پرۆسەی چارەسەری کۆڵەکەی سەقامگیرییە بۆ گەلانی ستەملێکراو

دوای گەیشتنی پەیامەكەی ئۆجەلان، سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی سووریا وەڵامێکیان بڵاو کردەوە دەڵێن پرۆسەی چارەسەری کۆڵەکەی سەقامگیرییە بۆ گەلانی ستەملێکراو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پێنج هۆزی عەرەب لە وەڵامی نامەکەی ڕێبەری زیندانی کراوی پەکەکەدا، جەختیان لەوە دەکەنەوە کە: "هزر و ئایدۆلۆژیای عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە بانگێشتی ئاشتی پێکەوەژیان دەکات، بناغەیەکی سەرەکییە کە ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری لەسەر دروستبووە و بونیاد نراوە".

ئەو هۆزە عەرەبانە ڕاشیانگەیاند: "ئەوان شانازیی قووڵی خۆیان دەربارەی پرۆسەی چارەسەری دیموکراسی دەربڕیوە، کە ئێستا هەیە و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە بەرجەستە بووە".

هۆزە عەرەبەکان ئەوەشیان خستەڕوو، کە پرۆسەی چارەسەری کۆڵەکەی سەقامگیرییە بۆ گەلانی ستەملێکراو و پایەیەکی بنەڕەتیشە لە ڕووبەڕووبوونەوەی عەقڵیەتی دوورخستنەوە و وەدەرنان لەگەڵ هەوڵدان بۆ چاندنی ناتەبایی و دووبەرەکی".

ڕۆژی ۱۵ی ئەم مانگە، پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕادەستی سەرۆک هۆزە عەرەبەکانی سووریا لە ناوچەکانی جزیرە، دێرەزۆر، ڕەققە و تەبقە کرا، كەتێیدا، جەخت لەسەر گرنگی یەکێتی و پاڵپشتی لە کورد لەسەر بنەمای نەتەوەیی دیموکراتیک كرابوویەوە.

News ID 226099

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha