کۆمپانیای DNOی نەرویجی پێشوازی لە ڕێککەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات

کۆمپانیای نەوت و غازی نەرویجی (DNO)، پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق، حکوومەتی کوردستان و ژمارەیەک کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت دەکات، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای DNO، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە: پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەی کۆمپانیای نێودەوڵەتیی نەوت دەکەن، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بۆریی نەوتی عێراق بۆ تورکیاوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەردەوام خوازیاری دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن بونە، بەڵام بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە دڵنیاییی پارەدان بۆ قەرزە کەڵەکەبوەکانی ڕابردو و هەناردەی داهاتو مسۆگەر دەکەن، ئەوەش لەسەر بنەمای مەرجە یاسایی، ئابوری و بازرگانییەکانی گرێبەستەکانی بەرهەمهێنانی هاوبەش کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی.

کۆمپانیاکە باسی لەوەش کردووە: خەرجییەکانیان بۆ چاککردنەوەی ئەو زیانانە زیاد کردوە کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی بە کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابور گەیشتوەتە. هەروەها پلانی وەبەرهێنانی زیاتر هەیە بۆ لێدانی هەشت بیری نوێ لە مۆڵەتی تاوکێ لە ساڵی ۲۰۲۶، کە ئامانج لێی گەیشتنە بە ئاستی بەرهەمهێنانی گشتی تا ۱۰۰ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.

ئەوە لەکاتێکدایە کۆمپانیای DNOـی نەرویجی لە ساڵی ۲۰۰۴، گرێبەستی هاوبەشی بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی تاوکێ و پێشخابووری لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵ ڕۆژانە ۸۲ هەزار و ۸۱ بەرمیلی بەرهەمهێناوە.

News ID 226135

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha