بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە ۱۴ـی تەممووزی ۲۰۲۵، کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکرات و بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام کۆتایی هات و ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دا هاتووە: هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕ بکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابین کردنی مووچە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بەهەماهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە پەیوەست بوو بە زیاتر پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن.
هەروەها پارتی و یەکێتی جەخت لە یەکهەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق دەکەنەوە بۆ ئەوەی هاوکار و پشتیوان بن لە چارەی کێشەکان.
شاندی پارتی لە هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی، مەسروور بارزانی، فازڵ میرانی، سیداد بارزانی، هۆشیار زێباری و مەحموود محەممەد پێکهاتبوون.
هەروەها شاندی یەکێتییش لە بافڵ تاڵەبانی، قوباد تاڵەبانی، ڕەفعەت عەبدوڵڵا، دەرباز کۆسرەت ڕەسول و نزار ئامێدی پێکهاتبوون.
دەقی ڕاگەیێندراوە هاوبەشەکە:
ڕاگەیندراوی کۆبوونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان
ئەمڕۆ ۱۴ی تەممووزی ۲۰۲۵ بەڕێز سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و شاندی یاوەری کرد و کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەنجامدرا، سەبارەت بە رووداو و پێشهاتەکان و کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەتی شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوە و لێکدانەوەی هەموو رەهەندەکان لە رووی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی،هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێتەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و تەواوی ئەو هەنگاوانەی پێویستن لە چوارچێوەی دەستووردا بە ئاراستەی چارەسەرکردن بە هاوئاهەنگی هەردوولا بهاوێژرێن.
بە شێکی دیکەی کۆبوونەوە تەرخانبوو بۆ زیاتر پتەوکردنەوەی پەیوەندی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ئاستەنگ و ئاڵەنگارییەکان تێپەڕێنن و پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەین.
لێرەدا کۆبوونەوە جەختی لەسەر یەکخستنی هەڵوێستی هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و عێراق کردەوە کە هاوکار و پشتیوان بن لە چارەسەری ئەم کێشەیە.
Your Comment