ئەنقەر دەنگۆی کۆبوونەوەی نێوان ئەردۆغان و عەبدی ڕەت دەکاتەوە

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەو بانگەشانەی سەبارەت بە ڕێککەوتنی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی دوو قۆڵی ڕەتکردەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بورهانتین دوران، سەرۆکی بەشی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  بەرنامە و کارنامەی سیاسی ئەردۆغان هیچ کۆبوونەوەیەک لەگەڵ مەزڵووم عەبدی لەخۆناگرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوەیەکی لەو شێوەیە لە ئێستادا لەگەڵ ستراتیژییە ئەمنییەکانی تورکیادا ناگونجێن و "بانگەشەی کۆبوونەوەکە بە تەواوی دوورە لە ڕاستییەوە" و هەڵوێستی ئەنقەرە لەو بارەیەوە ڕوون و ئاشکرایە.

پێشتر بەشێک لە میدیاکان بڵاویانکردەوە کە بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF)، سەردانی تورکیا بکات و لە کۆشکی سەرۆکایەتی ئەو وڵاتە لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازی لێ بکرێت و ڕەنگە سەردانی ئیمڕاڵیش بکات بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە.

لایخۆیەوە ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ۶ـی ئەم مانگە لە وتارێکدا بۆ کۆنفراسی ئاشتی لە ئیستەنبووڵ ڕایگەیاند: "دەمانەوێت پرۆسەی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا هەبێت، گفتوگۆیەک کە وەک کورد لە سووریا لێی تێبگەین. دەمانەوێت سنوورەکانی نێوانمان بکرێنەوە، هەروەها کەناڵی پەیوەندیدارمان هەیە".

News ID 226589

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha