بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی، لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە ساڵیادی داگیرکردنی شنگال و جینۆسایدکردنی خوشک و برایانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، بە ڕێزەوە یادی شەهیدانی ئەو کۆمەڵکوژییەی تیرۆریستانی داعش دەکەینەوە کە زام و برینێکی قووڵ و ساڕێژ نەبووە لە مێژوی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی بە گشتی.
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد: "لە یادی ئەم کارەساتەدا، پێویستە بەڕێزەوە یادی گیانفیدایی و قوربانیدانەکانی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بکەینەوە کە بە سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، شنگال و دەوروبەریان ئازاد کرد، هەروەها سوپاسی هەڵوێستی جوامێرانەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و پارێزگەی دهۆک و دەڤەری بادینان بەتایبەتی دەکەین لە بەهاناوەچون و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، حکوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە هەوڵ و کارکردنی بۆ ئازادکردن و گەڕاندنەوەی هەمو ئەو ڕفێندراوانەی کە تا ئێستا ئازاد نەکراون و دۆزینەوە و دیاریکردنی چارەنوسی بێسەروشوێنکراوان. هەروەها درێژەدان بە پاڵپشتیی داراییی ڕزگاربوان و هاوکاریکردن و یارمەتیدانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان ئەوانەی بەهۆی ئاسایینەبونەوەی دۆخی شنگال و دەوروبەری، هێشتا هەر لە کەمپەکاندا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕینەوە ناوچەکانیان.
بارزانی ئەوەشی خستەڕوو، لەم یادە خەمگینەدا، دوپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ئەرک و بەرپرسیاریەتیی خۆی جێبەجێ بکات و خوشک و برا ئێزدییەکانمان قەرەبو بکاتەوە و یارمەتی ئاوارەکان بدات و زەمینە خۆش بکات بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.
مەسروور بازرانی دەشڵێت: "لە ڕێگەی جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچونی هێزە چەکدار و ملیشیاکان لە دەڤەرەکە، ئاشتی و ئاسایش بۆ ناوچەکە بگەڕێندرێتەوە. کە بە داخەوە بەهۆی جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و بەهۆی ئەو دۆخە نەخوازراوەی لە دوای ئازادکردنیەوە بەسەر شنگالدا سەپێنراوە، نەتوانراوە ئاوەدان بکرێتەوە و خزمەتگوزاریی پێویست پێشکەشی خەڵکی ئەو دەڤەرە بکرێت".
Your Comment