بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی "Türkgün" ڕایگەیاندووە: ئیسرائیل جۆرەها تاکتیک بەکاردەهێنێت بۆ تێکدانی سەقامگیری ناوچەی کەنارەکانی سووریا لەسەر دەریای ناوەڕاست و هێڵی دەرعا - سوەیدا لە باشوور و ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان ئەوپەڕی هەوڵ دەدەن بۆ دامەزراندنی ئیسرائیلی دووەم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا. ئەمریکا، ڕۆژئاوا و ئیسرائیل هانی هێزەکانی هەسەدە دەدەن و یارییان پێدەکەن، بۆ ئەوەی بەشداری لە پرۆسەی تورکیای "بێ تیرۆر"دا نەکەن.
باخچەلی باسی لەوەش کرد، ئەمریکا لە سەردەمی ترەمپدا بە تەواوی پشتگیری لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئیسرائیل دەکات، حکوومەتی نەتەنیاهۆ بە ئەنجامدانی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە غەززە رازی نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی کاریگەر شەڕ رادەگەیەنێت و هێرش دەکاتە سەر شەش وڵاتی دراوسێ (فەلەستین، لوبنان، یەمەن، ئێران، سووریا، قەتەر)، هەروەها پەنا دەباتە بەر دوژمنکاری کە رەنگە هەموو ناوچەکە ئاگر بدات.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەمان کاتدا ئەمریکا بە سەرۆکایەتی ترەمپ کە بە بەڵێنی کۆتایی هێنان بە شەڕەکانیدا کاتێک هاتە سەر دەسەڵات، بە تەواوی پشتیوانی ئیسرائیل و کارە نایاساییەکانی دەکات، هەموو ئەمانە لە تەنیشت تورکیا ڕوو دەدەن، کە مەترسی ململانێیەکی مەترسیدار لەگەڵ خۆیدا هەڵدەگرێت.
Your Comment