بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە ڕۆژەکانی ۱٤تا ۱٦ تەمووزی ۲٠۲٥ لە کاتی هێرشە درۆنییەکانی گرووپە نەناسراوەکان بۆسەر ٥ کێڵگەی نەوتی لە هەرێمی کوردستان، ژێرخانەکانی وزەی ناوچەکە بە چڕی زیانی بینی.
هێرشەکان لە میانی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان هەر دوو حکوومەتی بەغدا و هەولێر لەسەر کونتڕۆڵ و دابەش کردنی داهاتە نەوتییەکان ڕوویدا. ناکۆکییەکە بووەتە هۆی ڕاوەستانی خەرج کردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە مانگی ئایارەوە.
به وتەی سارا سەنبار توێژەری کاروباری عێراق لە ڕوانگەی مافی مرۆڤ، زیانگەیاندن بە ژێرخانە نەوتییەکان مەترسیێکی جددی لەسەر دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان بۆ خەڵک درووست کردووە. لە لایەکی دیکەوە هەزاران مامۆستا، پزیشک، پەرستار بە هۆی ڕاگرتنی مووچە ناتوانن خەرجی ڕۆژانەیان بدەن ژیانیان به هۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە بە بارمتە گیراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی (عەرەبی جەدید) هێرشەکان نزیکەی ۲۲٠ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوتی هەرێمی کوردستانیان ڕاگرتووە و بەرهەمهێنانی گشتیی نەوت لەم ناوچەدا تا ۷٠٪ دابەزیوە.
تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیاریەتی هێرشەکانی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام عەزیز ئەحمەد جێگری سەرۆکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، میلیشیاکانی سەر بە حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابین کردنی مووچە و مسۆگەر کردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان پێویستی بە داهاتی نەوتی و بوودجەی حکوومەتی فدڕاڵە. لە ساڵی ۲۰۱۴وە تا ئێستا چەندین جار پشکی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی فیدراڵ بە مەبەستی دروست کردنی گوشاری سیاسی یان دوا کەوتووە یا بە تەواوێتی بڕاوە.
لەگەڵ ئەمەشدا لە ۱۷ تەمووز بەغدا و هەولێر بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و خەرج کردنی مووچەکان ڕێککەوتن و وەزارەتی دارایی هەرێم جەختی کردەوە مووچەی مانگی ئایار خەرج دەکرێت، بەڵام مووچەکانی مانگی حوزەیران و تەمووز هێشتا هەڵپەسێردراوە.
ڕوانگەی مافی مرۆڤ هۆشداری دەدات کە دواخستنی یەک لە دوای یەکی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کاریگەریی بەرچاوی لەسەر کواڵیتی خزمەتگوزارییە پەروەردەیی و پزیشکی لە هەرێم هەبووە. بە پێی ڕاپۆرتی (کەرکووک ناو) حکوومەتی هەرێم لە دەیەی ڕابردوودا تەنیا ۱٦ مانگ مووچەی ماموستایانی خەرج کردووە و تەنیا ٤٤ مانگ لە مووچەکان بە ناتەواوی خەرج کراون.
ئەمەش چەندین جار بووتەی هۆی مانگرتنی بەرفراوان، لەوانەش لە کۆتایی ساڵی ۲٠۲۳ نزیکەی ٦٠ هەزار مامۆستا بۆ ماوەی ٦مانگ مانیان گرت و ۷٠٠ هەزار قوتابی وازیان لە خوێندن هێنا. لە بەشی تەندروستیشدا پزیشکەکان و پەرستارەکان چەندین جار بەهۆی خەرج نەکردنی مووچە مانیان گرت و خزمەتگوزاریی دەرمانی تەنیا بۆ حاڵەتە فریاگوزاریەکان سنووردار کرا. زۆرێک لە پزیشکەکان لە ژێر فشاری داراییدا ڕوویان لە پزیشکی تایبەت کردووە، هەنگاوێک کە کواڵیتی و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە تەندروستییە گشتییەکانی بۆ گرووپە کەم داهاتەکان کەم کردووەتەوە.
هەر بە وتەی ڕوانگەی مافی مرۆڤ، هێرشە درۆنییەکانی ئەمدواییە ژێرخانەکانی وزەی کارەبایشی کردووەتە ئامانج. دەستڕاگەیشتن بە کارەبا لە هەرێمی کوردستان ناجێگیرە و بەپێی ڕاگەیێندراوەکانی «عەمید سەعید» سەرۆکی ناوەندی کونتڕۆڵی کارەبای هەرێم له زستاندا تەنها ۶ کاژێر و لە هاوینیشدا ۱۲تا ۱٤ کاژێر لە ڕۆژدا کارەبای ڕەئیسی لە بەردەستە.
کێڵگەی غازی کورمور کە سەرچاوەی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمە لە ساڵی ۲٠۲۳ تا ئێستا لانیکەم ۹جار کراوەتە ئامانج، دوایین جار لە شۆباتی ۲٠۲٥ ڕوویدا. لە هێرشی نیسانی ۲٠۲٤ بۆ سەر ئەم کێڵگە ٤ کەس گیانیان لەدەستدا و بەرهەمهێنان بۆ ماوەی یەک هەفتە ڕاگیرا.
سەرەڕای بەڵێنی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بەڵام تا ئێستا ئەنجامی هیچکام لەو لێکۆڵینەوەیانە بڵاو نەکراوەتەوە و کەسیش وەک بەرپرسی هێرشەکان دەستنیشان نەکراوە.
وەزارەتی سەرچاوە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان هێرشەکانی بە کردەوەی ترۆریستی وەسف کردووە کە ئامانجی تێکدانی ژێرخانە ئابوورییەکان و مەترسی خستنە سەر ژیانی فەرمانبەران بووە.سوودانی لە ۱٥ تەمووزدا فەرمانی دەستپێکردنی لێکۆڵینەوە فەرمییەکان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەمدواییە دەرکرد.
ڕوانگەی مافی مرۆڤ جەختی کردەوە کە هەر دوو حکوومەتی فدڕاڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارن لە پاراستنی ژێرخانی گرنگ و مافی هاوڵاتیان، حکوومەت دەبێت بەپەلە مووچەی فەرمانبەران خەرج کات و دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان مسۆگەر بکەن.
بەردەوام بوونی دواکەوتنی چارەسەریی ئەم ناکۆکیانە کاریگەری ڕاستەوخۆ و وێرانکەری لە سەر ژیانی کرێکارانی کەرتی گشتی و ئەو کەسانە هەبووە کە پشت بە خزمەتگوزارییەکان دەبەستن.
بە گوێرەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی مافی ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری کە عێراقیش واژۆ کردووە، ئەرکی سەر شانی حکوومەتە کە ژیانێکی ستاندارد بۆ هاووڵاتییان تەزمین بکات لەوان لەبەردەست بوونی سیستەمی پەروەردە، تەندروستی و پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا.
سەنبار لە کۆتایی وتی: پێویستە بەغدا و هەولێر دەست لە به بارمتەگرتنی مووچەی فەرمانبەران و بەکارهێنانی مافەکانیان وەک ئامرازێک لە یارییه سیاسیەکان لە سەر نەوت هەڵبگرن.
Your Comment