دوای ۱۱ ساڵ لە کۆمەڵکوژیی شنگال؛ زۆرینەی کوردانی ئێزدی ئێستاش لە ئاوارەییدا دەژین

ئەمڕۆ ۱۱ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لە شنگال و دەوروبەری تێدەپەڕێت. بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە ۲۵۰۰ کوردی ئێزدی بێسەروشوێنن و دەیان هەزاریشیان کۆچبەر و ئاوارەن.

تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش: "زۆرینەی کوردانی ئێزدی ئێستاش لە ئاوارەییدا دەژین و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی پێشوویان".

بەگوێرەی ئامارەکە، "تاوەکو ئەمڕۆ ۳۲۵ هەزار و ۱۹۷ کوردی ئێزدی لە کەمپەکان یان ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستاندان. هەروەها ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن ۱۳۵ هەزار و ۸۶۰ کەسن".

ئامارەکانی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش فەرمین و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باوەڕپێکراون.

لەدوای نەمانی دەسەڵاتی داعشەوە تاوەکو ئەمڕۆ، ۹۳ گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرانەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی تاکەکەسی.

لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە ۰۳ـی ئابی ۲۰۱۴، شەش هەزار و ۴۱۷ کوردی ئێزدی ڕفێندران، سێ هەزار و ۵۴۸ نێر و دوو هەزار و ۸۶۹ مێ.

لە ئاماری نووسینگەی ڕزگارکردنی ڕفێندراوانی دەستی داعش هاتووە: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون ۳ هەزار و ۵۹۰ کەسن؛ هەزار و ۲۱۱ ژن و ۳۳۹ پیاو؛ هەزار و ۷۶ کچی منداڵ و ۹۶۴ کوڕی منداڵ".

بەگوێرەی ئاماری ئەو نووسینگەیە، تاوەکو ئەمڕۆ "تەرمی ۲۷۴ شەهید دۆزرانەوەتەوە کە لەکاتی هێرشی داعشدا ڕفێندرابوون؛ ۲۳۷ نێر و ۳۷ مێ".

ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، تاوەکوو ئەمڕۆ دوو هەزار و ۵۵۳ کەس لە کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنن، کە هەزار و ۳۲۹ نێر و هەزار و ۲۲۴ مێن.

جگە لە جینۆسایدی کوردانی ئێزدی، چەکدارانی داعش ۶۸ مەزار و شوێنی پیرۆزی کوردانی ئێزدییان تەقاندەوە.

لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە ۳ی ئابی ساڵی ۲۰۱۴، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و ۶ هەزار و ۴۱۷ کەسیشی رفاند.

۱۰۹۰ رفێندراو دوای رزگاربوونیان، کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی بووە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بوو لە ساڵی ۲۰۱۵، نێردرانە ئەو وڵاتە بۆ چارەسەر.

لەدوای ئەو ێککەوتنەشەوە، ژمارەیەکی دیکە لە رزگارکراوان لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە چوونەتە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا و ئوسترالیا.

بەگوێرەی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، "ئەوانەی بۆ چارەسەری دەروونی دەچنە وڵاتانی دەرەوە، بۆ گەڕانەوە یان مانەوەیان لەو وڵاتە ئازادن، بیانەوێت دەگەڕێنەوە و نەیانەوێت دەمێننەوە."

لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال، ۱۱ هەزار و ۴۱۷ کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.

News ID 225854

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha