بەپێی هەواڵی کوردپرێس،وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاندووە: نووسینگەی کۆنتڕۆڵ کردنی سەروەت و سامانی دەرەکی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا مۆڵەتی گشتی ژمارە (۲۵)ی بۆ سووریا دەرکردووە، کە یارمەتییێکی دەستبەجێی لەو سزایانە دەدات کە بەسەر وڵاتەکەدا سەپێنراون، ئەوەش هاوتەریب لەگەڵ ڕاگەیاندنی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵپەساردنی سەرجەم سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.
لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە: "مۆڵەتی گشتی ژمارە ۲۵ ڕێگە بەو مامەڵە قەدەغەکراوانە دەدات کە بەپێی ڕێساکانی ئەمریکا، سزا بەسەر سووریادا سەپێنراون، بە شێوەیقکی کاریگەر سزاکانی سەپێنراو هەڵدەگرێت، مۆڵەتهكه دەرفەتی نوێ بۆ وەبەرهێنان و چالاکییەکانی کەرتی تایبەت دەکاتەوە".
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بەپێی یاسای پاراستنی مەدەنیی قەیسەر، سووریا له سزاكان دهبهخشێت، ئەوەش وادەکات هاوبەشە دەرەکیەکانمان و هاوپەیمانان و ناوچەکەمان بتوانن تواناکانی سووریا بەرز بکەنەوە".
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دهشڵێت: "ئەوە تەنها بەشێکە لە هەوڵێکی فراوانتری حکوومەتی ئەمریکا بۆ هەڵگرتنی تەواوی چوارچێوەی سزاکان کە بەهۆی پێشێلکارییەکانی ڕژێمی بەشار ئەسەد بەسەر سووریادا سەپێنراوە".
لەمبارەوە سکۆت بێسانت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، وتی: "وەک سەرۆک ترهمپ بەڵێنی دابوو، وەزارەتەکانی گەنجینەی ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوە ئەرکەکان جێبەجێ دەکەن بۆ هاندانی وەبەرهێنانی نوێ لە سووریا، پێویستە سووریا بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکی سەقامگیر و ئارام و هیوادارین ئەم کارانە ڕێگە خۆش بکەن بۆ ئایندەیەکی گەش و خۆشگوزەران و سەقامگیر".
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئهوهشی خستهڕوو: "ئەو بڕیارنامەیە هەنگاوێکی یەکەمی گەورەیە بۆ جێبەجێ کردنی ڕاگەیاندنی سەرۆک ترهمپ لە ۱۳ی ئهم مانگهدا بۆ لابردنی سزاکانی سەر سووریا، بڕیارنامەی ۲۵ ئاسانکاری دەکات بۆ چالاکی لە هەموو سێکتەرەکانی ئابووری سووریا، بەبێ ئەوەی هیچ پشتیوانییێک بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان، ئەنجامدەرانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، یان ڕژێمی پێشووی ئەسەد پێشکەش بکات".
ئەو ڕێگەپێدانە، بەپێی بەیاننامەیێکی گەنجینەی ئەمریکا، ئامانجی "یارمەتیدان لە بنیاتنانەوەی ئابووری، کەرتی دارایی و ژێرخانی سووریا، هاوتەریب لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا"یه.
بەیاننامەکە ڕوونی كردوهتهوه، بۆ بەدیهێنانی ئەوە پێویستە وەبەرهێنانی نوێ بۆ سووریا ڕابکێشرێت و پاڵپشتی حکوومەتی نوێی سووریا بکرێت، بەوپێیە بڕیارنامەی ژمارە ۲۵ ڕێگە بەو مامەڵانە دەدات کە بەپێی سزا ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر سووریا قەدەغە كرابوو، لەوانەش وەبەرهێنانی نوێ لە سووریا و دابین کردنی خزمەتگوزاری دارایی و خزمەتگوزاری دیکە بۆ سووریا و مامەڵەی پەیوەست بە نەوتی سووریا یان بەرهەمە نەوتییەکانی سووریا.
هەروەها بڕیارنامەکە "دەسەڵات بە هەموو مامەڵەیەک لەگەڵ حکوومەتی نوێی سووریا و لەگەڵ هەندێک کەسی قەدەغەکراودا دەدات کە لە هاوپێچی بڕیارنامەکەدا دیاریکراون".
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: "بەگوێرەی ڕێسا گشتییەکان، تۆڕی جێبەجێ کردنی تاوانە داراییەکان لێخۆشبوونێکی ناوازە دابین دەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە دامەزراوە داراییەکانی ئەمریکا بدات کە هەژماری پەیوەندیدار بۆ بانکی بازرگانی سووریا بپارێزن".
ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی جێبەجێ کردنی بڕیارێکدا دێت کە ترەمپ هەفتەی ڕابردوو لە میانی گەشتەکەیدا بۆ وڵاتانی کەنداو ڕایگەیاندبوو.
ترەمپ لە سعودیەوە وتی: "من فەرمان دەدەم سزاکانی سەر سووریا هەڵبگیرێت بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان پێ بدەین، سزاکان توند بوون، بەڵام ئێستا کاتی ئەوان هاتووە سووریا بدرەوشێتەوە".
Your Comment