دەسەڵاتدارانی هەردوو زۆنیش دیموکراسییان کردووە بە ڕازاندنەوەی حزب و بنەماڵەکانیان، هەمیشە نمایشێکی دووبارە دەکەنەوە بۆ تێرکردنی ڕواڵەتە ناپێویستیەکانیان. بۆ نموونە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان هەر چاوی لە پڕکردنەوەی بەتاڵیەکانی خۆیەتی، نەک پێویستی گشتی، ئەوەی دەسەڵاتی نییە خزمەتگوزاری دەوێت، ئەوەشی دەسەڵاتی هەیە تەنها و تەنها دەسەڵاتی زیاتری دەوێت. دەسەڵاتی بنەماڵەکان لەبری ئەوەی دامەزراوەێ گشتی بنیات بنێن، بیانوو دروست دەکەن. لەبری پاراستنی هاووڵاتیان، پارێزگاری لە دەسەڵات و سەروەت و سامانی خۆیان دەکەن.
ئەوەی ڕاستیە و پێویستە بگوترێت گەل بەرگەی گرتووە و بەرگەش دەگرێت، بەدڵنیاییەوە گەل تاوەکوو ئێستاش بێدەنگە نەک لەبەر ئەوەی هیچ شتێک نابینێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەی باوەڕیان لەدەست داوە کە دەنگیان گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا نەهێنێت. بەڵام بێدەنگی ئەم گەلە قڕکراوە، ئەنفالکراوە، تاڵانکراوە بێ سنوور نییە. لە ژێرەوەیدا توڕەیی زیاتر سەردەنێتەوە، چاوەڕێی ساتێک دەکات کە بێدەنگی هەرگیز خۆی نەخواتەوە.
Your Comment