هیچ نیازێک نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەى سزاکانی ئەمریکا بەسەر سووریادا

جەیمس جێفری ڕایگەیاند: ئیدارەی ترەمپ هەموو هەوڵێکدەدات بۆ جێبەجێ کردنی بڕیاری هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر سووریا و هیچ نیازێک نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەی سزاکان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، جەیمس جێفری نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەى بەوەش کردووە، سووریا پشتیوانییێکی فراوانی نێودەوڵەتیی هەیە لەلایەن ئەمریکا، تورکیا، وڵاتانی عەرەبی و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە، بۆ ئەوەی ببێتە وڵاتێکى یەکگرتوو و سەقامگیر و ئاوەدان.

بەگوتەى نوێنەری پێشووی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، ترەمپ بەگرنگییەوە لە سووریا دەڕوانێت وەک فاکتەری سەرەکی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە.

دەشڵێت، هیچ نیازێک نییە بۆ دووبارە سەپاندنەوەى سزا بەسەر سووریادا و خۆشحاڵیى خۆشى لە شێوازی مامەڵەکردنى ئەحمەد شەرع، لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان دەربڕى.

پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، فەرمانێکی جێبەجێکاریی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا واژۆکرد و پابەندیی خۆی بە پشتیوانی لە سووریایێکی سەقامگیر و یەکگرتوو دووپات کردەوە، بەجۆرێک بتوانێت بە ئاشتی لە ناوخۆ و لەگەڵ دراوسێکانیدا بژی.

فەرمانەکە هەڵگرتنی زۆرینەى سزاکانی سەر سووریا دەگرێتەوە، جگە لە هێشتنەوەی سزاکانی سەر بەشار ئەسەد و هاوکارەکانی، پێشێلکارانی مافی مرۆڤ، بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، کەسانی پەیوەندیدار بە چالاکییەکانی چەکی کیمیایی، داعش و لقەکانی.

لە کاردانەوەی هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەیدا، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا رایگەیاند، هەڵگرتنی سزاکان بەربەستی بەردەم بووژانەوەی ئابووری لادەبات، یارمەتیدەرە دەبێت بۆ کرانەوەیان بەڕووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا و دەرگا بەڕووی پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی وڵاتەکەدا دەکاتەوە.

News Code 225687

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha