاوەکو ۵۰ ساڵ و لە ئێستادا وەرگرتنی ڤیزا بەراورد بە ساڵانی رابردو زۆر باشترە و ڕەفزبوونەوەی ڤیزا کەمترە ".
دوای چەند ساڵێک لە بڕیاری قەدەغە کردنی گەشتەکانی فڕۆکەکان بۆ سلێمانی، ڕۆژی پێنج شەممە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا لە ئەنقەرە کۆ بوونەوە و سەرۆکی ئەو وڵاتە لەسەر داوای بارزانی کۆتایی بە قەدەغەی گەشتە ئاسمانیەکان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی هێنا.
Your Comment