بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ماڵپەڕی تەلەفزیۆنی سووریا، لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا پێشنیاری بۆ دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات کردوە کە کۆبوونەوە ڕاگیراوەکەی پاریس لە وڵاتێکی دیکەدا ئەنجام بدرێت، لە ئوردن یان سعوودیە، یان هەرێمی کوردستانی عێراق.
ئاماژەی بەوەش کردوە، وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لەگەڵ بەرپرسانی هەسەدە گفتوگۆی ئەگەری فراوانکردنی لیستی دەوڵەتانی زامنکەرى کردوە بۆ هەر رێککەوتنێک لەگەڵ حکوومەتی سووریا، بەجۆرێک وڵاتانی عەرەبی و هەرێمایەتیش لەخۆ بگرێت، بە تورکیاشەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکە، حکوومەتی سووریا پێداگرە لەسەر هەڵوێستی خۆی کە دەبێت کۆبوونەوەکە لە دیمەشق ئەنجام بدرێت، بەوپێیەی کێشەکانی لەگەڵ هەسەدە بە پرسگەلێکی ناوخۆیی و نیشتمانی دەزانێت کە دەبێت لەنێوان خودی سوورییەکان چارەسەر بکرێن و گفتوگۆیان لەسەر بکرێت، لەناوخۆی وڵاتدا، نەک لە دەرەوەی وڵات.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی سووریای دیموکرات بە تەلەفزیۆنی سووریای ڕاگەیاندووە، دانوستانە سیاسییەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و هەسەدە تەنانەت پێش ئەوەی دیمەشق رەتکردنەوەی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی پاریس ڕابگەیەنێت، ڕاگیرابوو، ئەوەش لە وەڵامی "کۆنفرانسی پێکهاتەکان" کە هەسەدە لە شاری حەسەکە رێکیخست.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردوە، تائێستا هیچ ئاماژەیەکی دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان نییە بەمنزیکانە لەنێوان هەردوولا، لەگەڵ ئەوەی دیدارەکان بەردەوامە لە چوارچێوەی رێگرتن لە هەڵکشانی دۆخەکە و پاراستنی هەماهەنگی و پەیوەندی، بە سەرپەرشتی واشنتۆن و پاریس.
Your Comment