بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت: "پێشوازی لە راگەیاندنی ئەو رێککەوتنە دەکەین کە لەنێوان حکومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکاندا کراوە بۆ وەگەڕخستنەوەی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا؛ رێککەوتنێک کە ئەمریکا ئاسانکاریی بۆ کردووە و سوودی بەرچاوی بۆ ئەمریکی و عێراقییەکانیش دەبێت".
روبیۆ هەروەها دەڵێت: "ستایشی هەوڵە یەکلاکەرەوەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی عێراق، هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسە باڵاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، کە ئەم پێشکەوتنەیان بەدیهێنا."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا پێیوایە "ئەم رێککەوتنە هاوبەشیی ئابووریی نێوان ئەمریکا و عێراق بەهێزتر دەکات کە بۆ هەردوو لا سوودی هەیە، هانی ژینگەیەکی سەقامگیرتری وەبەرهێنان لە سەرتاسەری عێراقدا دەدات بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان، ئاسایشی وزەی هەرێمی پتەوتر دەکات و سەروەریی عێراق بەهێز دەکاتەوە."
دوای زیاتر لە دوو ساڵ و نیو لە وەستانی، هەولێر و بەغدا ئەم هەفتەیە رێککەوتن هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهان دەستپێبکاتەوە.
Your Comment