بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە کاتێکدا کە گەلی سووریا و هەموو لایەنەکان پابەندن بە چارەسەری ئاشتییانە، چاوەڕوانی سەقامگیر بوونی دۆخەکەن لەسەر تەواوی جوگرافیای سووریا، هێشتا ئەو گرووپانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و لەژێر چەتری حکوومەتی دیمەشق کاردەکەن، بەردەوامن لە پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە چەندین ناوچەدا، لەوانە دێرەزور، دێر حافر، بەنداوی تشرین و تل تەمەر.
هەسەدە ئاماژەی بەوەش كردوە، جووڵەی گوماناوی لە دەوروبەری گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە (كوردنشن) لە شاری حەلەب هەیە، کە ئەوەش پێشێلکارییێکی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری هەردوو گەڕەکەکە و دیمەشق لە ۱ی (نیسان/۴)ـی ۲۰۲۵ واژۆ کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، گرووپە ناوبراوەکان زیاتر لە ۲۲ جار هێرشیان کردوەتە سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و چەکی قورسیان بەکارهێناوە، جگە لە هێرشی زەمینی و هەوڵی پەڕینەوە لە ڕووباری فورات بۆ هێرشکردنە سەر بنکەکانی هێزەکانمان لە دێرەزور، کە لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا زیاتر لە ۱۱ هاوڵاتیی مەدەنی برینداربوون و زیانێکی زۆریش بەر ناوچە مەدەنی نشینەکان کەوتووە.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو دەستدرێژیانە لەگەڵ ڕۆحی ئەو ڕێککەوتنەدا نایەنەوە کە لە نێوان "ئەحمەد شەرع" و فەرماندەی گشتیی هێزەکانمان "مەزڵووم عەبدی" ئەنجام دراوە، بەتایبەتی کە جەوهەری ئەم ڕێککەوتنە لەسەر بنەمای ئاگربەستی تەواو و پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و بەهێزکردنی دەرفەتەکانی چارەسەری سیاسی دامەزراوە.
هەسەدە باسی لەوەش كردوە، لە ماوەی ڕابردوودا پابەندی دانبەخۆداگرتن بوون و سووربوون لەسەر پاراستنی ئارامی سەرەڕای دەستدرێژییەکان، لەبەرئەوەی باوەڕیان وایە سەقامگیریی سووریا پێویستی بە هاوبەشییێکی ڕاستەقینە و بەرپرسیارێتیی هاوبەشی هەموو لایەنەکان هەیە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەشڵێت: "بەردەوامبوونی ئەم دەستدرێژییانە هەڕەشە لە متمانەی نێوانیان دەکات و لێکتێگەیشتنەکان دەخاتە ژێر مەترسییەوە، هەروەها باوەڕی جەنگ زیندوو دەکاتەوە لە کاتێکدا کە سووریا پێویستییەکی زۆری بە گفتوگۆ هەیە، کە حکوومەتی دیمەشق بەرپرسیارێتیی تەواوی هەڵدەگرێت".
باسی لەوەشكرد، لەسەر ئەم بنەمایە داوا لە حکومەتی دیمەشق و گروپە چەکدارەکانی سەر بەو لایەنە، هەروەها گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا دەکەن، کە دەستبەجێ هەمو پێشێلکارییەکان ڕابگرن و پابەندی خاڵەکانی ڕێککەوتنەکە بن.
هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەین کە چاودێریی ئەم پێشێلکارییانە بکەن و کار بۆ مسۆگەرکردنی ڕێزگرتن لە ڕێککەوتنە واژۆکراوەکان بکەن.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەسەدە دەستی گفتوگۆ و هاوکاری درێژ دەکات بۆ سووریایێکی ئارام و سەقامگیر، بەڵام لە هەمان کاتدا ئامادەین هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرینەبەر بۆ بەرگری کردن لە ماف و ئاسایشی گەلەکەمان.
Your Comment